Sarmand Hameed
19 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 20 شوبات 2017
دیالە
سەرچاوەیەکی ئەمنی رایگەیاند بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێنراو بە کاروانێکی چەکدارانی حەشدی شەعبی لە باکووری رۆژهەڵاتی پارێزگای دیالە چەکدارێکی حەشدی شەعبی کوژرا و سێی دیکە بریندار بوون.
ئەفسەر لە پۆلیسی عێراق، نەقیب حەبیب شەمەری لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێوارەی ئەمڕۆ یەک شەممە بۆمبێکی چێنراو بە کاروانێکی حەشدی شەعبی لە نزیک گوندی عالی سەربە شارەدێی میقدادییە باکووری رۆژهەڵاتی بەعقوبە(ناوەندی پارێزگای دیالە) تەقیەوە و بەهۆیەوە چەکدارێکی حەشدی شەعبی کوژرا و سێی دیکە بریندار بوون".
ئەفسەرەکە ئاماژەی بە دۆخی تەندروستی بریندارەکان نەکرد.
نەقیب حەبیب شەمەری گوتیشی: "دوای رووداوەکە هێزێکی حەشدی شەعبی گەیشتنە شوێنی تەقینەوەکە و بەمەبەستی دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی تەقینەوەکە و ئەو کەسانەی یارمەتیدەریان بوونە، هەڵمەتی گەڕان و پشکنینیان لەناوچەکە دەستی پێکرد".
لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوو هێرشی چەکدارانی داعش بۆسەر هێزە عێراقییەکان و چەکدارانی سەربە حکوومەت و هاووڵاتیان لە ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی دیالە رووی لە زیادبوون کردووە.