Dlshad Saifaalddin Ahmed
08 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 09 تشرینی دووەم 2017
سلێمانی ـ AA
ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هۆشیار عەبدوڵڵا لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لە بارەی هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق و مەترسییەكان، هۆشداری دانی بەشێك لە لایەنەكان لە بەشداریكردنی حەشدی شەعبی وەك كیانێكی سیاسی لەو هەڵبژاردنانە دوا.
هۆشیار عەبدوڵڵا سەرەتا و لە بارەی لێدوانەكانی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و بەشێك لە بەرپرسانی تر لە بارەی ئەگەری بەشداریكردنی حەشدی شەعبی لە هەڵبژاردنەكان گوتی: "لە سەرەتاوە حەشدی شەعبی بۆ ئامانجێكی دیاریكراو دروستكرا كە كۆتایهێنان و دژایەتیكردنی داعش یان كۆتایی پێ هێنانی تیرۆر بوو لە عێراقدا بە فتوای مەرجەعی باڵای شیعەكان لە عێراق (سیستانی)، لە گەرمەی كاری خۆیاندا فشارێك دروستكرا بۆ ئەوەی كە یاسایەك بۆ ئەم هێزە لە پەرلەمانی عێراق دابنرێت، بۆ ئەوەی بكرێت بە هێزێك كە چوارچێوەیەكی یاسایی وەربگرێت، بەتایبەت ئەو كاتەی حەشد لە زیادبووندا بوو و جۆرێك لە فەلەتانی ئەمنی دروست بوو، ئەوەش دەستی بەسەردا نەدەگیرا و هێزە شیعیەكانیش پێیان وابوو یاسایەك دەتوانێت ئەم فەسیلانەی هێز بخاتە چوارچێوەیەكی یاسایی ئەوتۆ كە بتوانرێت لە لایەن عەبادی و حكوومەتەوە كۆنترۆڵ بكرێت".
هۆشیار عەبدوڵڵا هەروەها گوتی: "ئەم یاسایە كە هاتە پەرلەمان یاسایەكی كرچ و كاڵ بوو، بەڵام بەداخەوە ئامانجی خۆی نەپێكا كە بریتی بوو لەوەی ئەم هێزانە بخاتە چوارچێوەیەكی دامەزراوەیی ئەوتۆ كە بكەوێتە ژێر كۆنترۆڵی ئەنجوومەنی وەزیران و خودی حەیدەر عەبادی وەك فەرماندەی باڵای هێزە چەكدارەكان".
ئەندامەكەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هەروەها دەڵێت "بەدیدی ئێمە تا ئەم ساتە فەسیلەكانی حەشدی شەعبی كەمترین پابەندییان بە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانەوە هەیە كە عەبادی-یە، كۆنترۆڵی عەبادیش بۆ هێزەكانی حەشدی شەعبی رێژەیەكی زۆر زۆر كەمە لە نێوان 5 تا 10 لەسەدە، ئەوانەی تر لەم هێزانەی حەشدی شەعبی لەژێر كۆنترۆڵی حكوومەتدا نین، بەو پێیەش ئەم یاسایە كە كەموكوڕی زۆری تیادا بوو نەیتوانی ئامانجەكەی خۆی بپێكێت و ئەم هێزانە كۆنترۆڵ بكات لە لایەن عەبادی-یەوە، ئەوەش كاتێك دەركەوت ئێستا كە گفتوگۆیەكی زۆر لەنێو ماڵی شیعە خۆی بەتایبەتی حزبی دەعوە و بە دیاریكراویش لە نێوان نوری مالكی و حەیدەر عەبادی هەیە بۆ قسەكردن لەسەر بەشداریكردنی حەشدی شەعبی لە هەڵبژاردن یان نا".
هۆشیار عەبدوڵڵا كە سەر بە فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕانە و سەرۆكی پێشووی فراكسیۆنەكەیە لە پەرلەمانی عێراق لەسەر ئەو پرسە زیاتر قسەی كرد و گوتی: "پێویستە پێناسی دەوڵەتی عێراق پێناسێكی مەدەنی بێت، دەبێت هێزە چەكدارەكانی عێراق دوور بن لە ململانێی سیاسی و هەڵبژاردن، هەروەها دەبێت لە پڕۆسەی سیاسی عێراقی ئەمانە رۆڵی وەستان لە یەك ئاست ببینن لە نێوان سەرجەم هێزەكان، ئێمە پێمان وایە بەشداریكردنی ئەم فەسیلە چەكدارانە و حەشدی شەعبی لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوو كاریگەری دەبێت لەسەر گۆڕینی پێناسی دەوڵەتی عێراق لە پێناسێكی مەدەنییەوە بۆ پێناسێكی نا مەدەنی".
هۆشیار عەبدوڵڵا هەروەها گوتی: "ئەو هێزە سیاسیانەی كە هێزی چەكداریان هەیە و بەشداری لە هەڵبژاردنەكان دەكەن، ئەوە وای كردووە بە بەردەوامی هەڵبژاردنە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق، هەڵبژاردنی پاك و بێگەرد نەبن و هەڵبژاردنێكی ئەوتۆ نەبن كە لە رووی یاسایی و پاك و بێگەردییەوە حسابی ئەوتۆیان بۆ بكرێت".
ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هۆشیار عەبدوڵڵا پێشنیاز دەكات، حەشدی شەعبی لە دوای تەواوبوونی ئەو ئەركەی كە بۆی دامەزرا بخرێتە چوارچێوەی دامەزراوەی سەربازی عێراقی بەو مەرجەی هاوسەنگی هێز لە نێوان پێكهاتە جیا جیاكانی تری وڵاتەكە بپارێزێت.
لە بەشێكی تری لێدوانەكەیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لە بارەی هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق و ئەگەری دواخستنی ئەو هەڵبژاردنانە، هۆشیار عەبدوڵڵا لە وەڵامدا گوتی: "ئەو پێدراوانەی باس لە دواخستنی هەڵبژاردن دەكەن چەند هۆكارێكن، بەشێكیان پەیوەندییان بە ئاوارەكانەوە هەیە و لەماوەی رابردوو بەشێك لە هێزە سوننییەكان داوای دواخستنی هەڵبژاردنیان كردووە، ئێستا جۆرێك لە پاشگەزبوونەوە لە لایەن ئەو هێزانەوە هەیە بەوەی ئەوانیش رەزامەندن لەوەی كە بە هەندێك رێكاری فەنی چارەسەری دەنگدەرەكانیان بكرێت لەو ناوچانەی ئاوارەن تیایدا.
بە پێی زانیارییەكانی ئێمە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لە نەتەوەیەكگرتووەكان و ئەمریكا و وڵاتانی تر كە رۆڵیان هەیە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، تێكڕایان لەسەر ئەوە كۆكن كە پێویستە هەڵبژاردنەكان لە وادەی خۆیاندا بەڕێوە بچن، ئەوە سیاسەتی ئاشكرای ئەوانە، بەڵام ئەگەر لە سیاسەتی نهێنیان هەبێت لای ئێمە ئاشكرا نییە".
ئەو پەرلەمانتارە باس لە چەند مەترسییەك دەكات لەسەر هەڵبژاردنەكان و دەڵێت "مەترسی گەورە لەسەر هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق هەیە، یەك لەو مەترسیانەی کە هەیە ئەگەر شەرعیەتی شەڕی داعش و شەرعیەتی چەكداری و شەرعیەتی میلیشیایی، و ئەگەر شەرعیەتی چەك لە عێراق بۆ هەڵبژاردنەكان بمێنێتەوە و هێزە چەكدارەكان لە رێگەی ئەو فەسیلە چەكدارییانەی هەیانە بتوانن رۆڵ و كاریگەری خۆیان یەكلایی بكەنەوە و شەڕی داعش و تێكشكاندنیان بەكاربهێنن وەك وەرەقەیەكی سیاسی لە هەڵبژاردنەكان، ئەوا پێم وایە جوگرافیای داهاتووی هەڵبژاردنەكان و ناوخۆی پەرلەمانی عێراق گۆڕانكاری بەسەردا دێت و بەشێكی زۆری ئەو هێزانە دەست بەسەر كورسییەكانی پەرلەمان دەگرن".
پەرلەمانتارەكەی عێراق داوا دەكات "پێویستە هەڵبژاردن لە پێناوی راستكردنەوەی پڕۆسەی سیاسیدا بێت، یەك لەو مەترسیانەی كە هەیە ئەوەیە كە ئایا لە داهاتووی نزیكی ئەم دەوڵەتی عێراقەدا، پێناسی عێراق بەرەو كوێ دەڕوات، ئەگەر پێناسی عێراق بەرەو پێناسێكی تائیفی بڕوات وەك ئەوەی لە سەردەمی سەدام حسێن روویدا، ئەوا هیچ جۆرە سەقامگیرییەك لە عێراقدا روونادات، ئەوەی وا دەكات وەك كورد بتوانین ئومێدی مانەوەمان لە عێراق و ژیانمان لەناو ئەم وڵاتەدا هەبێت بریتییە لە پێناسێكی مەدەنی، بریتییە لەوەی ئایا عێراق وەك پێناسێكی مەدەنی دەمێنێتەوە یان دەڕوات بەرەو پێناسێكی تائیفی حزبی میلیشیایی، ئەگەر بەو ئاراستەیەدا بڕوات ئەوكات هیچ جۆرە سەقامگیرییەك لە عێراق نامێنێت بۆ كورد و سوننە و پێكهاتەكانی تر و ناوخۆی شیعەش، لەكاتێكدا ئێستا شیعەكان لەناو خۆیاندا زۆر ناكۆكن و چەند گرووپێكیان جەخت لەسەر مانەوەی حەشدی شەعبی دەكەن و چەند گرووپێكیشیان داوای حەلكردنی ئەم هێزە دەكەن لەناو سوپای عێراقیدا ".
پەرلەمانتارەكەی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق ئەوەشی گوت "عێراق رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر هەنگاو دەنێت بەرەو تائیفی بوون، ئەوەش مەترسییەكی ئێجگار گەورەیە و پێناسی عێراق وەختە دەڕوات بەرەو پێناسێكی تائیفی و حزبی و بنەماڵەیی، هەربۆیەش عێراق وەك مۆدێل لە دوای 2003 و 2004 ەوە بە مۆدێلی دەوڵەتێكی فاشیل ناسراوە، عێراق ئێستا دەوڵەتێكی فاشیلە، لەبەر ئەوەی پێناسەكەی پێناسێكی مەدەنی نییە و بنەمای هاووڵاتیبوون نییە ، بەڵكو پێناسێكی حزبی و تائیفیی و بنەماڵەییە و تاكی عێراقی ئێستا هەست بە پێناسێكی مەدەنی و مافەكانی خۆی وەك هاووڵاتی ناكات".