Hemn Husain
07 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 09 تشرینی دووەم 2015
هەولێر
شاندێکی مەڵبەندی کۆمەڵی ئیسلامی سەردانی مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕان-ی لە هەولێر کرد و بە گوتەی بەرپرسێکی بزووتنەوەی گوڕان ئامانج لەم سەردانە، پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا بوو.
سەرۆکایەتی شاندی کۆمەڵی ئیسلامی لە ئەستۆی ئیسماعیل رەسوول لێپرسراوی مەڵبەندی هەولێری کۆمەڵی ئیسلامی بوو و لە لایەن باژێروانی مەکۆ ساماڵ عەبدوڵا و بەرپرسی پەیوەندییەکان مامۆستا فاخیر پێشوازیان لێکرا.
کۆبوونەووەی نوێنەرانی ئەم دوولایەن سیاسییەی کوردستان لە کاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان بە هۆی ناکۆکییا لە قەیرانێکی سیاسی دایە و پارتەکانیش هەر کامەو لای خۆیان جەخت لەسەر دیالۆگ و دۆزیینەوەی رێگە چارەیەک بۆ چارەسەری گرفتەکان دەکەنەوە.
لە وەڵامی پرسیارێکی ئاژانسی ئانادۆڵو، سەبارەت بە ئامانجی سەردانەکەی کۆمەڵی ئیسلامی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی مەکۆی بزووتنەوەی گۆڕان مامۆستا فاخیر گوتی: "ئامانج لەم سەردانیکردنە درێژەپێدانی سەردانەکەی پێشووترە لەگەڵ کۆمەڵی ئیسلامی و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هەردوولایە و ئێمە پێشتر سەردانی مەڵبەندی کۆمەڵی ئیسلامی-مان کردبوو، ئەمرۆش شاندێکی مەڵبەند سەردانی ئێمەی کردەوە و تەوەری دانیشتنەکە بریتی بوو لە باسکردنی بارودۆخی کوردستان بە گشتی و شاری هەولێر بەتایبەتی".
ئەو بەرپرسەی بزووتنەوەی گۆڕان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە بزووتنەوەی گۆڕان لە ڕابردوو و لە ئێستادا سەردانی لایەنەکانی کردووە و بەردەوامیش دەبێت.
سەبارەت بە کیشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا و ئەگەری دەستپێکردنەوەی دیالۆگی نێوانیان بۆ چارەسەری ناکۆکییەکانی دارایی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی مەکۆی بزووتنەوەی گۆڕان گوتی: "لەماوەی رابردوودا هیچ ئاسۆیەکی گەش دیارنەبووە لە بەغدا و پێم وایە سەفەرەکانی پێشووش ئەرێنی نەبووە و ئێمە لەگەڵ ئەوەداین کە هەر بڕیارێک لە بەرژەوەندی کورد بێت و هیوایەک بێت بۆ فەرمانبەران".