1 23
11 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 12 ئاب 2016
لەو رێوڕەسمەدا جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، ئارام محەمەد گوتارێكی خوێندەوە و تێیدا ئاماژەی بە تاوانەكە و هەوڵەكانی پەرلەمان بۆ دانیشتوانی شارەكە كرد.
ئارام گوتی: "ئەمڕۆ پێكەوە و بە دەم ئازارێكی زۆرەوە یادی دووەمین ساڵەی كوشتاری ئێزدییەكان دەكەینەوە، كاتێك داعش دەستیگرت بەسەر شنگالدا كە زۆرینەی برا ئێزدیەكان تێیدا نیشتەجێبوون، چیرۆكی تراجیدیای مرۆڤایەتی و زنجیرەی توندوتیژی دەستیپێكرد كە بووە هۆی شەهیدبوونی هەزارەها و ئاوارەبوونی هەزارەهای تر و كارەساتێكی مرۆیی گەورە بە هەموو پێوەرەكان زوبەزو روی لە ناوچەكە كرد".
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە گوتارەكەیدا ئاماری قوربانیانی رووداوەكەی خستەڕوو، لەو بارەیەوە گوتی:"بەپێی ئامارە بڕواپێكراو و فەرمییەكان، هەزار و 280 كەس لەو هێرشە نەگریسەی داعش بۆسەر شنگال شەهیدبوون، 380 كەس بەهۆی دۆخەكەوە مردن، تا ئێستاش 841 كەس بێسەروشوێنن، كاروانی ژن و كچە ئێزدیەكانیش بەرەو ئەو بازاڕەی داینابوو بۆ مامەڵەكردن پێیانەوە وەك كۆیلە بەردەوامی هەیە و لەو چوارچێوەیەشدا پێنج هەزار و 838 كەس دەستبەسەر و دەستگیركران كە سێ هەزار و 500 یان ژن و كچن و دوای هەڵكوتانە سەر شاخی شنگال كران بە كەنیزە، دوو ئەوەندەی ئەو ژمارەیەش كە منداڵ بوون وەك بەندی لەلایەن ئەو رێكخراوە تیرۆریستیەوە مامەڵەیان لەگەڵدا كرا. حكوومەتی هەرێمیش تەئكید دەكاتەوە كە ژمارەی ئاوارە ئێزدییەكان گەیشتوەتە 75%، ئەو رێژەیەی دیكەش دەمێنێتەوە یان لەژێر چنگی داعشدایە، یاخود وەك پەنابەرن لە دەرەوەی عێراق".
جێگری سەرۆكی پەرلەمان داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی كرد لەم كارەساتە گەورەیەدا لەگەڵیان بن، داواشی كرد گشتاندن بۆ ئەو راپۆرتە بكرێت كە پێش دوو مانگ لەلایەن لیژنەی نێودەوڵەتیەوە بەناوی (بۆ وێرانكردن هاتن) خرایە بەرچاو و لە هەموو جیهاندا بڵاوبكرێتەوە، تێیدا تاوانەكانی داعش دەرهەق بە ئێزدییەكان دیكیۆمێنت كراوە.
ئارام محەمەد ئەوەشی گوت: "ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وەك دامەزراوەیەكی یاسادانان، بە شێرگیریەوە مامەڵەی لەگەڵ دۆزی ئێزدییەكان كردوە و لە دانیشتنی خۆی لە 28ی نیسانی 2016دا بە زۆرینە دەنگی دا لەسەر ئەوەی وەك ناوچەیەكی كارەساتبار قەزای شنگال بدرێتە قەڵەم، داواشی لەلایەنەكانی جێیەجێكردن كرد دەستبكەن بە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ گەڕاندنەوەی ژیانی ئاسایی بۆ ناوچەكە، ئەمە جگەلەوەی كە ئەنجوومەن بە رەسمی و بە دەستەواژەی بڕیار قەزای شنگالی وەك ناوچەی كارەساتبار دایە قەڵەم و ئەوەیش كە تێیدا رووی دا بە كوشتاری بە كۆمەڵی ناساند، بەڵام بە داخەوە هیچ كۆمەكی و هاریكارییەكمان نەبینی بۆ ئاوادانكردنەوەی ناوچەكە و قەرەبووكردنەوەی لێقەوماوان و زیانپێكەوتوان و كەسوكاری قوربانیانی ئەو كوشتارە بە كۆمەڵەی كە رێكخراوی داعشی تیرۆریست ئەنجامی دا".
ئەو لە گوتارەكەیدا جارێكی تر داوای لە حكوومەتی عێراقی و حكوومەتی هەرێم كردەوە بە باشی دەستی هاوكاری درێژبكەن و راستەوخۆ هەوڵی ئاوەدانكردنەوەی شنگال بدەن و ژیانی تێدا بگێڕنەوە، ئەو ئەركەش وەك دەستپێكی كارەكانیان بزانن .