Azat Muhammet
13 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 15 شوبات 2017
دهۆک-AA
قایمقامى ئاکرێ، مازن محەمەد رایگەیاند "ئەگەر حکوومەتى هەرێمى کوردستان کێشەى بوودجە و قەیرانى داراییشى نەمێنێت، ناتوانین پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بگەینە ئەو گوندانەى سنوورى قەزای ئاکرێ کە پەکەکەى تێدا باڵا دەستە، چونکە ئێمە دەمانەوێت خزمەتى ئەو گوندانە بکەین کە خەڵکى تێدایە، نەک پەکەکە".
قایمقامى ئاکرێ، مازن محەمەد لە چاوپێکەوتنێکى لەگەڵ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "لە سنوورى شارەدێى دینارتە ٢٠ بۆ ٢٣ گوند هەن کە پەکەکە بنکە و بارەگاکانى لێ جێگیر کردووە و دیارە کە بەهۆى پەکەکەوە خەڵکەکە ناوچەکەیان جێهێشتووە، بوونى پەکەکە لەو گوندانە تەواوى سنوورەکەى خستووەتە بەردەم ئەگەرى بۆردومانى فڕۆکە جەنگییەکان، چونکە پەکەکە گرووپێکى چەکدارە و دژى تورکیا شەڕ دەکات و خۆیشى خزاندووەتە هەرێمى کوردستان. دانیشتووانى ئەو گوندانە ناچارن خۆیان بپارێزن تاوەکو نەبنە سووتەمەنی شەڕى پەکەکە لە ناوچەکە".
گوتیشى: "خەڵکانێک هەن دەگەڕێنەوە بۆ گوندەکانیان، بەڵام گەڕانەوەیان بۆ گوندەکانى خۆیان بەشێوەیەکى کاتییە. ئەگەر بەیانى بچێنە سەر ماڵ و حاڵى خۆیان یان سەردانى رەز و باغەکانیان بکەن ئەوا بۆ ئێوارە پەکەکە گەڕانەوە و دەرکردنى بەزۆریان بەسەردا دەسەپێنێت".
قایمقامى ئاکرێ، مازن محەمەد لەبارەى چارەسەرکردنى دۆخەکە دەڵێت "چارەسەرکردنى کێشەى بوونى پەکەکە لە دەست ئیدارەى قەزای ئاکرێدا نییە، بەڵکو لە دەسەڵاتى سەرکردایەتى سیاسى هەرێمى کوردستانە، چونکە کێشەى بوونى پەکەکە تەنها لە سنوورى قەزای ئاکرێ نییە، ئەم کێشەیە لە زۆرینەى شارو شارۆچکەکانى هەرێمى کوردستان هەیە، پشکى شێر بەر پارێزگاى دهۆک کەوتووە بەتایبەت سنوورى شارۆچکەى ئامێدى، ئاکرێ و دەڤەرەکانى بەروارى باڵا. ئاگاداریش نین کە هیچ هەنگاوێکى کردەیی نرابێت بۆ چارەسەرکردنى کێشەى بوونى پەکەکە، ئەوەیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پەکەکە خۆى نایەوێت کێشەکە چارەسەر بێت".
ئاماژەى بەوەشدا کە ژمارەیەکى زۆر لە ئاوارەى شنگال لە کەمپى ئاکرێ-دا تا ئێستا لەبەر بوونى داعش و چەکدارانى پەکەکە نەگەڕاونەتەوە سەر زێدى خۆیان، نەبوونى خزمەتگوزارى وەک ئاو و کارەبا و نەبوونى قوتابخانە و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بووەتە بەربەست لە بەردەم گەڕانەوەى ئاوارەکانى شنگال، بەڵام بوونى هەڕەشەى چەکدارانى پەکەکە و تیرۆریستانى داعش لە سنوورى شارۆچکەى شنگال هۆکارى سەرەکین لە بەردەم نەگەڕانەوەى ئاوارەکانى شنگال".
- "بەهۆى کارا نەبوونى پەرلەمانى هەرێم، ئاکرێ نەکراوەتە پارێزگا".
لە بەشێکى دیکەى چاوپێکەوتنەکەدا، قایمقامى ئاکرێ باس لە بەپارێزگابوونى ئاکرێ دەکات و دەڵێت "ئەوەى راستى بێت هاووڵاتییانی ئاکرێ داوا دەکەن شارۆچکەکەیان بکرێتە پارێزگا، مافێکى رەواى خۆیانیشە چونکە هەموو بنەماکانى بەپارێزگابوونى هەیە، بیست ساڵ پێش ئێستا بڕیارى بەپارێزگاکردنى ئاکرێ لە پەرلەمانى هەرێمى کوردستان دەرچووە، بەڵام تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە. بەگوێرەى دەستوورى عێراق بێت بەپارێزگاکردنى هەر قەزایەک پێویستى بەڕەزامەندى حکوومەتى عێراق و ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق هەیە، نزیکترین نموونەشمان پارێزگاى هەڵەبجەیە کە بەم رێکارانەدا تێپەڕیووە تا بووەتە پارێزگا. بەڵام تا ئێستا گەنگەشەیەکى ئەوتۆ لەگەڵ حکوومەتى عێراق نەکراوە لەسەر بەپارێزگاکردنى قەزاکەمان".
قایمقامى ئاکرێ، مازن محەمەد نایشارێتەوە کە کارا نەبوونى پەرلەمانى هەرێمى کوردستان بووەتە یەکێک لەو هۆکارانەى کە تا ئێستا بڕیارى بەپارێزگابوونى ئاکرێ جێبەجێ نەکراوە، چونکە ماوەى زیاتر لە ساڵێک دەبێت پەرلەمانى هەرێم بەکردەیی هیچ کارێکى لەسەر پڕۆژەى بەپارێزگاکردنى ئاکرێ و تەواوى پڕۆژەکانى دیکەیش نەکردووە. هیوادارین پەرلەمانى هەرێمى کوردستان کارا بکرێتەوە و تاوەکو بتوانین لە رێگەى پەرلەمانتارەکانمان جارێکى دیکە ئەو پڕۆژەیە بخەینەوە بەرباس. بەڕێگەى یاسایی ئەو مافە بۆ هاووڵاتییانمان بەدەستبهێنین، چونکە بنەماى یاسایی وایە دەبێت پەرلەمانى هەرێم بڕیارەکە دەربکات و ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێم و سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان واژووى لەسەر بکەن و حکوومەت و ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراقیش پەسەندی بکەن".
سەبارەت بەئامادەکارییەکان بۆ گەڕانەوەى ئاوارەکانى مووسڵ بۆسەر زێدى خۆیان ناوبراو گوتى: "لە ئاکرێ دوو کەمپ هەن یەکێکیان نزیکەى ٤٠٠ خێزان تێدا دەژین و کەمپێکى دیکەى ئاوارەکان لە شارەدێى گردەسێن هەیە نزیکەى ٣ هەزار خێوەتى تێدایە و زیاتر لە ٢ هەزار ٣٠٠ خێزانی تێدایە و زیاتر لە ٣ هەزار خێزانى ئاوارە و پەنابەر لە دەرەوەى کەمپەکان دەژین لە سنوورى شارۆچکەى ئاکرێ. لە ئێستادا رێگامان بەو ئاوارانە داوە کە ناوچەکانیان بەتەواوەتى کۆنتڕۆڵکراوەتەوە و کارئاسانیشمان کردووە بۆ ئەوەى بگەڕێنەوە و هەندێکیش بەشێوەیەکى کاتى دەگەڕێنەوە".
ئاماژەى بەوەدا کە نەبوونى خزمەتگوزارییەکانى ئاو، کارەبا، قۆتابخانە و رێگاوبان لە ناوچە کۆنتڕۆڵکراوەکانى شارى مووسڵ و تەواوى ئەو ناوچەى لە چنگ داعش رزگارکراون هۆکارى سەرەکى نەگەڕانەوەى ئاوارەکانە، چونکە خەڵک دەیەوێت ئەو کاتە بگەڕێتەوە سەر ماڵ و حاڵى خۆى کە ناوچەکە تەواو سەقامگیر بێت. دۆخى مووسڵ بەم قۆناغە نەگەیشتووە تا ئێستا چونکە ئێستاشى لەگەڵدا بەشى چەپى مووسڵ دەکرێتە ئامانجى تەقینەوەکانى داعش و بۆردومانەکانیان. ئومێد دەکەین لە زوودا پارێزگاى نەینەوا بەتەواوەتى کۆنتڕۆڵ بکرێتەوە بۆ ئەو خەڵکەى لە سنوورى ئاکرێ و تەواوى ناوچەکانى دیکە بڕیارى یەکلاییکەرەوە بدەن کە دەگەڕێنەوە سەر زێدى خۆیان یانیش درێژە بەژیانیان دەدەن لە ئاکرێ و سنوورەکە بەگشتى".
باسى لەوە کرد کە رێگە بەهیچ کەسێک نادەن دەست بەبازرگانى بکاتەوە لەنێوان ئاکرێ و مووسڵ تا دۆخى ئەمنى مووسڵ سەد لە سەد یەکلایی نەبێتەوە و گوتیشى: "دواى ئەوەى خزمەتگوزارییەکان بۆ هاووڵاتییانى شارى مووسڵ دابین کرا، چەندین رێکخراوەى مرۆیی نێودەوڵەتى ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ ئەوەى هاوکاربن لە گەڕانەوەى ئاوارەکان بۆسەر ماڵ و حاڵى خۆیان".
لە کۆتاییدا قایمقامى ئاکرێ، مازن محەمەد گوتی: "پەنابەرانى سووریا کە لە کەمپێکى ئاکرێ نیشتەجێکراون لەبەر دۆخى شڵەژاوى سووریا نەگەڕاونەتەوە، ئەگەر گوزەران لە سووریا ئاسایی بێتەوە ئەوا پەنابەرانیش دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و مۆڵکى خۆیان".