دیالە
دوای چۆڵکردنی ناوچە كێشەلەسەرەكان لە لایەن سوپای عێراقەوە، شەڕ لە نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە شەڕ و پێكدادانی نێوان پێشمەرگە و چەکدارانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە (داعش) ماوەی دوو مانگە لە سنووری ئەو ناوچانە بەردەوامە.
بەرپرسی ئاسایشی گەرمیان لە ناحیەی جەلەولا موقەدەم شەماڵ عەبدولڕەحمان محەمەد بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "رۆژانە چەکدارانی داعش ھێرش دێنن، ھەروەھا لە رێگەی قەناسەکانیانەوە تەقە لە پێشمەرگە و خەڵکی سیڤیلیش دەکەن، بەڵام ئێمە سەرجەم رێو شوێنەکانمان گرتۆتە بەر و ئێستا سهدا ٦٠ تا ٧٠ی ناحیەی جەلەولا لە ژێر کۆنتڕۆڵی پێشمەرگە و ئاسایشی ھەرێمی کوردستاندایە."
موقەدەم شەماڵ ھەروەھا گوتی: "دوای شەڕ و پێکدادانێکی زۆر توانیمان کۆڵانەکانی باشووری جەلەولا کۆنتڕۆڵ بکەین کە پێشتر قەناسەکان خۆیان لێ حەشاردابوو و چەند پێشمەرگەیەکیان شەھید کرد، ئێستاش شەوانە ناوە ناوە ھێرش دەکەنە سەر ھێزەکانمان، بەڵام بەرپەرچیان دەدرێتەوە و ناتوانن بێنە پێشەوە."
سەبارەت بە ھاوکاری خەڵکی ناوچەکە بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش گوتی: "بە پشتیوانی خەڵکەکە زانیاری لەبارەی چەکداران وەردەگرین، خەڵکی ناوچەکە ھاوکاریمان دەکەن ئەوانیش خوازیاری ئەوەن ناوچەکە ئارام ببێتەوە، دووکان و بازاڕەکان بەھۆی پێکدادانەکان زیانیان بەرکەوتووە، بهڵام ئێمه بازاڕ و دووکانەکان دەپارێزین و بەرگری لە سامان و ماڵی ھاوڵاتیان دەکەین و نایەڵین زیانیان پێ بگات، لە ئێستاشدا بانکی جەلەولا لە ژێردەستی ھێزەکانماندایە و نەمانھێشتوە ھیچ زیانێکی پێ بگا، پلانی داھاتوومان ئەوەیه کە یان ئەوەتا لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە بگەینە رێکكەوتن یان بەتەواوەتی ناوچهكهیان لێ پاك بكهینهوه."
ههر له جهلهولا ھێزەکانی ئاسایش لە ھەڵمەتێکیاندا پێنچ گومانلیکراو دەستگیر کە یەکێکیان لە لایەن دەزگای ئاسایشەوە داواکرا بوو.
سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەکە بەرپرسی ھێزی ناخۆیی جەلەولا نەقیب تەھا محەمەد بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پێشتر چەندین زانیاریمان لە لایەن ھێزە مەدەنییەکان پێگەیشتوبوو لەوەی کەسێکی تیرۆریست لەناو ماڵەکانی جەلەولا خۆی شارداوه، دوای ھەڵکوتانە سەرماڵی کەسی داواکراو توانیمان دەستگیری بکەین و لەگەڵ چوار کەسی دیکە کە ئەوانیش گومانیان لێ دەکرێ و بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لەگەڵیان رەوانەی خانەقینمان کردن."
لە لایەکی دیکە لە بەرەبەیانی پێنجشەممە چەکدارانی داعش ھێرشیان كرده سەر ھێزەکانی پێشمەرگە له جهلهولا.
بەپێی ئهو زانیاریانهی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لەکاتی رووماڵکردنی رووداوهكان لە ناحیەی جەلەولا دەستی کەوتووە، دوو چەکدار کوژران و ژمارهیهكی دیكهش بریندار کران. ئۆتۆمبێلێکیشیان تێک شکێندرا و پێکدادان لە سەعات ٠١:٠٠ی بەیانی تا ٠٥:٠٠ بەیانی بەردەوام بوو.
رۆژانە خەڵکی ناحیەی جەلەولا بەھۆی ناسەقامگیریەوە بەرەو شارۆچکەکانی دەورووبەری ناحیەکە وەک کەلار، کفری خانەقین کۆچ دەکەن و دوو لە سەر سێی ناحیەکە چۆڵ کراوە.