Hemn Baban
18 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 19 مای,س 2016
پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت رێككەوتنی نێوان گۆڕان و یەكێتی رەچاوی هەوڵێك دەكرێت بۆ فراوانكردنی ناكۆكییە ناوخۆییەكان كە خزمەتی چارەسەركردنی كێشە و گرفتە چەقبەستووەكان ناكات.
مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان راگەیەنراوێك لەسەر بارودۆخی هەرێمی كوردستان و بەدیاریكراوی لەمەڕ رێككەوتنە دوو قۆڵییەكەی نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان كە دوێنی بە فەرمی لەنێوان هەردوولا لە شاری سلێمانی بە ئامادەبوونی جەلال تاڵەبانی لەپاش ئیمزاكردنی ئاڵوگۆڕكرا.
بەیاننامەكەی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان كە دوای كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ چوارشەممە لە پیرمام دێت تێیدا هاتووە "پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە راو بۆچوونی وا بووە كە رێككەوتن لەنێوان لایەنە سیاسییەكان كارێكی ئاساییە، نەخاسمە ئەگەر لەپێناو بەرژەوەندیی گەلی كوردستان و یەكڕیزی هێزەكانی و نەهێشتنی ناكۆكییەكان بێت، نەك بۆ دژایەتیی لایەنێكی تر و گەورەتركردنی ئەو كەلێنانەی كە هەن، لەهەمان كاتیشدا بنەما و خاڵەكانی هیچ رێككەوتننامەیەك لەنێوان دوو حزب بگرە زیاتر لە دوو حزبیش لەلایەن پارتییەوە بە بنەمای بەڕێوەبردنی پڕۆسەی سیاسی و یاسایی و ئیداری لە هەرێمی كوردستان دانانرێن".
هەروەها هاتووە "لە رێككەوتنی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رەچاوی هەوڵێك دەكرێت بۆ فراوانكردنی ناكۆكییە ناوخۆییەكان كە خزمەتی چارەسەركردنی كێشە و گرفتە چەقبەستووەكان ناكات، بەڵكو بەرەو دۆخە نەخوازراوەكانی جارانمان دەباتەوە، لەهەمان كاتدا رێگرتنە لە یەكێتی نیشتمانی بۆ هەبوونی هەڵوێستێكی جیاواز لە بزووتنەوەی گۆڕان كە بەرەو ئاڵۆزی و توندڕۆیی زیاتر دەچێت".
پارتی دیموكراتی كوردستان لەو بەیاننامەیدا راستەوخۆ رووی رەخنەی دەكاتە یەكێتیی نیشتمانی و تێیدا هاتووە "یەكێتیی نیشتمانیی بەبێ هیچ جۆرە رەچاوكردنێكی هاوپەیمانی و رێككەوتنی ستراتیژی و هاوبەشیی لە بەڕێوەبردنی كوردستاندا لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و بەبێ هیچ جۆرە گفتوگۆ و ئاگاداركردنەوەیەكی پارتی خۆی خستە رێككەوتنێك لەگەڵ لایەنێكدا كە كێشەیەكی سیاسیی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندا دروست كردووە و خۆی گەیاندە لێواری بوونە بەشێكی ئەو كێشەیە، ئەویش بە پێچەوانە ی ماوەی رابردوو كە یەكێتی لەگەڵ پارتیدا هاوكاربوون بۆ چارەسەری كێشەكان".
هەروەها هاتووە "پارتی جگە لە ئیرادەی گەل هیچ ئیرادەیەكی تر قبوڵ ناكات و ئەزموونی رابردووش دەریخست كە بەبێ پارتی ئیدارەی هەرێم ئەستەمە".
بەیاننامەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان كە رۆژێك دوای راگەیاندنی رێككەوتنەكە 25 ماددەییەكەی نێوان یەكێتی و گۆڕان دێت لە سلێمانی ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات كە پارتی دیموكراتی كوردستان بەهەستیارییەوە لەبارودۆخی ئێستای كوردستان دەڕوانێت و بەهیچ شێوەیەك رێگا بەهەر هەوڵێك نادات بۆ تێكدانی سەقامگیری ئیداری و سیاسی و ئاسایش و لاوازكردنی ئیرادە و خۆڕاگریی پێشمەرگە كە لەوا شەڕێكی سەختدایە لەگەڵ دڕندەتدرین دوژمنی مرۆڤایەتی و ئازادی و هێشتاش شەڕی گەورەترمان لەبەردەمدا ماوە.
لە كۆتایی ئەو بەیاننامەدا پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت" پارتی دیموكراتی كوردستان سوورە لەسەر ئەوەی كە خوێنی پێشمەرگە لەپێناو ئازادیدا نابێ بەفێڕۆ بدرێت و دەبێت گەلی كوردستان لەرێگەیەكی رەوا و یاسایی وەك ریفراندۆم ئیرادەكەی پیشانی هەموو جیهان بدات".
هەروەها ئەوەش هاتووە "لەگەڵ ئەوەیش كە كوردستان لە تەنیشت دڕەندەترین هێزی تیرۆریستی و لەناوچەیەكی شڵەژاودایە، سوپاس بۆ خوا لە سەقامگیرییەكی گەورەدایە، لەبەر ئەوە پارتی دیموكراتی كوردستان باوەڕی وایە كە دەبێت هەموو هەوڵەكان لەپێناو ئەو سەقامگیرییە و چارەسەری كێشەكان و پاراستنی دەستكەوتەكاندابن لەپێش هەر شتێكی تر".