saad hawrami
30 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 31 مای,س 2016
جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، تارق گەردی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "دوێنی پاش ئەوەی رێژەی یاسایی تەواو بوو، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبوونەوەی یەكەمی خۆی ئەنجام دا و لەو كۆبوونەوەشدا هەریەك لە كوتلەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بەشداریمان تێدا كرد". تارق گەردی گوتی: "ئەمڕۆش ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دەدات و لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆشدا خوێندنەوەی یەكەم بۆ چەند یاسایەك دەكرێت كە تایبەتن بە هەڵوەشاندنەوەی ژمارەیەک یاسای سەردەمی ئەنجوومەنی سەركردایەتی بەناو سەورەی سەردەمی بەعس كە بۆ كورد گرنگن".
لە ئیستادا ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەرەیەكیان پێكهێاوە بەناوی بەرەی چاكسازی و پێشتر ئەو بەرەیە بە بەرەی پەرلەمانتارە مانگرتووەكان ناو دەبرا، ئەو بەرەیە سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەلیم جبوری بە سەرۆكی پەرلەمان ناناسن.
تارق گەردی دەڵێت: "ئێستا هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی ژمارەیەك لەو پەرلەمانتارانە رازی بكرێن بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە ناو كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و دانوستانیش لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارانە بەردەوامە".
تارق گەردی هەروەها گوتیشی: "ژمارەیەك لە كوتلە كوردستانیەكان شەوی رابردوو لە گەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كۆبووینەوە و لەو كۆبوونەوەیەدا داخوازییەكانی كوردمان بە عەبادی گوت و باسیشمان لەو وەسیقە سیاسیە كرد كە حكوومەتی عێراق لەسەر پێكهاتووە وپیشمان گوت كە پێویستە لەو قەرزە نێودەوڵەتییەی كە بە عێراق دەدرێت بەشی هەرێمی كوردستانیشی لێ بدرێت".
بەگوتەی تارق گەردی، حەیدەر عەبادی بڕیاری دا كە لیژنەی تایبەت بۆ دانوستانەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دروست بكرێت و بۆ یەكلایی كردنەوەی كێشەكان سیاسیەكانی نێوان هەردوولا و پۆستە سیادییەكانی بەغدا".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتیشی: "ژمارەیەك لە وەزیرەكانی كابینەی عەبادی گۆڕوان و بڕیاریشە لە داهاتوودا ئەوانی دیكەی كە ماون گۆڕانكارییان تێدا بكرێت ولەوانەیە وەزیرێكی كوردیش بگۆڕدرێت".