Dlshad Saifaalddin Ahmed
08 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 09 تشرینی دووەم 2017
سلێمانی ـ AA
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، موسەننا ئەمین لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لە بارەی دواین پێشهاتەكانی نێوان بەغدا و هەرێمی كوردستان، ململانێ و ناكۆكییەكانی عەرەبستانی سعوودیە و كۆماری ئیسلامی ئێران و كاردانەوەكانی بۆ سەر عێراق قسەی كرد.
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەرەتا و لە بارەی پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و هەرێمی كوردستان، گوتی: "ئەگەر حكوومەتی عێراق بە جددی بێت كە دەیەوێت قەیران دروست نەكات لەگەڵ هەرێمی كوردستان و دەیەوێت كۆتایی بهێنێت بەم قەیرانەی كە هەیە، ئەوا بەدڵنیاییەوە دەبێت بەرەو ئەوە هەنگاو بنێت كە هێور ببێتەوە، حكوومەتی ناوەندی تا ئێستاش ئامادەی گفتوگۆ نییە و لەسەر ئەو بنەمایەش قسە دەكات كە دەبێت راپرسی هەڵبووەشێتەوە، پرسی هەڵوەشاندنەوەش لە دەسەڵاتی حكوومەتی هەرێمدا نییە و بە پێی یاسا راپرسی بە راپرسییەكی تر هەڵدەوەشێتەوە و ئەو بڕیارەی گەل دای گەل خۆی دەتوانێت هەڵیوەشێنێتەوە، بەستنەوەی گفتوگۆكانیش لە نێوان هەردوولا بەو بابەتەوە خۆ دزینەوەیە لە گفتوگۆ و هەوڵدانە بۆ بەستنەوەی ئەم پرسە بە شتێكی ئەستەمەوە".
موسەننا ئەمین گوتی: "پێویستە حكوومەتی ناوەندی ئەوە بزانێت كە حكوومەتی هەموو عێراقە و پێویستە بەرپرسیاریەتی خۆی لێرەش هەڵبگرێت وەك چۆن لە ناوچەكانی تریش هەڵی دەگرێت، دوای ئەوەش نەوتی كەركووك و ناوچەكانی تر كەوتەوە ژێر دەستی بەغدا و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ رادەستكردنەوەی نەوت بە بەغدا، هیچ بیانویەك نامێنێتەوە بۆ حكوومەتی عێراقی كە نەچێتە ژێر بەرپرسیاریەتی بوودجەی هەرێم".
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، موسەننا ئەمین هەروەها گوتی: "ئەوەی ئێستا حكوومەتی ناوەندی دەیكات هەڵەیەكی گەورەیە و پێویستە وازی لێبهێنێت و دەست بە گفتوگۆ بكات لەگەڵ حكوومەتی هەرێم بۆ كۆتاییهێنان بەم قەیرانە".
بە بڕوای موسەننا ئەمین، "سەرۆكوەزیرانی عێراق دەیەوێت گوشاری زیاتر بخاتە سەر هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی لە دۆخێكی زەبوندا مامەڵە لەگەڵ هەرێم بكات، حكوومەتی فیدراڵی لە ناخەوە باوەڕی بە فیدراڵیيەت نەبووە هیچ كاتێك و ئەوەی هەیە لە هەرێم وەك ئەمرێكی واقعی ناچاری قبووڵی كردووە، بۆیە ناڕاستەوخۆ هەمیشە هەوڵی داوە كە دەسەڵاتەكانی هەرێم كەم بكاتەوە و ئێستاش ریفراندۆمی كردووەتە پاساوێك بۆ ئەوە".
موسەننا ئەمین ئەوەشی گوت "كێشەكە ئەوە نییە حكوومەت بیەوێت یاسا جێبەجێ بكات، بەڵكو ئەوەیە دەیەوێت هەرێمی كوردستان و خەونەكانی سنووردار بكات و حكوومەتی هەرێم سەركز بكات تا بتوانێت دواتر مامەڵەی گفتوگۆی لەگەڵ بكات".
موسەننا ئەمین كە هاوکات ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە لە بارەی گۆڕانكارییەكانی ئەم دواییەی ناوچەی كەنداو و زیادبوونی ململانێیەكانی نێوان ئێران و سعوودیە و كاردانەوەكانی لەسەر عێراق و چۆنیەتی مامەڵەكردنی ئەم وڵاتە لەو نێوەندەدا و پاراستنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەردوو وڵاتی دراوسێی دوا و گوتی: "عێراق هەمیشە باجێكی گەورەی داوە لە بابەتی دووجەمسەری ئێران و سعوودیە، عێراق نەیتوانیوە ببێتە پردێك لە نێوان هەردوو وڵات، بە پێچەوانەوە بووەتە گۆڕەپانی پێكداكێشانی سعوودیە و ئێران، لەبەر ئەوەش ئێمە بەردەوام داوامان كردووە كە پێویستە عێراق ببێتە پردی دروستكردنی پەیوەندی نێوان سعوودیە و ئێران نەوەك ببێتە گۆڕەپانی شەڕ یان ببێتە لایەنگیری لایەنێك دژ بە لایەنەكەی تر".
ئەو هەروەها گوتی: "ئێستا سعوودیە بۆ خۆی لە گۆڕانكاری گەورەدایە و لە شەڕی یەمەن گلاوە و ناوچەی كەنداویش ئاڵۆزییەكی زۆری تێدایە و بەرەو شەڕ و ئاڵۆزی زیاتر دەڕوات، عێراق لەم كاتەدا پێویستە خۆی بەدوور بگرێت لە هەموو ئەم جۆرە شەڕانە و نەبێتە بەشێك لە هیچ لایەكیان و هەوڵی نێوەندگیری و ئاشتەوایی بدات، بە پێچەوانەوە ئەگەر بچێتە لای ئێران دژ بە سعوودیە كە هەوڵی ئێران بۆ ئەوەیە، یان بچێتە لای سعوودیە دژ بە ئێران كە هەوڵی ئەمریكاش بۆ ئەوەیە، ئەوكات هەردوولا زیانە بۆ عێراق و وڵاتەكە توانای ئەوەی نییە ببێتە بەشێك لەو ئاڵۆزییە هەرێمایەتییە لە كاتێكدا بۆ خۆی بە هۆی شەڕی داعش و تیرۆرەوە بەشێكی وڵاتەكە داڕووخاوە و ئاڵۆزی ناوخۆیی زۆری هەیە".