سلێمانی ـ AA
بڕیارە رۆژی 12ی ئایاری داهاتوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت، بۆ ئەو مەبەستەش پێكهاتە و لایەنە جیاجیاكانی عێراق و هەرێمی كوردستانیش دەستیان بە ئامادەكاری خۆیان بۆ هەڵبژاردنەكە كردووە.
ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و سەرۆكی لیستی یەكێتی بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق، جوان ئیحسان لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لەو هەڵبژاردنە، پێگەی كورد لە دوای هەڵبژاردنەكان، گۆڕانكاری نەخشەی سیاسی عێراق لە دوای هەڵبژاردنەكە، كاریگەری ناكۆكییە ناوخۆییەكانی یەكێتی لەسەر دەنگی ئەو حزبە لە هەڵبژاردنەكەدا دەكات.
جوان ئیحسان سەرەتا و لە بارەی هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دوا و گوتی: "هەڵبژاردنی ئەمجارە جیاوازە لە هەڵبژاردنی ساڵانی رابردوو لە رووی ژمارەی قەوارە و لیستەكان كە دروست بوون لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان كە هەندێكیان ئەجێنداكانیان جیاوازە لە ئەجێنداری لیستەكانی پێشوو، هەروەها لە رووی ژمارە و جۆرێتیشەوە پێشبینی دەكرێت دوای دەرچوونی ئەنجامەكان جیاواز بن، هەروەها دوای ئەو رووداوانەشی لە هەرێمی كوردستان و عێراقیشدا روویداوە زۆر فاكتەر تیایدا كۆبووەتەوە و پێمان دەڵێن ئەم هەڵبژاردنە جیاوازە و دەرەنجامەكانیشی جیاوازتر دەبێت لەچاو هەڵبژاردنی ساڵانی رابردوو".
ئەو لە بارەی رۆڵی ئەمریكا و ئێران لەسەر قەوارەكان دەرەنجامەكانی هەڵبژاردنەكە، گوتی:" ئەمریكا بەردەوام روئیایەكی موستەقبەلی هەیە و روئیایەكی هەیە مەدەنیانەترە لە گواستنەوەی ئەوەی خۆیان پێی دەڵێن خەونی ئەمریكی دەیەوێت بیگوازێتەوە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەنێویشیاندا عێراقە كە یەكێكە لە دەوڵەتە ستراتیجییەكانی ناوچەكە، دەیەوێت ئەو فكرەیەی رەوانەی لای ئێمە بكات. لە لایەكی تریشەوە لە ئێرانەوە خەونێكی رۆحانی هەیە لە لایەن مەزهەبی شیعییەوە بەهەمان شێوە كە بەردەوام هەستێكی وا دەدات بە شیعەكانی عێراق كە پشتێكی بەهێزیان هەیە لە لایەن شیعەكانی ئێران و جیهانەوە كە ئەمان زیاتر تەمسیلیەتیان لە عێراق هەیە. ئەم دوو ململانێیە كە ململانێیەكی مەزهەبی و ململانێیەكی ستراتیجی ئابووری بەرژەوەندی بەهەمان شێوە لە لایەن ئەمریكا و ئێرانەوە، گۆڕەپانی ئەم ململانێیە و یەكلاكردنەوەی لەناو عێراقدایە، هەر لایەكیان لە رێگەی حزبە سیاسییەكان و ئەو لیستانەی كە لە عێراقدان بە شێوە جیاجیاكانیان رۆڵ و كاریگەری خۆیان مومارەسە دەكەن، بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆش دەڕواتەوە سەر دەنگدەری عێراقی كە لەم دوو ئەجێندایە كامەیان هەڵدەبژێرێت، بەڵام ئەگەر دەنگدەری عێراقی ئەوەندە زیرەك بێت و بتوانێت جیای بكاتەوە كە كام لیست هەڵگری ناسنامەی عێراقییە و كامیان نوێنەرایەتی عێراق دەكات، ئەوكات باوەڕم وایە ئەو دوو خەونە لاواز بن، بەڵام ئەگەر هاتوو دەنگدەر بە دەنگ و ئیرادەی خۆی بووە بەشێك لەو ململانێیە، ئەوكات مانای وایە بۆ خۆی بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ رۆڵی هەیە لەوەی بەردەوام ئەم گۆڕەپانە ئامادە بكات و سازی بكات بۆ ئەوەی ئەم ململانێیە كۆنەی نێوان ئێران و ئەمریكا بەردەوام بێت لە عێراقدا".
ئەندامەكەی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بەشێكی تری قسەكانیدا و لە بارەی دۆخی كورد و عەرەبی سوننە لە عێراقدا كە بەردەوام نیگەرانییان هەیە لە پەراوێزخستنیان لە لایەن دەسەڵاتی ئێستای عێراق كە بەدەست لایەنی عەرەبی شیعەوەیە، باس لە هۆكارەكانی لاوازی ئەو دوو پێكهاتەیە لە عێراقدا دەكات.
ئەو گوتی: "دەسەڵاتی پێشووی عێراق كە خۆی بە نوێنەری سوننەكان دەزانی هەرچەندە بەشێكی زۆری سوننەكانیش رازی نەبوون لەسەر كارو كردەوەكانی حزبی بەعس و خودی سەدام حسێن ئەنجامیان دەدا، بەڵام بەشێكی باشی سوننەكانی لەگەڵ بوو بە هۆی ئەوەی بە بەرگریكاریان دەزانی لە مافی سوننەكان و زیاتر دەیبردنە پێشەوە لە پێگەی بڕیاری عێراقدا، بەڵام لە دوای ساڵی 2003ەوە هەڵەیەكی ستراتیجی گەورەیان كرد كە بەرگرییەكی زۆری دەسەڵاتی نوێی عێراقیان كرد و خۆیان وایان لە خۆیان كرد كە بچنە دەرەوە لە هاوكێشە سیاسییەكە و دابەش بووبوون بەسەر دوو باڵدا كە كەیەكیان زۆر نەتەوەیی بیری دەكردەوە و بەرەی كردبووە بەرامبەر كورد، باڵێكی تریشیان بەردەوام بەرگری دەكرد لە هاتنەوە یان لە سێبەری حزبی بەعس و هەركەس كە ئەجێندا و بیری حزبی بەعسی هەبوبێت، بەوە زیانێكی گەورەیان لەخۆیاندا و وایان كرد ماڵی سوننە زۆر لاواز ببێت و پەرتەوازە بێت، بەشێكی زۆریان بەتایبەت سەركردە سەربازییەكانیان چوونە ناو گرووپە تیرۆریستییەكانەوە ، بەوەش وایان كرد كە ئێستا ترسێك هەیە لە سوننەكان ئەگەر رێگەشیان بدرێت بێنەوە بەوەی هەمان كار و كردەوەكانی پاشماوەی بەعس دەكەنەوە.
سەبارەت بە كوردیش، وەك خۆم رازی نیم لە گۆڕەپانی سیاسی كوردی و یەكڕیزی كورد چ وەك حزبە سیاسییەكان و چ وەك هاووڵاتییانی كوردیش لە دوای ئەو رووداوانەشی لە 25ی ئەیلوول و 16ی ئۆكتۆبەر و ئەو زنجیرە شەڕانەی روویاندا لە ناوچە دابڕێندراوەكان، ئەوەمان نیشان دەدات كە ئێمە یەكگرتوو نین لەنێو خۆماندا، هەروەها خاوەنی روئیایەكی رون نین بۆ داهاتوو كە چیمان دەوێت لە عێراقدا، تا ئێستاش سیاسەتی كەڕ و فەڕ بەكاردەهێنین لەگەڵ عێراقدا، هەتا ئێستاش ئەگەر گوێ لە لێدوانی سیاسییە كوردەكان بگریت یەك ئاراستەی روونی نییە و یەكناگرێتەوە، ئەوەش وا دەكات نابێت ئێمە گلەیی لە پێكهاتەی شیعە بكەین ئەگەر بتوانێت دەست بگرێت بەسەر عێراقدا، لەبەر ئەوەی ئێمە لەناو خۆمان روئیایەكی سیاسی و ئابووری و ئیداری روونمان نییە كە لەناو عێراقدا دەمانەوێت چی بكەین و چۆن دەتوانین داكۆكی لە مافەكانی خۆمان بكەین، هەروەها نوێنەرایەتییەكی راست و دروست بكەین بۆ پێكهاتەكانی خۆمان لەنێو ئەم عێراقە فرە پێكهاتە و فیدراڵیەدا".
سەرۆكی لیستی یەكێتی بۆ هەڵبژاردنەكانی عێراق، باس لەوەش دەكات ئەو رووداوانە و ناكۆكییەكان كاریگەری دەبێت لەسەر پێگەی كورد و ژمارەی دەنگ و كورسییەكانی لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا، لەو بارەیەوە گوتی: "بەتایبەتی لە ناوچە دابڕێندراوەكاندا كورد زۆر بە پەرتەوازەیی دابەزیوە، پاشان یەك سیاسەتی هەڵەش بەكاردەهێنێت كە ئەوەیە لە رێی كۆكردنەوەی دەنگ بۆ لیستە حزبییەكان و ئەو شكاندنەی یەكتر و قسەكردن لەسەر یەكتر، لەو ناوچانەدا مەترسیدارە، بە هۆی ئەوەی بۆ خۆی خەڵكی ئەو ناوچانە لە رووی سەبازی و ئەمنی و ئیداریشەوە زۆر سەقامگیر نین و لە دۆخێكدان كە بەردەوام لە دڵەراوكێدان بەتایبەت لەم رووداوانەی كۆتاییدا، ئەوە وایان لێدەكات لە بڕیاری هەڵبژاردنیشدا كە كێ هەڵدەبژێرن كەوتونەتە دڵە راوكێوە، ئەوەش رەنگە لە كۆتایدا وا بكات دەنگدەر متمانە بە كەس نەكات، ئەوكاتەش دەنگ و نوێنەرایەتی كورد لەو ناوچانە كز دەبێت، ئەمەش مانای وایە كە خاوەنی خاك نییە وەك چۆن بانگەشەی بۆ دەكات".
سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و كاریگەری هەڵبژاردنەكان لەسەر ئەو پەیوەندییانە، جوان ئیحسان لە وەڵامدا دەڵێت "ئەو هاژ و هوژەی لە قۆناغی پێش هەڵبژاردن هەیە زۆر جیاوازە لە قۆناغی دوای هەڵبژاردن، دوای هەڵبژاردنەكان دوو دەنگت زۆر گوێ لێدەبێت، دەنگی ئەوانەی سەركەوتوون لەگەڵ دەنگی ئەوانەی دەنگی پێویستیان نەهێناوە، بەڵام بەو شێوەیەی ئەنجامی دوای هەڵبژاردن ئارامییەكی رێژەییە و جیاوازی هەیە لەگەڵ پێش هەڵبژاردنەكاندا، ئەو موزایەدە و موهاتەراتە سیاسییانەی دەكرێت لە ئاستی سیاسی و ئابووری و ئەمنی و ئیداری كە هەر لیستێك باسی خۆی و دەستكەوتەكانی دەكات و بەرامبەرەكەی دەشكێنێت، هەمووشی هەوڵ دەدات هەستی دەنگدەر لە خوارەوە لە رێی گوتاری سیاسی و تەلەڤیزیۆنی یان لە رێگەی راستەوخۆوە بچنە ناو جەماوەر و هەوڵ دەدەن زۆرترین دەنگ بۆ خۆیان كۆبكەنەوە، ئەوەش وا دەكات ئەگەر كارێك مابێت و بابەتێكی هەڵواسراو لەسەر ئاستی سیاسی وای لێبكات هێندەی تر بیشێوێنێت تا دەگاتە دوای هەڵبژاردن. لە هەرێمی كوردستانیش بە دڵنیاییەوە هاووڵاتییان زیانمەند دەبن لەنێو ئەم كێشمە كێشمەی هەرێم و بەغدادا كە بەغدا ماوەیەكی زۆرە بەتایبەت لە رێگای گوتارەكانی هەفتانەی سەرۆكوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی كاریگەری زۆری كردووەتە سەر دەروونی تاكی كورد".
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئێستادا بە هۆی كێشە و ناكۆكییە ناوخۆییەكانی نێو حزبەكەوە لە دۆخێكی باشدا نییە و بە سەركردایەتییەكی پەرتەوازە و ناكۆكەوە بەرەو هەڵبژاردن هەنگاو دەنێت، بەرپرسانی ئەو حزبەش بە ئاشكرا باس لەو ناكۆكییانە و كاریگەری لەسەر دەنگی حزبەكە لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا دەكەن كە بەشێك لە بەرپرسەكانیان ئەم هەڵبژاردنە بە چارەنوسساز بۆ حزبەكەیان دەزانن.
جوان ئیحسان كە سەرۆكایەتی لیستەكەی دەكات بۆ هەڵبژاردن لەو بارەیەوە قسەی كرد و گوتی: "یەكێتی لە سەرەتای دروستبوونییەوە زۆری لەم ئەزموونانە بینیوە، بەڵام ئەوەی كە گەیشتووەتە ئەم ئاستەی ئێستا، عەقڵیەت و زیهنیەتی كادرانی یەكێتی تەقەبوولی ئەم جۆرە ناكۆكیانە ناكات، رەنگە پێشتر راهاتبێت لەگەڵ دۆخەكەدا، بەڵام ئێستا و لە كۆنگرەی چوارەمەوە بەشێكی باشی ئەم كێشانە چارەسەر دەبێت و بەشێكی باشیشی تێدەپەڕێندرێت، چونكە زیهنیەتی سەردەم تەقەبوولی ئەم جۆرە لە ئیشكردن ناكات، دوای ئەوەش تەمەن و ئەزموونی جیلی نوێ زیاتر حەزیان لە بەرنامەیەكی وازحە كە هەیانبێت و بزانن چی دەكەن بۆ داهاتوو، لەبەر ئەوە رەنگە ئەوە كاریگەرییەكی رێژەیی هەبێت بۆ سەر مەعنەویاتی دەنگدەر بەتایبەت ئەوانەی دەنگدەری ئێمەن، هەروەها واش دەكات هانی لایەنەكانی بەرامبەر بدات كە هەوڵ بدەن دەنگدەری یەكێتی ببەن بەو پێیەی شڵەژاوە یان ناتوانێت ئیعاز بدات.
بەڵام لەمەدا یەكێتی بەرنامەی هەڵبژاردنی جیاكردووەتەوە لە ململانێی ناوخۆی خۆی، چونكە كاری بۆ دەكات و راهاتووە هەموو بابەت و ململانێیەكان پێكەوە ئیدارە دەكات، بەرنامەی هەڵبژاردنیشی بەشێكی جێگیرە و ستراتیجییە كە هەمان بەرنامەی ساڵانی پێشووە كە كاری لەسەر كردووە و دەیەوێت تەواوی بكات و بیگەیەنێتە جێگەی خۆی، بەرنامەیەكیشی ئەوەیە كە چ گۆڕانكارییەك دەكات بە پێی ئەو میحوەرانەی كە خۆی دابەشی كردووە لە پرسی ئابووری و خزمەتگوزاری و ئیداری و بوارەكانی تردا".
بەرپرسەكەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەوەشی گوت "بەردەوام جەخت لەوە دەكەینەوە كە پێویستە بڕیاری كورد لە پرسە چارەنوسسازەكان یەك بێت، بوونی دوو ئەجێندا نابێت و قبووڵ ناكرێت، ئەوە سەركێشییە بە چارەنووسی میلـلەتێكەوە و قابیلی قبووڵكردن نییە، دەبێت ئەجێندای كورد یەك ئەجێندابێت و یەكێتی قبووڵی دووسێ ئەجێندایی ناكات، هەروەها ناچێتە ناو دانوستانێكەوە كە لەتبوونی ماڵی كوردی تیادا بێت، پێشتریش باجی ئەوەمان زۆرداوە و ئامادەشین باجی زیاتری لەسەر بدەین لە پێناو ئەوەی یەكڕیزی نێوماڵی كورد بهێڵینەوە".
news_share_descriptionsubscription_contact

