دیاربەكر
جێگیری سەرۆكی گشتی پارتی دۆزی ئازاد (هوداپار) حوسێن یەڵماز رایگەیاند كە پاڵپشتی پالێوراویی سەركۆمار سەلاحەدین دەمیرتاش ناكەن، روونیشی كردەوە كە دەمیرتاش پاڵێوراوی كوردەكان نیە، بەڵكو كاندیدی پارتی دیموكراتی گەلانە(هەدەپە).
یەڵماز لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی كە لە بینای سەرۆكایەتی پارتەكەی رێكخرابوو، رایگەیاند: "هەڵبژاردنی سەركۆمار بە دەنگی خەڵك پێشهاتەیەكەی ئەرێنیە، روونیشی كردەوە بە هۆی سنورداركردنی یاسا نەیانتوانیوە كاندیدی خۆیان هەڵبژێرن. "
یەڵماز جەختی لەوەش كردەوە كە: "سەركۆماری هەڵبژێردراو دەبێت دادپەروەر بێت و مافە مرۆڤایەتییە سەرەتاییەكان بپارێزێت، لەگەڵ ئەوەش داپێویستە رەچاوی هەستی ئیسلامی بكات لە كردەوەكانی."
یەڵماز گوتی: "لەبەر ئەم هۆیانە دەمانەوێ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بۆ بژاردەی دەنگدەران جێبهێڵین. ئێمە وەكوو پارتێك بە گوێرەی تایبەتمەندییەكانی ئێمە كاندیدێك نییە بۆیە ئەم پرسە جێدەهێلین بۆ بژاردەی دەنگدەر."
یەڵماز لەبارەی پاڵێوراوی سەركۆماری و هاوسەرۆكی گشتی پارتی دیموكراتی گەلان، سەلاحەدین دەمیرتاش گوتی: "دەمیرتاش كاندیدی هەدەپە یە، هەدەپە ش پارتێكی توركیایە نەك كوردەكان بەمەش دەمیرتاش كاندیدی ئەو پارتەیە نەك كوردەكان و هیچ جیاوازییەكی لەگەڵ كاندیدەكانی دیكە نیە."