سلێمانی
وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق دەرباز محەمەد لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە دواین ئاماری ژمارەی پەنابەرانی عێراق و ڕەوشی پەنابەران و پلانی وەزارەتەكەی بۆ ساڵی 2015 دەكات.
بەگوێرەی دواین ئاماری وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران كە لە زاری وەزیرەكەیەوە ڕاگەیاندرا لە سەرەتای ساڵی 2014 تا ڕۆژی 4ی ئەم مانگە ژمارەی ئەو كەسانەی بەهۆی هێرش و پەلامارەكانی چەكدارانی داعشەوە لە ناوخۆی عێراقدا ئاوارە بوون، گەیشتۆتە دوو ملیۆن و 624 هەزار كەس.
لەو ژمارەیە یەك ملیۆن و 350 هەزار كەسیان ڕوویان لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان كردووە، 15 لە سەدای ئەو ئاوارانەش لە شاری كەركووك و خانەقین نیشتەجێ بوون.
لەناو پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانیشدا پارێزگای دهۆك زۆرترین لۆدی لەسەرە كە 120 هەزار خێزان (زیاتر لە 600 هەزار كەس) ڕوویان لەو پارێزگایە كردووە، دواتر پارێزگای هەولێر 100 هەزار خێزان و پارێزگای سلێمانی 41 هەزار خێزانە.
دەرباز محەمەد لە بارەی دۆخی ئاوارەكانەوە گوتی: "دۆخی ئاوارەكان بە پێی ناوچەكان دەگۆڕێت، لەهەندێك ناوچەدا دۆخەكە خراپە، ئەوەش بەهۆی ڕوودانی ئاوارە بوونی كتوپڕ و بەردەوامی پرۆسەی سەربازی لە ناوچەكەدا، بەتایبەت لە پارێزگاكانی ئەنبار و سەڵاحەدین ، بۆ ئەو ناوچانەش بە پێی ئەو بوودجەیەی لەبەردەستماندایە بەهاوكاری پارێزگارەكان توانیومانە خێوەت و پێداویستییە خێراكانیان بۆ دابین بكەین".
لە هەندێك ناوچەش ئاوارەكان جێگیر بوون، بەڵام كێشەی سەرەكی ئێمە ئەوەیە نەتوانراوە خزمەتگوزاری سەرەتایی وەك پێویست بۆ ئەو كەمپانە دابین بكرێت، ئەوەش بەهۆی ئەوەی پێشتر حساب بۆ مانەوەیەكی كاتی ئاوارەكان كراوە، بەم هۆیەوە بارگرانی لەسەر حكوومەتی عێراق دروست كردووە".
وەزیری كۆچبەرانی عێراق ئاماژەی دا: "كە تا ئێستا پرۆسەی كۆچكردنی هاووڵاتیانی شارەكانی ناوەڕاستی عێراق بەردەوامی هەیە و ئەوەش كێشەی وەزارەتەكەی زیاتر كردووە".
لە بەرامبەر ئەوەی كە پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆسەر ماڵ و حاڵی خۆیان زۆر خاو هەنگاوی ناوە دەرباز محەمەد لەو بارەیەوە گوتی: "پرۆسەكە زۆر خاوە، تائێستا كەمترین ناوچە ئازاد كراوە و مەترسییەكان تێیاندا بەردەوامی هەیە و پرۆسە سەربازییەكانیش بەردەوامن، هەروەها ئەو ناوچانەی خزمەتگوزارییان تێدا نەماوە و هاووڵاتیانیش دڵنیا نین، لەوەی جارێكی تر ئاوارە نەبنەوە".
لە پڕۆژە یاسای بودجەی 2015ی عێراقدا دوو ترلیۆن و 400 ملیار دینار كە دەكاتە (دوو ملیار دۆلار) بۆ ئاوارەكان تەرخان كراوە، بەڵام وەزارەتی كۆچی عێراق تێبینی لەسەر دەقی یاساكە و بڕی بودجەكە هەیە.وەزیری كۆچبەرانی عێراق لەو بارەیەوە گوتی: "ئەوەی لە دەقی یاساكەدا هاتووە ئەوەیە دەبێت ڕاستەوخۆ ئەو بڕە پارەیە بەسەر ئاوارەكاندا دابەش بكرێت، كە 500 هەزار خێزان دیار كراوە، كێشەكە ئەوەیە ژمارەی خێزانەكان زۆر لەوە زیاترە و دەقی یاساكەش حسابی بۆ بەڕێوەبردنی كەمپەكان و كۆچی نوێ و خزمەتگوزارییەكان نەكردووە".
چوارشەممەی ڕابردوو بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئەو بابەتە سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق كۆبوویەوە، بۆ سبەی یەكشەممەش كۆبونەوەیەكی دیكە ئەنجام دەدرێت.
بەپێی كۆتا ڕاپۆرتی بانكی نێودەوڵەتی، ئەوە خراوەتەروو كە لە ساڵی 2015دا ئاوارەكانی نێو هەرێمی كوردستان پێویستییان بە یەك ملیار و 400 ملیۆن دۆلار هەیە، بەڵام وەزیرەكەی حكوومەتی عێراقی دەڵێ یەك دۆلار بۆ ئەو كەیسە تەرخان نەكراوە.
ئەو گوتی: "ئاوارەكان بارگرانی زۆریان لەسەر هەرێمی كوردستان دروست كردووە بە تایبەت لە بوارەكانی كارەبا و بازاڕ و بێكاریدا، بۆ ئەو مەبەستەش داوامان لە حكوومەتی عێراقی كردووە، حسابی تایبەت بۆ ئاوارەكان بكات و بارگرانی لەسەر هەرێمی كوردستان كەمبكاتەوە".
وەزیری كۆچبەرانی عێراق نەیشاردەوە، كە قەیرانی دارایی ئێستای عێراق و دۆخی ئەمنی بەربەستی گەورەی لەبەردەم پلانی وەزارەتەكەی دروست كردووە و بەو هۆیەوە ناتوانن پلانەكانیان وەك خۆی جێبەجێ بكەن.جگە لە ئاوارەكانی ناوخۆی عێراق و هەرێمی كوردستان، زیاتر لە 10 هەزار ئاوارە ڕوویان لە وڵاتی ئوردون و نزیكەی 30 هەزار ئاوارەی دیكەش روویان لە توركیا كردووە.
دەرباز محەمەد لە بارەی ئەو ئاوارانەوە گوتی: "بەهۆی نەبوونی پارەی پێویست نەمان توانیوە خزمەتی ئەو ئاوارانەی دەرەوەی وڵات بكەین".
وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق هەڵوێستی وڵاتانی دراوسێ لە هاوكاری كردنی ئاوارەكان بەرز دەنرخێنێ و دەڵێ: "توركیا بەشێوەیەكی باش هاوكاری ئاوارەكانی كردووە و سێ كەمپی لە پارێزگای دهۆك كردۆتەوە، لە دواین كۆبوونەوەشمان لەگەڵ مانگی سووری توركی بڕیاری ناردنی هەزار كەرەڤان پێداون، جگە لەوەش هاوكاری پزیشكیان گەیاندۆتە ئاوارەكان".
هەروەها سعوودیە 500 ملیۆن دۆلاری بەخشیوەتە نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ هاوكاری ئاوارەكانی عێراق، ئەمریكاش 200 ملیۆن دۆلاری بۆ هەمان مەبەست بەخشیوە.
دەرباز محەمەد گوتی: "هەموو ئەو هاوكارییانە بۆ ساڵی 2014 بووە، بۆ ئەمساڵ ئەوەی نەتەوە یەكگرتووەكان پێی ڕاگەیاندوون تائێستا ئەو پارەیەی بۆ كاروباری مرۆیی ئاوارەكان تەرخان كراوە، نەگەیشتووەتە 750 ملیۆن دۆلار، لە كاتێكدا ئەوان چاوەڕوانی دوو ملیار و 200 ملیۆن دۆلار بووە".
وەزیری كۆچبەرانی عێراق ئاماژەی بەوە كرد: "كە سەرقاڵی دروستكردنی كارتی زیرەكی ئەلیكترۆنین و بۆ لەمەودوا لەو ڕێگەیەوە ئەو هاوكارییە مانگانەیە دابەش دەكەن كە پەرلەمان بۆ ئاوارەكانی تەرخان كردووە".
لە هەرێمی كوردستان جگە لەو ژمارە زۆرەی ئاوارەی شارەكانی ناوەڕاستی عێراق كە دوای هێرش و پەلامارەكانی داعش ئاوارەی هەرێم بوون، ژمارەیەكی زۆری ئاوارە هەیە، كە دوای ساڵی 2005 ئاوارەی نێو هەرێمی كوردستان بوون، هەروەها نزیكەی 250 هەزار ئاوارەی كوردی سووریا هەیە و لە كەمپەكاندا نیشتەجێ كراون.