Yusuf Aydın Deniz
18 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 20 کانوونی دووەم 2016
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق موسەنا ئەمین لە بارەی روداوەكانی پارێزگای دیالە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی:" ئەوەی ئێستا لە ناوچەكانی پارێزگای دیالە دەگوزەرێت پاكتاوێكی نەژادییە بۆ سوننەكانی ئەو ناوچەیە، ئەوە كارێكی دوژمنكارانەیە و دیووی ئەودیووی تیرۆرەكەی داعشە ".
موسەنا ئەمین گوتی: " ئەو گرووپانە لەدەرەوەی یاسا بەسود وەرگرتن لە ناوی حەشدی شەعبی و سود وەرگرتن لە ناوی شەڕ لەگەڵ داعش و تیرۆر خۆیان تیرۆرێكی تریان بەرپا كردووە، هەندێك لەو گرووپانەی لەناو حەشدی شەعبیدان كارو بیركردنەوەو ئایدۆلۆژیایان نیشتمانی نییە و ترسناكن ".
ئاماژەی بەوەشكرد:" دوای تەواو بوونی داعش ئەو گرووپانە شتێكیان لە داعش كەمتر نییە و ئەگەر بە زوویی حكوومەتی عێراق بڕیاری چەك داماڵین و كۆنترۆڵكردن و سەركوتكردنییان نەدات دەتوانن بەڵای گەورە دروست بكەن" .
پەرلەمانتارەكەی عێراق گوتیشی: " ئەوەی ئێستا دەكرێت تاوانی جەنگ و تیرۆرە و گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو ناوچەیە بە بەرژەوەندییەكی تایفەگەری، ئەوەش مەترسیدارە بۆ هەموو پێكەوە ژیانی پێكهاتەكانی عێراق" .
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارەی عێراق لە روداوەكانی رۆژانی رابردوودا، دەیان كەس لەو ناوچانە تیرۆركراون و رفێندراون، هەروەها زیاتر لە دە مزگەوت تەقێنراونەتەوە، لەسەر بنەمای تایفەگەری ئەو كردەوانە ئەنجامدراون و كارێك كراوە سەرۆك وەزیران و سەرۆكی پەرلەمان نەیانتوانیووە بڕۆنە ئەو ناوچەیە و بەدواداچوون بكەن.
لە بارەی هەڵوێستی حكوومەت و پەرلەمانەوە موسەنا ئەمین گوتی: "هەڵوێستی حكوومەت و پەرلەمان ئیدانەكردنی ئەو كردەوانەیە، بەڵام حكوومەت هەڵوێستێكی لاوازی هەیە و توانای كۆنترۆڵكردنی ئەو گرووپانەی نییە، لە كۆبونەوەی سبەی پەرلەمانی عێراقیشدا گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتە دەكرێت".