دیاربەكر
نامەكەی ئۆجەلان سەرەتا بە زمانی كوردی خوێندرایەوە، جێگری سەرۆكی فڕاكسیۆنی ھەدەپە پەروین بوڵدان تەواوی نامەكی بە زمانی كوردی خوێندەوە، دواتر پەرلەمانتاری ھەدەپە سڕی سورەیا ئۆندەر نامەكەی بە زمانی توركی خوێندەوە.
لە نامەكەی عبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان پەكەكە ھاتووە كە پێویستە پەكەكە پێ بنێتە نێو قۆناغێكی نوێ، ھاوكات بۆ دانانی چەك پێویستە كۆنگرەیەك ببەستێت.
ئۆجەلان لە نامەكەیدا نووسیویەتی: "خەبات و شۆڕشی 40 ساڵەمان بێھودە نەبوو بەڵام لە ئێستادا گەیشتوونەتە قۆناغێك كە دەزانین نابێ بەھەمان شێوە بەردەوامی بە خەباتەكەمان بدەین. ئێستا مێژووی گەلەكەمان داوای ئاشتی و دیموكراسیمان لێ دەكات. ھەر وەك لە كۆشكی دۆڵمەباغچە بەردی بناغەی قۆناغەكەمان دانا و بەم شێوەیەش قۆناغێكی مێژووی داستی پێ كرد. دوای دروستبوونی ھەماھەنگی پێویستە خەباتی چەكداری 40 ساڵەی پەكەكە لەبەرامبەر كۆماری توركیا كۆتایی پێ بێت بۆ ئەمەش پێویستە كۆنگرەیەك سازبكرێت هەتا رێگایەكی سەردەمیانە بگرینەبەر كە بگونجێت لەگەڵ سیاسەت ئێستا و ستراتیجییەتی كۆمەڵگا. ھیواخوازم بە زووترین كات دەگەینە رێككەوتنێكی بنەمایی و كۆنگرەكە دەبەستین".
"ھەنگاو بۆ قۆناغی برایەتی دەنێین"
ئۆجەلان ئاماژەی بەوەش كرد كە لە ئێستادا ھەنگاویان بۆ قۆناغێكی نوێ ناوە پێشی وایە توركیا وڵاتێكی دیموكراتییە و بۆیە لەمەودا سەرجەم لایەنەكان بە برایانە و لە نێو ئاشتیدا ژیان بەسەر دەبەن. گوتیشی: "مێژووی تەمەنی 90 ساڵی كۆماری توركیا بە شەڕ و ئاڵۆزی تێپەڕ بوو ئێستا بۆ ئاشتییەكی راستەقینە بەرەو داھاتووە ھەنگاو دەنێین. لە حزووری ئێوە سڵاو بۆ ئەم قۆناغە دەنێرم".
ئۆجەلان پێی وایە ھێزەكانی ئەمپەریالیست دەستیان لەسەر رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ھەڵنەگرتووە جەختیشی لەوە كردووەتەوە كە دواین كێشە كە لەو ناوچانەدا دروستیان كردووە رێكخراوی داعشە. گوتیشی: "ئەو رێكخراوەی كە زۆرەملیشی تێپەڕاندووە و بەبێ گوێدان بە ژن و منداڵ بەبێ وەحشیگەرانە كۆمەڵكوژی بەرانبەر كورد، توركمان، عەرەب، ئێزدی و ئاسوورییەكان ئەنجام داوە. رۆژی ئەوە ھاتووە بگەڕێینەوە رۆژانی زوو ئەو مێژووە رووخێنەرە وەلابنێین ئیتر بە برایانە و ئاشتەوایی بژین. ئەوەی من بەڕاستی دەزانم ئەو كێشە گەورانەی وەكو شەڕخوازی، بەكارھێنەر و نەتەوەپەرستی رووخێنەر بەرۆكی وڵاتی گرتووە وەلا بدرێت سەردەمێكی دیموكراسی نوێ دەست پێ بكات. بۆیە بانگەواز بۆ وڵاتەكان دەكەم كە لە نێوخۆی وڵاتەكانیاندا رێگە بە سیاسەتی دیموكراسی بدات وھەر بەھەمان شێوە لە نێوان وڵاتەكانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستیشدا رێگە بۆ سیاسەتی دیمكراسی بكرێتەوە".
رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان ئۆجەلان سڵاوی بۆ بەرخۆدانی كۆبانێ نارد پێشی وایە ئەو بەرخۆدانە و سەركەوتنی كۆبانێ تەنیا بۆ ناوچەكە نا بەڵكو بۆ جیھان گرنگە. گوتیشی "وەكو ھێمایەكی نوێ نەتەوەكان سڵاوی بۆ دەنێرم. ئەو قسانەی كە لەسەرەوە ئاماژەم پێ كردن بۆ بونیاتنانی داھاتووی نوێی گەلەكەمان زۆر گرنگە لێرەوە سڵاو بۆ نەورۆز ھیواخوزام ببێتە مایەی خێر و خۆشی بژی نەورۆز بژی برایەتی گەلان".