ئاگری
هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) سەڵاحەدین دەمیرتاش لە میانی یەکەمین کۆنگرەی پارتەکەی لە شاری ئاگری گوتارێکی پێشکەش کرد و باسی لە رەوشی کورد لە تورکیا و پڕۆسەی ئاشتی و قۆناغی چارەسەریی کرد.
لەبەشێکی گوتەکانیدا دەمیرتاش رایگەیاند کە ئەوان بەشێکن لە زامنی بەدەست هێنانی ئاشتی لە تورکیا و گوتی: "خۆزگە پارتەکانی تر وەک ئێمە لە دڵەوە حەزیان بەئاشتی دەبوو و کاریان بۆ دەکرد. هەموو پارتەکان، بەتایبەت ئاکپارتی دەسەڵاتدار بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی بیر لە ئاشتی دەکاتەوە. ئاشتی بۆ ئەو کاتێک گرنگە کە دەنگی بۆ کۆبکاتەوە، بەدەر لەوە گرنگ نییە. ئەگەر دەنگدان نەبوایە هەرگیز گرنگی بە دانووستان نەدەدرا. کەس ناتوانێت وەک بەرژوەندی سەر سندوق تەماشای ئاشتی بکات، ئاشتی لە سندوقی دەنگدان بە بەهاترە".
لە بەشێکی تری گوتەکانیدا دەمیرتاش ئاماژەی بەوەدا کە هەرگیز ئازادی و مافی مرۆڤ ناکرێتە بابەتێک بۆ مامەڵە پێوەکردن و گوتی "نە لە سیاسەت و نە لە بیرۆکراسی دا هیچ کاتێک مامەڵەمان بە پرسی ئازادیەوە نەکردووە، ئێستا لە قۆناغی هەڵبژاردندا، ئەگەر خواست هەیە بۆ بەرەوپێش بردنی قۆناغی چارەسەری، ئەوا با ئاکپارتی ئەوەی لەسەر شانێتی ئەنجامی بدات".
دەمیرتاش رەخنەی لە پڕۆژە یاسای نوێی ئەمنی گرت کە لە لایەن ئاکپارتی یەوە پێشکەش بە پەرلەمان کراوە و رایگەیاند "قۆناغی ئاشتی چ پەیوەندییەکی بەو پڕۆژە یاسایەوە هەیە؟ چۆن دەتوانیت بڵێیت ئاوەڵا کردنی دەستی پۆلیس و کارمەندی ئاسایش پەیوەندی بە قۆناغی ئاشتییەوە هەیە".
دەمیرتاش ئاماژەی بەوەدا کە ئەوەی پێویستە لە پەرلەمان قسە و باسی لەسەر بکرێت، یاسای ئەمنی نییە، بەڵکو پڕۆژە یاسای بەرفراوان کردنی ئازادییەکانە و گوتی "جارێکی تر بانگەواز بۆ حکوومەت دەکەین، پێویستە پڕۆژە یاسای ئەمنی کە دواخراوە بە تەواوی بیکشێننەوە. ئەمە زۆر مەترسیدارە، ئێمە تا دواسات خەبات دەکەین لەدژی ئەو یاسایە".
لەدوای گوتەکانی، دەمیرتاش رووبەڕووی پرسیاری رۆژنامەنووسێک بووە دەربارەی هەڵبژاردنی رۆژی دانووستان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان لەرۆژی ١٥ ی شوباتدا کە هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی دەستگیر کردنی، دەمیرتاش گوتی: "دەبوو لەسەرەتای کانوونی دووهەمەوە ئەو دانووستانە ئەنجام بدرایە، ئەوەی ئێمە ئامانجمانە ئەوەیە لەبری هەڵخەڵەتاندنی خەڵک، هەنگاو بنێین بۆ ئاشتی هەمیشەیی. ئامانج و بانگەواز و چاوەڕوانی ئێمە بەو ئاراستەیەیە، حکوومەت بە بێ ئەوەی هەنگاوی جدی بنێت بۆ دانووستان، چۆن قۆناغەکە بەڕێوە دەبات، بۆیە دەبێت حکوومەت روونکردنەوە بدات، هیوادارم کە لەماوەیەکی کورتدا هەنگاو بنرێ، دەمانەوێت قۆناغی دانووستان دەست پێ بکات".