قاھیرە
سەرکۆماری میسرعەدلی مەنسور، پێشوازیی لە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جۆن کیری کردو دیدارو وتوێژیانکرد.
سەرکۆماری میسر لەو دیدارەدا گوتی: "نابێ پەیوەندیی نێوان میسرو ئەمریکا تەنیا لەخزمەت بەرژەوەندیی ئەمریکادا بێ."
گوتەبێژی سەرۆکی میسر رایگەیاند: مەنسور جەختیکردووەتەوە کە نابێ پەیوەندیی نێوان ھەردوو وڵات تەنیا لەخزمەت بەرژەوەندیی ئەمریکادا بێ، بەڵکو پێویستە بەرژەوەندییەکان ھاوبەش بن. چونکە ئەوە بنەمای پەیوەندیی راستەقینەی دوولایەنەیە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جۆن کیری کە بۆ تاوتوێکردنی ئەو پرسیارانەی لەسەر پەیوەندییان لەگەڵ میسر ھاتووەتە ئاراوە گوتی: "لاوازیی پەیوەندیی ئەمریکاو میسر وای لە سەرۆک ئۆباما کرد ئەو ئەرکەم پێ بسپێرێ. بەرژەوەندیی ئەمریکا لەوەدایە کە لەداھاتووێکی نزیکدا میسرێکی بەھێز پێکبھێنرێ."