Sinan Özmüş
18 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 20 کانوونی دووەم 2016
ئەنتاڵیا
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو گوتی: "نامەوێت لەگەڵ دراوسێیەکی وەک داعش یاخود رێکخراوێکی تیرۆریستی دیکە ژیان بەسەر بەرین. تا کۆتاییش بەردەوام دەبین لە بەرەنگاربوونەوەی داعش".
چاوشئۆغڵو لە کۆبوونەوەیەکی لە ئۆتۆلێکی شارۆچکەی ئەڵانیا لە شاری ئەنتاڵیا گوتەیەکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە دا کە ھەوڵێکی زۆریان بۆ دەستپێکردنی چارەسەری سیاسی لە سووریا خستووەتەگەڕ و گوتیشی: "لە کۆتایی ئەم مانگەدا ئەگەر رژێم شاندی دانوستان دیاری بکات ئەوە دانوستانەکان دەست پێدەکات. نامانەوێت دوا بخرێت. رژێمی سووریا ھەمیشە ھەوڵی رێگریکردن لەو قۆناغە دەدات. رەنگە چەند وڵاتێکیش پشتگیری ئەمە بکەن، بەڵام تاکە چارەسەر لە سووریا چارەسەری سیاسی و راگوزەری سیاسییە. بۆیە پێویستە ئەمە قبووڵ بکرێت".
وەزیری دەرەوەی تورکیا روونیشی کردەوە کە بێجگە لە بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوانی تیرۆریستی لە دەروبەری وڵات، تورکیا لە ناوەوەش بەرەنگاری تیرۆر دەبێتەوە و بە پێویستی زانی ئۆپەراسیۆنەکان بەردەوام بێت.
چاوشئۆغڵو لە درێژەدا گوتیشی: "بەو ھۆیەوە پێویستە بە تەواوی تیرۆر لە تورکیا خاوێن بکەینەوە. یان تیرۆر دەستبەرداری چەک دەبێت، یاخود ئێمە بە تەواوی خاوێنی دەکەینەوە. بژاردەیەکی دێکە لە ئارادا نییە. تاوەکو ئەمڕۆ لەوبارەیەوە ھەنگاومان ھاوێشت و ئەنجامەکانیشمان بینی. سەرباز و پۆلیسە قارەمانەکانمان بێ ئەوەی زیان بە سڤیل و برا کوردەکانمان بگەیەنن، شارەکان لە رێکخراوە تیرۆریستییەکان خاوێن دەکەنەوە. تاکو کۆتایش درێژەی دەبێت. لە نزیکماندا داعش ھەیە و ناتوانین بڵێن "داعش بە ئێمە چی". ئەگەر لە شوێنێک رێکخراوی تیرۆریستی ھەبێت و لەناوی نەبن و بەرەنگارییان نەبنەوە و بەشداری بەرەنگاربوونەوەکان لە دژی نەکەن ئەوە ریکخراوی تیرۆریستی بۆ لای ئێوە دێت. نامەوێت لەگەڵ دراوسێیەکی وەک داعش یاخود رێکخراوێکی تیرۆریستی دیکە ژیان بەسەر بەرین. تا کۆتاییش بەردەوام دەبین لە بەرەنگاربوونەوەی داعش".