قاھیرە
لە میسر سزای ١٨ مانگ زیندانیکردن بۆ ٣٨ کەس دەرچوو بەتۆمەتی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکانی دژی کودەتاکەی ئەو وڵاتە، کە ژمارەیەک خوێندکاریشیان تێدایە.
بە گوێرەی ھەواڵێک کە لە سەرچاوەکانی دادگا وەرگیراوە، ٣٨ کەس کە ١٣یان خوێندکاری زانکۆی ئەزھەرن، بەتۆمەتی ئەنجامدانی خۆپیشاندانی نایاسایی و رووبەڕووبوونەوەی ھێزەکانی ئاسایش، سزای ١٨ مانگ زیندانییان بۆ دەرکرا. ھەروەھا راگەیانرا دوو کەسیش بەھۆی ئەوەی تەمەنیان لە ١٨ ساڵ کەمتر بوو رەوانەی دادگای منداڵان کران.
ئەو خوێندکارانەی سزای زیندانیان بۆ دەرچوە، لە کاتی خۆپیشاندانەکان دژ بەکودەتاکەی مانگی تەمموز، لە بەردەم زانکۆی ئەزھەر دەستگیر کرابوون و درانە دادگا. زانکۆی ئەزھەر کە مانگی رابردوو دەستی بە خوێندنی ساڵی نوێی کرد، ھەموو دەم دەبێتە گۆڕەپانی خۆپیشاندانەکان. لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا کۆمەڵێ خوێندکار دەستگیر کرابوون لە ١٢ی تشرینی یەکەمدا و ١٢ لەوانە سزای ١٧ ساڵ بەندکردنیان بەسەردا سەپێنرا.
لە زانکۆی ئەزھەر لە خۆپیشاندانێکدا دژ بە کودەتاکەی ئەو وڵاتە خوێندکارێک لەلایەن ھێزە ئاسایشپارێزەکانەوە کوژرا و ٣٢٠ خوێندکاریش بریندار بوون.