Hawkar Yaseen
03 مای,س 2021•نوێکردنەوە: 03 مای,س 2021
هەولێر AA
سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی لە رێگای فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر گەیشتە هەرێمی کوردستان و بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سیاسیی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوەی هەبێت.
محەمەد حەلبوسی لە فڕۆکەخانە لەلایەن جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، هێمن هەورامی و وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان، ڤالا فەرید و پارێزگاری هەولێر، ئومێد خۆشناو پێشوازی لێکرا.
بڕیارە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ لە هەولێر لەگەڵ هەریەک لەسەرۆكی پێشووی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان،مەسرور بارزانی و سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، ڕێواز فائق کۆبێتەوە .
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی ئانادۆڵو، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکانی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە هەولێر گفتوگۆکردنە دەربارەی هەڵبژاردنە پیشوەختەکەی عێراق و ئامادەکاری لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەکە، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی قۆناغی دوای هەڵبژاردنەکان دەبێت بەتایبەت لەگەڵ ئەو لایەنە سیاسییانەی کە پێشبینی دەکرێت لە براوەکانی هەڵبژاردن بن.