دیاربەكر
بە بۆنەی ساڵڤەگەری دەستگیركردنی سەرۆكی پەکەکە عەبدوڵڵا ئۆجەلان ژمارەیەك ھاووڵاتی لە شارەكانی شڕنەخ، سێرت، باتمان و دیاربەكر خۆپیشاندانیان سازكرد و داوای ئازادكردنی ئۆجەلانیان كرد. خۆپیشاندانەكە لە لایەن ھێزەكانی پۆلیس و ئاسایش سەركوت كرا.
- باتمان
ژمارەیەک لە لاوانی گەڕەكی پەترۆڵ كەنت خۆپیشاندانیان كرد و رێگەی هاتوچۆیان بە رووی ھاووڵاتیانەوە داخست دواتر ھێزەكانی ئاسایشی ئەو شارە بڵاوەیان بە خۆپیشاندران کرد. خۆپیشاندەران بە مۆلۆتۆف، یاری ئاگرینە و بەرد ھێرشیان كردە سەر ھێزەكانی ئاسایش. لە بەرامبەریشدا ھێزەكانی پۆلیس بە گازی فرمێسكڕێژ و ئاو وڵامی خۆپیشاندەرانیان دایەوە.
- سێرت
ژمارەیەك خۆپیشاندەر ھەڵیانكوتایە سەر بنكەی پۆلیسی جمھورییەت لە شاری سێرت و بە تەقەمەنی دەستكرد و مۆڵۆتۆف و یاری ئاگرینە ھێرشیان كرد سەر بنكەكە. ھێزەكانی پۆلیس بە گازی فرمێسكڕێژ و ئاو وڵامی خۆپیشاندەرانیان دایەوە و كەسێكی تەمەن 17 ساڵ دەستگیر كرا. ھاوكات ئەندامان و لایەنگرانی ھەدەپە و دەبەپە ویستیان رێپێوانێك ساز بكەن بەڵام لە لایەن پۆلیسەوە رێگریان لێكرا.
- شڕنەخ
خۆپیشاندان لە شاری جزیرێش ئەنجامدرا. خۆپیشاندەران لە شارۆچكەی جزیرێ شەقامەكانی نسێبین، ئیدیل، یافێس، شەقامی ئۆرھانیان بەرووی ھاتوچۆوە داخست و رووبەڕووی ھێزەكانی پۆلیس بوونەوە. خۆپیشاندەران بە بۆمبی دەنگو مۆلۆتۆف ھێرشیان كردە سەر ھێزەكانی ئاسایش ئەوانیش بۆ بڵاوە پێكردنیان بە گازی فرمێسكڕێژ و ئاو وڵامی خۆپیشاندەرانیان دایەوە. لە كاتی رووبەڕوو بوونەوەكاندا پۆلیسێك بریندار بوو و بەپەلە گەیەندرایە نەخۆشخانە. ھاوكات لە چەند شوێنێكی دیكەی شارۆچكەی جزیرێ ژمارەیەك ھاووڵاتی ئەو ناوچەیە ویستویانە خۆپیشاندان بكەن بەڵام ھێزەكانی پۆلیس رێگەیان پێ نەدان.
- دیاربەكر
خۆپیشاندانەكان لە شارۆچكەكانی سوڕ، یەنی شەھیر و باغلاری سەر بە شاری دیاربەكر بەردەوام بوو و رووبەڕووی رێگریی پۆلیس بوونەوە.