قاھیرە
بەڕێوەبەری ئاسایشی قاھیرە ئوسامە سەغیر، رایگەیاند: "بە تۆمەتی کوشتنی خۆپیشاندەران لە بەردەم کۆشکی کۆماریی، ئەمڕۆ دوو شەممە ٣ی تشرینی دووەم، محەمەد مورسی و ژمارەیەکی دیکە لە تۆمەتباران گوازرانەتەوە بۆ ئاکادیمیای پۆلیس لە رۆژھەڵاتی شاری قاھیرە."
سەغیر گوتی: "مورسی بە کۆپتەر و تۆمەتبارانی دیکە بە ئۆتۆمبێل بۆ ئاکادیمیای پۆلیس گوازرانەوە و بۆ پێشگرتن لە ھەر جۆرە رووداوێک بە تایبەتی رفاندنی تۆمەتباران، لە کاتی تێپەڕبوونی کاروانی گواستنەوەدا ھاتوچۆ لە زۆربەی شوێنەکانی قاھیرە قەدەغە کرا."
دوای گەیشتنی تۆمەتباران، رێگا بە رۆژنامەنووس و پارێزەرانیش درا بچنە نێو ھۆڵی دادگاوە و ھێزە ئاسایشپارێزەکان بەتوندی چاودێری ناوچەکەیان دەکرد.
محەمەد مورسی:ـ
- مورسی ٨ی ئابی ١٩٥١ لە گوندی ئەلداڤا لەپارێزگای شەرقیە-باکووری میسر لە دایکبووە، ساڵی ١٩٧٥ دا کۆلێژی ئەندازیاریی لە قاھیرە تەواو کردووە.
- مورسی پێنجەمین سەرکۆماری میسرە لەدوای رووخانی دەسەڵاتی پادشایی لەو وڵاتە لەساڵی ١٩٥٣، ھەروەھا یەکەمین سەرکۆماری میسرە بە ھەڵبژاردن چووبێتە سەر حوکم ٣٠/٤/٢٠١١.
- رۆژی ٣ی تەمموزی٢٠١٣ بە کودەتایەکی سەربازیی لە پۆستی سەرکۆماری لابرا.
-لە رووی ئایدۆلۆژییەوە مورسی سەر بە کۆمەڵی ئیخوانی موسلیمینە، ساڵی ٢٠٠٠ تا ٢٠٠٥ ئەندامی پەرلەمانی میسر بووە، ئەو کاتەی لە رووی یاساییەوە ئیخوان موسلیمین قەدەغە بوو، مورسی وەکو پەرلەمانتارێکی سەربەخۆی ھەڵبژێردرا.
- پشتگیریی لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠١١ی وڵاتەکەی دەکرد لە دژی دەسەڵاتی حوسنی موبارەک. ٣٠ی نیسانی ٢٠١١ مورسی بوو بە سەرۆکی پارتی عەدالەت و ئازادی کە لە لایەن کۆمەڵی ئیخوان موسلیمینەوە دامەزرابوو.
وەک تاقە پاڵێوراوی کۆمەڵی ئیخوان موسلیمین بەشداریی لە ھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١١ کرد. لە یەکەم خولی ھەڵبژاردن ٢٥.٥% ی دەنگەکانی بەدەستھێنا و لەخولی دووەمدا ٥١.٧٣%ی دەنگەکانی بەدەستھێنا.
- بەھۆی خۆپیشاندان و ناڕازیی بوون لەدەسەڵاتی مورسی، رۆژی ٣ی تەمموزی ٢٠١٣ لەدەسەڵات دوور خرایەوە.
- دادگای میسر بەتۆمەتی کوشتنی خەڵک لەبەردەم کۆشکی کۆماریی، دادگایی دەکات.