Dlshad Saifaalddin Ahmed
12 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 13 تشرینی یەکەم 2017
سلێمانی ـ AA
پەرلەمانتارێكی كورد لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، لە بەغدا ژینگەیەكی ناتەندروست دروست بووە و گونجاو نییە بۆ كاركردنی ئەوان و ئەنجامدانی كارەكانیان، ئەو دەڵێت "سەرۆكوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی بۆ خۆی ئامانجێكی ئەو هەوڵانەیە و بەشێكی دەوڵەتی یاسا كار لەسەر لاوازكردن و شكستپێهێنان و لەسەركارلادانی دەكەن".
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەران، موسەننا ئەمین باس لە دۆخی پەرلەمانتارانی كورد لە بەغدا دوای ریفراندۆم و كێشەكانی عێراق و هۆكارەكان، هەروەها داواكاری بەشێك لە سوننەكان بۆ دروستكردنی هەرێمێكی سوننی دەكات.
موسەننا ئەمین لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بڕیارمانداوە جارێكی تر بگەڕێینەوە بەغدا بەڵام لە هەلومەرجێكدا بتوانین ئەركەكانی خۆمان جێبەجێ بكەین، ئێستا ئەو ژینگەیەی لە بەغدا هەیە پێی وایە ئێمە ئەندامێتیشمان گرفتی تێدایە و لە دادگاكاندا داوامان لەسەر دەجوڵێنن و لەناو پەرلەمانیشدا داوای وەرگرتنەوەی متمانەمان لێدەكەن، ئەم ژینگە ناتەندروستە گونجاو نییە بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین ئیشەكانی خۆمان بە باشی ئەنجام بدەین".
گوتیشی: "هۆكاری پێشتری ئەوەی بایكۆتی كۆبونەوەكانی پەرلەمانمان كرد، ئەوەبوو كە ئەوان پەرلەمانیان بەلارێدا بردووە بە پێچەوانەی پێڕەوی ناوخۆ و رۆحی سیستم و دەستووری عێراقی نوێ كە دەڵێت 'سازان و تەوافوق لە نێوان پێكهاتەكاندا بنەمای دەركردنی هەر یاسا و بڕیارێكە'، ئەوان پێش ریفراندۆمیش دەستیان كردبوو بەوەی بە زۆرینە بڕیار بدەن، ئەو بڕیارەشی دەریان كردووە دژ بە ریفراندۆم لەگەڵ ئێمە هیچ گفتوگۆیەكیان لەسەر نەكردووە، دواتر ئەو سزا و بڕیارانەی دژ بە ئێمە دەریان كرد وای كرد ئێمە ئەو بڕوایەمان لە لا دروست بوو كە ناتوانین لەم ژینگەیەدا ئیش بكەین كە پەرلەمانیان كردووەتە شوێنی دروستكردنی قەیران نەك چارەسەری كێشەكان".
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەران، موسەننا ئەمین باس لەوە دەكات لایەنە عێراقییەكان لە ئێستاوە دەستیان كردووە بە بانگەشەی هەڵبژاردنی داهاتوو كە بڕیارە ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت، لەو چوارچێوەیەشدا دەستیان بۆ كۆمەڵێك بابەتی هەستیار بردووە.
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەران ئەوەشی گوت "بەشێك لە لایەنە شیعەكان بەتایبەت لیستی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتی نوری مالكی چاویان بڕیووەتە شكستهێنان بە خەڵكی كوردستان و سەرۆكوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادیش بەوەی كۆمەڵێك بڕیاری سەقف بەرز بە حەیدەر عەبادی دەربكەن كە ئەگەر جێبەجێی بكات روبەڕووی شەڕ دەبێتەوە لەگەڵ هەرێمی كوردستان، بە پێچەوانەشەوە ئەگەر جێبەجێی نەكات بە لاوازی بكەوێتە پێش چاوی عێراقییەكان و لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دەنگ نەهێنێتەوە".
ئەو گوتی: "خودی حەیدەر عەبادی بۆ خۆی ئامانجێكی ئەو هەوڵانەیە و بەشێكی دەوڵەتی یاسا كار لەسەر لاوازكردن و شكستپێهێنانی عەبادی و لەسەركارلادانی دەكەن".
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەران، موسەننا ئەمین هۆكاری سەرەكی كێشەكانی ئێستای عێراق بۆ پابەندنەبوونی لایەنە دەسەڵاتدارەكانی ئێستای عێراق بە جێبەجێكردنی دەستوور دەگێڕێتەوە.
موسەننا ئەمین دەڵێت "بەڵگەی ئێمە لەسەر ئەوەی ئەم حكوومەتەی ئێستای عێراق و ئەم چینە سیاسیەی ئێستا حوكمڕانی دەكات لە عێراق بەتایبەتی زۆرینەی شیعە، دەستووریان قبووڵ نییە و باوەڕیشی پێی نەبووە كە ئێستا دەیكاتە بەڵگە لەسەر ئێمە. لە ماددەی یەكەمی ئەم دەستوورە باس لەوە دەكات عێراق وڵاتێكی فیدراڵییە، بەڵام ئەوان نەیانهێشت ببێتە دەوڵەتێكی فیدراڵی. كاتێك پارێزگاكانی دیالە و سەڵاحەددین داوای فیدراڵییان كرد بە شێوازێكی یاسایی و دەستووری، لەبەرامبەردا سەرۆكوەزیران هێزی بۆ ناردن و دۆخێكی نائاسایی بەسەردا سەپاندن كە دواتر ناچاریكردن خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕین ئەنجام بدەن، ئەوەش بووە هۆكاری هاتنی داعش و دروستبوونەوەی جەنگێكی تائیفی نوێ لە عێراقدا".
موسەننا ئەمین كە هاوكات ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانە لە بارەی هەڵوێستی كورد لەسەر داوای بەشێك لە هۆزە سوننی و لایەنە سوننییەكان بۆ پێكهێنانی هەرێمێكی سوننی لە عێراقدا، گوتی: "ئێمە بەتەواوی پشتیوانی ئەو داوایە دەكەین و داواكارییەكەیان تەواو دەستووری و یاساییە، هەر ئەوەش وای كردووە كە عێراق سەقامگیری بەخۆوە نەبینێت بە هۆی ئەوەی عێراق نەبووە فیدراڵی، ئەگەر ئەم وڵاتە ببوایەتە دەوڵەتێكی فیدراڵی راستەقینە ئەو كات عێراق سەقامگیری بەخۆوە دەبینی و حوكمڕانی بە جۆرێكی تر دەبوو، بەڵام ئەوانەی ئێستا لە بەغدان لە زۆرینەی شیعە و هەندێك لە سوننەكانی وابەستەی ئەوان بەردەوام خەون بە دەوڵەتێكی ناوەندییەوە دەبینن كە دەسەڵاتی هەبێت بۆ كۆنترۆڵكردنی هەموو پارچەكانی عێراق و رێگەنەدان بۆ ئەوەی كورد و سوننە و پێكهاتەكانی تر لە حاڵەتێكی فیدراڵیدا گوزارشت لە پێناس و بەرژەوەندی خۆیان بكەن".
ئەو لەو بارەیەوە زیاتر گوتی: "ئەگەر ناوچەی سوننەش وەك هەرێمی كوردستان هەرێمێكی تایبەت بوایە و هێزێكی هەبوایە بەرگری لێبكردایە و بوودجەی تایبەتی خۆی هەبوایە و بەرپرس بوایە لە كێشەكانی خۆی، ئەوكات جەنگی تائیفی لە عێراق دروست نەدەبوو، ئەو كەسەی داعشی هێنا و ئەم هەموو قەیرانەی دروست كرد تا ئێستاش ئامادە نییە دەستوور جێبەجێ بكات و نایەوێت عێراق ببێتە دەوڵەتێكی فیدراڵی، هەرێمی كوردستانیشیان تەنها وەك ئەمری واقیع قبووڵكردووە و هەوڵی دژایەتی كردنیشیان داوە".