Hemn Baban
23 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 25 مای,س 2016
ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت ئەمڕۆ سەرۆكی پەرلەمانی عێراق د.سەلیم جبووری لەهەولێر لەگەڵ سەرۆكی هەرێم و لایەنەكاندا كۆدەبێتەوە. لەبارەی كاراكردنەوەی پەرلەمانی عێراقیش د.ئەردەلان نورەدین بۆ ئانادۆڵو رایدەگەیەنێت: "چاوەڕوانی بڕیاری دادگەی فیدڕاڵیین کە لە 25ی ئەم مانگە كێشەی سەرۆكایەتی پەرلەمان یەكلایی بكاتەوە".
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت كورد دەیەوێت بەغدا ناچار بكات داخوازییەكانی جێبەجێ بكات پێش گەڕانەوە بۆ پەرلەمان و حكوومەت.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان د.ئەردەلان نورەدین لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رەتی دەكاتەوە هیچ سیناریۆیەك هەبووبێت بۆ كاراكردنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوەكان بەو شێوەیەی بڵاوكراوەتەوە گوایە رەزامەندیی سەرجەم لایەنەكان لەسەر ئەو پرسە وەرگیراوە.
ئەو سیناریۆیە كە سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان باسی لێوەدەكەن ئەوەیە بەتەمەنترین پەرلەمانتار ببێتە سەرۆكی پەرلەمان جگە لە سەرۆكی ئێستای پەرلەمان سەلیم جبووری و سەرۆكی هەڵبژێردراو لەلایەن ئەندامانی مانگرتوو عەدنان جەنابی تا ئەو كاتەی دادگەی فیدڕاڵی مەسەلەی سەرۆك و شەرعییەتەكەی یەكلایی دەكاتەوە.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی دیموكراتی كوردستان لەوبارەیەوە لە لێدوانێكدا بۆ ئانادۆڵو رایگەیاند: " ئەو بابەتە هیچ رێككەوتنی لەسەر نەكراوە و كورد و فراكسیۆنە كوردییەكان كۆكین لەسەر ئەوەی هیچ گۆڕانكارییەك قبوڵ ناكەین چی لەپەرلەمان و چی لە حكوومەت بەو شێوەیەی ئەوان مەبەستییانە، ئەمڕۆ شاندێكی پەرلەمانی عێراق بەسەرۆكایەتی سەرۆكی پەرلەمان سەلیم جبووری دەگاتە شاری هەولێر بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی کوردستان و چەندین كۆبوونەوەی دیكەش ئەنجام دەدن".
سەبارەت بە گەڕانەوە یان نەگەڕانەوەی پەرلەمانتارانی كورد بۆ دانیشتنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كە لە 30ی مانگەوە بەهۆی ناكۆكییەكانی نێوان باڵەكانی ماڵی شیعە لە بەغدا و هێرشی لایەنگرانی موقتەدا سەدر بۆ سەر پەرلەمان و ژمارەیەك پەرلەمانتار لەو كاتەوە پەرلەمان پەكخراوە و پێش چەند رۆژێكیش ئەو هێرشە كرایە سەر ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ناوبراو لەو بارەیەوە گوتی: " ئێمە دەمانەوێت بزانیین بەغدا تا چەند داخوازییەكانی هەرێمی كوردستان بەجێ دەگەیەنێت، چی لە گۆڕینی وەزیرەكان و خوارووی وەزیرەكان، هەروەها تاچەند ئامادەیە موستەحەقاتی هەرێمی كوردستان بدات، چونكە ناكرێت هەركاتێك بەغدا پێویستی بە پەرلەمانتارەكانی كورد هەبێت و پێویستی بە كورد هەبێت بۆ ئەوەی كاری سیاسی لە عێراق رزگار بكەن بەدەمیانەوە بچێت. لەهەمان كاتدا ئەگەر كورد پێویستی بە بەغدا هەبێت لە پێویستییەكان پشت گوێ بخرێن وەكو بوودجە و مووچە و پێویستییەكانی پێشمەرگە".
لە درێژەی قسەكانیدا زیاتر روونی كردەوە: " ئێمە دەمانەوێت بە نەگەڕانەوەمان ئەوان ناچار بكەین بە جێبەجێكردنی داخوازییەكانی كورد، پێویستیشە جێبەجێی بكەن، چونكە بەبێ كورد نە كاروبارەكانی پەرلەمان و نە كاروبارەكانی حكوومەتیش بەڕێوەناچێت".
د.ئەردەلان نورەدین هێما بۆ ئەوە دەكات كورد چاوەڕوانی بڕیاری دادگەی فیدڕاڵییە بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمانی عێراق، لەو بارەیەوە ئاشكرای دەكات: "بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمانی عێراق ئێمە ئێستا چاوەڕوانی بڕیاری دادگەی فیدڕالیی عێراق دەكەین بۆ ئەوەی ئەو مەسەلەیە یەكلایی بكاتەوە كە بڕیارە 25ی ئەم مانگە ئەو كارە بكات، ئەو كات كە بڕیار دەرچوو ئیتر كورد شەرعییەت دەداتە ئەوەی بڕیارەكە بە شەرعی دەزانێت، ئێمە ئێستا لەگەڵ ئەوە نیین بەو شێوەیە سەرۆكی ئێستای پەرلەمان لەکار لابدرێت".
دەربارەی هاتنی شاندەكەی پەرلەمانی عێراق بەسەرۆكایەتی د.سەلیم جبووری، ئەو پەرلەمانتارەی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: " شاندەكە بۆ ئەوە دێن كە داوا لە كورد و لایەنە سیاسییەكانی کوردستان بكەن بۆ ئەوەی فراكسیۆن و پەرلەمانتارەكانی كورد بگەڕێنەوە، چونكە ئێستا عێراق پێویستی بە پەرلەمانە و حكوومەت پەكی كەوتووە و كاری سیاسیی بەگشتی پەكی كەوتووە و بۆیە عێراق پێویستی بە كاراكردنەوەی پەرلەمان هەیە، هەر بۆیە كورد لەژێر ئەو فشارەی هەیە ناتوانێت بچێتەوە بەغدا كە بەو شێوەیە پەرلەمان لەكاربخرێت و سەرۆكەكەی لابدرێت".