Hemn Baban
07 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 09 تشرینی دووەم 2015
هەولێر
ئاری هەرسین دەڵێت نەدەبوو لاهور تاڵەبانی ئەو قسانەی كردنی لە واشنتۆن بیكردبا، دەبوو لە بەردەم ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم و حكوومەتی هەرێم بیكردبا.
سەرۆكی لێژنەی كاروباری پێشمەرگە و شەهیدان و قوربانییانی جینۆساید و زیندانییانی سیاسی پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاشكرای كرد وەزارەتی پێشمەرگە دەستی بە گرتنەبەری رێوشوێن كردووە بۆ دابینكردنی پێویستییەكانی زستانە بۆ بەرەكانی جەنگ و پێدەچێت چەك و تەقەمەنیی نوێش بێت.
ئاری هەرسین لەوبارەیەوە بۆ ئانادۆڵو گوتی: "لە راستیدا ئەگەر بە واقیعی سەیری بكەین لەبەر ئەوەی هەرێمی كوردستان دەوڵەت نییە بۆیە ئەو چەك و تفاقەی هەمانە هەمووی لە وڵاتانی دەرەوە بۆمان دێت وەكو هاوكاری، كەواتە ئەوەی هی خۆمانە بەكردەیی زۆر زۆر كەمە، ئەوەی تر لە دەرەوە دێت، ئیتر دابین كردنیشیان بۆ وەرزی زستان كەوتووەتە سەر ئەوەی ئەو چەك و تفاقانە چەند بەخێرایی دێت و دابەش دەكرێت".
هەرسین گوتیشی: "وەرزی زستان جیاوازە لەگەڵ هاوین، بەڵام وەزارەتی پێشمەرگە هەر لە ئێستاوە رێوشوێنی دەستپێكردووە بۆ دابەشكردنی هۆكارەكانی زستان لە جلوبەرگ و خێوەت و ئەوانەی تر بۆ ئەوەی بۆ بەرەكانی جەنگ لەگەڵ داعشی دابین بكات، دەگوترێت بەمنزیكانە كۆمەڵێك چەك و تفاقی دیكەش لە وڵاتانی دیكەوە دێنە هەرێم كوردستان لەوانە لە وڵاتی ئەڵمانییاوە".
سەرۆكی لێژنەی كاروباری پێشمەرگە و شەهیدان و قوربانییانی جینۆساید و زیندانییانی سیاسی پەرلەمانی كوردستان لەبارەی راوەستانی هێرشكردنە سەر شنگال كە دەنگۆی ئەوە بڵاوبوویەوە گوایە هێزەكانی پەكەكە رێگربوون بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "شنگال ناوچەیەكی زۆر ستراتیژییە، ئەگەر هێرش بكرێتە سەری ئەوا دەبێت هەماهەنگییەكی زۆر باش و ورد لەنێوان هێزەكاندا بكرێت، واتە لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگە و زێڕەڤانی و یەكەكانی حەفتا و هەشتا و ئەو هێزە بچووكەی یەپەگەش كە لەوێ هەیە، مەسەلەكە ئەوە نییە كە ئەو هێزانەی یەپەگە رێگر بووبێتن لەبەردەم رزگاركردنی شنگال، بەڵكو ئەو هەماهەنگییەی پێویستە نەكراوە".
ئاری هەرسین لەبارەی قسەكانی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن و زانیاریی هەرێم لاهور تاڵەبانی كە هەفتەی رابردوو لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەبارەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمەوە كردنی گوتی: "بەڕێز كاك لاهور بەرپرسی دەزگایەكی هەواڵگریی زۆر هەستیارە، ئەگەر هەر گلەیی و گازندەیەكی هەبایە دەبوو لە چوارچێوەی هەرێمی كوردستان بەرامبەر ئەنجوومەنی ئاسایش و حكوومەتی هەرێم ئەوەی كردبا، نەك بچێت لە واشنتۆن وەكو ئەوەی باسی شتێكی زۆر زۆر سادە بكات، ئەوە شتێكی زۆر زۆر خراپە".
گوتیشی: "لە كوێی دنیا بینویتانە بەرپرسێكی باڵای دەزگایەكی هەواڵگری یان سەربازی بێن و پرێس كۆنفڕانسێك بكەن و باسی كێشە و گرفتەكانی دەزگایەكی وا هەستیار بكات، بۆیە گلەیی سەرەكی ئەوەیە ئەو كە بەشێكە لە دەزگاكە هەق نەبوو كە بەڕێز كاك لاهور ئەو قسانە لەلای خەڵك بكات ئەوە كردیشی بەوە CIA دێتە سەر خەت؟"
لە كۆتایی قسەكانیدا هەرسین باسی لە هێرشی سەر مووسڵی كرد و گوتی: "مەسەلەی رزگاركردنی مووسڵ لە دەستی داعش مەسەلەیەكی سەربازیی نییە بەتەنها، بەڵكو مەسەلەیەكی سیاسییە، دەبێت حكوومەتی فیدراڵ و هاوپەیمانان و توركیا و وڵاتانی دەرووبەریش قسەیان تێدا هەبێت، مەسەلەكە ئەوە نییە كاتژمێر چەند هێرش دەكرێت، بەڵكو ئەوەیە كە چۆن هەماهەنگی بكرێت".