قاھیرە
دانیشتنی دادگایی محەمەد مورسی سەرکۆماری لەسەر کار لابراوی میسرو ١٤ تۆمەتباری دیکە بۆ ٨ی کانوونی دووەمی ٢٠١٤ دواخرا.
رۆژی ٣ی تەمموزی٢٠١٢ دوای کودەتا سەربازییەکەی سوپا، مورسی تارۆژی دادگاییەکەی لەشوێنێکی نادیار دەستبەسەر کرابوو، سەرلەبەیانی رۆژی دوو شەممە ٤ی تشرینی دووەم، لەرێی کۆپتەرەوە بۆ دادگاییکردن برایە بەردەم کۆشکی کۆماریی بەتۆمەتی " کوشتنی خۆپیشاندەران" لەگەڵ ١٤ تۆمەتباری دیکە کە لە نێویاندا کاربەدەستانی کۆمەڵی ئیخوان موسلیمینی تێدابوو.
دوای گەیشتنی مورسی و تۆمەتبارانی بۆ ھۆڵی دادگا، سەرۆکی دادگا داوای لە مورسی کرد جلی رەسمی زیندانی لەبەر بکات کە جلێکی سپی تایبەتە بە زیندانیان، بەڵام مورسی بە بەرزکردنەوەی سیمبوڵی چوار پەنجە وەڵامی دادگای دایەوەو گوتی: "من سەرۆکی شەرعی میسرم."
مورسی "دادوەر ھەستە سەرپێ"
مورسی داوای لەدادوەر کرد کاتێ لەگەڵ من ئەوە قسە دەکات ھەستێە سەرپێ، بە باوەڕ بەخۆبوونەوە گوتی: "چونکە من ھێشتا سەرۆکی شەرعی گەلی میسرم و دەبێ ئازاد بکرێم، من د.محەمەد مورسی بەھۆی کودەتای سەربازیی بۆ سەر وڵاتەکەم لێرەم و دەستبەسەر کراوم."
مورسی ھەستایە سەرپێ و سەرزەنشتی دادوەری کردو گوتی: "براکەتان پێداگریی دەکات."
مورسی لەھۆڵی دادگایی کردنەکەدا بانگەوازی بۆ گەلی میسر کرد: "سڵاوم بگەیەنن بەگەلی ئازادیخوازیی میسر، پێان بڵێن براکەتان مورسی بەردەوام دەبێ لەسەر پێداگریەکەی و دەستبەرداری سکاڵاکەی نابێ."
لەگەڵ بەردوام بونی قسەکردن دادوەر داوای لەمورسی کرد بێدەنگبێ تا ئەوکاتەی مۆڵەتی قسەکردنی پێدەدرێ لەلایەن دادوەر، بەڵێنیشی بەمورسیدا لەکاتێکی گونجاودا دوای گوتەکانی تۆمەتبارانی دیکە، مۆڵەتی قسەکردنی پێدەدرێ.
"دڵ تەنگ مەبە، ئەسما لە بەھەشتە"
مورسی بۆ یەکەمجار لەگەڵ ھاورێکانی دوای دەستگیرکردنی لەھۆڵی دادگایکردنەکەدا چاوی بە ١٤ تۆمەتبارەکەی دیکە کەوت کە لەنێوانیاندا محەمەد بیلتاجی باوکی ئەسمای تێدابوو، ئەسما لە گۆرەپانی "رابیعە عەدەوی" لەئەنجامی بەرکەوتنی گوللەیەکی سوپای میسر گیانی لەدەستدا، مورسی بۆ باوکی ئەسما کردو گوتی: "دڵتەنگ مەبە براکەم ئەسما لەبەھەشتە". دوای ئەم گوتانەی مورسی بۆ چەند ساتێ بێدەنگی و ماتەمینی باڵی بەسەر ھۆڵی دادگاییەکەدا کێشا."
جلی تۆمەتباری نەپۆشی
بەھۆی گوتنەوەی دروشم لەلایەن ئامادەبووانی دادگاییەکە و لەبەرنەکردنی جلی زیندانی- بەرگی سپی، دادوەر ناوبڕی بە دانیشتنەکەدا. پاشان مورسی و ھاورێکانی لەقەفەزی دادگاییەکەدا نوێژی نیوەڕۆیان کردو مورسی پێشنوێژی بۆ جەماعەتکرد.
دوای ناوبڕەکە دانیشتنەکە دەستیپێکردەوە، بەڵام دیسانەوە مورسی بەجلی مەدەنییەوە درێژەی بە دادگاییەکەدا.
دوای بەرزکردنەوەی سیمبولی "رابیعە" وگوتنەوەی دروشم لەلایەن مورسی و ھاورێکانییەوە، کەسوکاری قوربانیانی ھێرشەکەی بەردەم "کۆشکی ئیتیحادیە" داوای سزای لەسێدارەدانیان لەدادگا کرد بۆ مورسی.
ئەحمەد سەبری سەرۆکی دادگا دانیشتنەکەی دواخست بۆ ٨ی کانونی دووەمی ٢٠١٤.
دوای کودەتا سەربازیەکەی میسر مورسی لەشوێنێکی نھێنی دەست بەسەر کرابوو، دوای دادگایی کردنەکەی ئاشکرابوو مورسی دەبرێ بۆ گرتوخانەی "تۆرا".
دواتر دەگوازرێتەوە بۆ گرتوخانەی "بورس ئەلعەرەب " لە پارێزگای ئەسکەندەریە.
تەلەڤزیۆنی ڕەسمی میسر ھەندێک وێنەی مورسی بڵاو کردەوە، وێنەی مورسی لەکاتی چونە نێو ھۆڵی دادگاییەکە بەجلی مەدەنیەوە بڵاو کرایەوە لەگەڵ تۆمەتبارانی دیکە، کە ئەوان جلی سپی زیندانیان لەبەر کردبوو.