دیاربەكر
هاوسەرۆكی گشتی هەدەپە سەلاحەدین دەمیرتاش گوتی: "داواكارم لە گشت گەلەكەمان بە تایبەتی لاوان، بە هیچ شێوەیەك و لە هیچ شوێنێك توندوتیژی ئەنجام نەدەن."
دەمیرتاش راشیگەیاند: لە ئەنجامی ئەو رووداوانە 23 كەس گیانیان لەدەستداوە.
هەروەها دەمیرتاش روونیشیكردەوە، پێویستە هەموو كەس لە توڕەیی و كینەی ئەو كۆمەڵگایە بەرامبەر بەو رووداوانە بە باشی تێبگا، جەختیشی لەوە كردەوە كە بەرخودانی كۆبانێ پەیوەندیدارە بە گشت گەلەكانی توركیا.
هاوكات هاوسەرۆكی گشتی هەدەپە گوتیشی: "داواكارم لە گشت گەلەكەمان بە تایبەتی لاوان، بە هیچ شێوەیەك لە هیچ شوێنێك توندوتیژی ئەنجام نەدەن، هەركەسێكیش ئەنجامیدا پێویستە بوەستێنرێت، خۆپیشاندانەكانمان بۆ كۆبانێ نابێت توندوتیژی لێبكەوێتەوە."
دەمیرتاش ئاماژەی بەوەشدا، رێگە بە دوژمنایەتی كورد بە كورد نادەن و هەروەها رێگە بە كەوتنی كۆبانێش نادەن، دووپاتیشیكردەوە، ئەو پەیامە هەمان پەیامی ئۆجەلانیشە كە دوێنێ ئێوارە بە شێوەیەكی بەپەلە پێیانی راگەیاندووە، ئەوانیش بە پێی ئەو بەرپرسیاریەتیە دەجوڵێنەوە.