Ahmet Karaahmet,Eşref Musa,Mehmet Burak Karacaoğlu,Ömer Koparan,Zeynep Katre Oran
07 کانوونی یەکەم 2024•نوێکردنەوە: 08 کانوونی یەکەم 2024
سوەیدا - AA
ناوەندی پارێزگای سوەیدا لە باشووری سووریا کەوتە دەست هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن.
بە پێی ئەو زانیارییەی لە سەرچاوە ناوخۆییەکانی سووریاوە دەست کەوتووە، ناوەندی پارێزگای سوەیدا لە باشووری سووریا کە زۆربەی دانیشتوانی دورزین، کەوتە دەست هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی نیشتەجێی شارەکە.
ڕۆژی ڕابردوو لە دیدارێکیان لەگەڵ هێزەکانی ڕژێم، گرووپەکانی ئۆپۆزسیۆنی ڕژێمی ئەسەد لە سوەیدا داوایان لە هێزەکانی ڕژێم کردبوو کە لە ناوچەکەیان پاشەکشە بکەن و ٢٤ کاتژمێریان مۆڵەت پێ دابوون.
- پێشھاتەکانی سووریا
لە ٢٧ی تشرینی دووەمدا، شەڕ و پێکدادان لە نێوان ھێزەکانی ڕژێمی ئەسەد و گرووپەکانی دژبەری ڕژێم لە گوندەواری ڕۆژئاوای پارێزگای حەلەب لە باکووری سووریا دەستیپێکردەوە.
گرووپەکانی دژبەری ڕژێم لە ٢٨ی تشرینی دووەمدا لە گوندەواری ڕۆژئاوای حەلەبەوە بە خێرایی بەرەو ناوەندی شارەکە پێشڕەویان کرد و، لە ٣٠ی تشرینی دووەمدا دەستیان بەسەر بەشێکی زۆری ناوەندی پارێزگاکەدا گرت.
گرووپەکان لە ھەمان ڕۆژدا (٣٠ی تشرینی دووەم) دەستیان بەسەر شارۆچکەی خان شەیخوندا گرت و، کۆنتڕۆڵی تەواوی پارێزگای ئیدلب-یان کرد و لە ٥ی کانوونی یەکەمدا پارێزگای حەمایان لە ھێزەکانی ڕژێم سەند.
هاوکات ئەو گرووپە چەکدارانە دەستیان بەسەر چەند گوند و ناوچەیەک لە پارێزگای حومس داگرت کە بە ناوچەیەکی ستراتیژی بۆ گەیشتن بە دیمەشق دادەنرێت.
هەروەها پارێزگای دەرعاش لە نزیک سنووری ئوردن لە ٦ی کانوونی یەکەم لە دوای پێکدادانی نێوان گرووپەکانی دژبەری و چەکدارانی ڕژێمی سووریا، کەوتە دەست هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن.
ئەو پێشهاتانە لە کاتێکدا بوو کە هاوکات سوپای نیشتمانیی سووریاش، لە ١ی کانوونی یەکەمەوە لە گوندەواری پارێزگای حەلەب، ئۆپەراسیۆنی بەرەبەیانی ئازادی دژ بە ڕێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە/یەپەگە-ی دەستپێکرد و، شارۆچکەی تەلڕەفعەتی لە تیرۆر داماڵی.