Hemn Husseyn
10 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 11 ئاب 2016
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان، دکتۆر ئەحمەد ئەنوەرلە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئامارەکانی شەش مانگی رابردووی خستەڕوو.
بەپێی یاساکانی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان پێویستە هەر شەش مانگ جارێک ئامارەکان بڵاوبکرێنەوە و تیایدا ئاماژە بە جۆری داواکان بکرێت.
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان، دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا گوتی: "لە دوێنێیەوە هەڵمەتێکی سەرتاسەریمان دەست پێکردووە بۆ هۆشیارکردنەوەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی دژی وەرگرتنی بەرتیل، هاوکات هەڵمەتێکی دیکەی راگەیاندنمان هەیە وەکو هەڵواسینی پۆستەر کە کۆمەڵیک دروشمی دەستەی دەستپاکی تێدایە و لە سەرجەم فەرمانگەکانی کەرتی گشتی هەڵدەواسرێت کە ژمارەیان 89 فەرمانگەیە".
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند کە هێڵێکی چوار ژمارەییان تەرخانکردووە بۆ پەیوەندیکردنی هاووڵاتییان بە دەستەی دەستپاکی و گوتی: "دوای ماندووبوونێکی زۆر توانیمان هێڵێکی چوار ژمارەیی وەربگرین بۆ ئەوەی هاووڵاتییان پەیوەندیمان پێوە بکەن و ئەو هێڵەش 24 کاتژمێر کراوەیە و ژمارەکەش بریتییە لە 1015 کە هاوبەشانی کۆڕەک تلیکۆم و ئاسیا سێل دەتوانن لە رێگای ئەو ژمارەیەوە پەیوەندیمان پێوە بکەن".
دواتریش داتا و ئامارەکانی شەش مانگی رابردوو خرانە روو.
لە ئامارەکاندا ھاتووە "لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ئاماری گشتی فەرمانگەی لێکۆڵینەوەکان لە سێ پارێزگای ھەرێم بەم شێوەیە بووە کە لە پارێزگای هەولێر ٤٤ داوای زانیاری و ٣٠ داوای ھەواڵدەری و ٢٢ داوای سزایی بووە".
لە ئامارەکانی پارێزگای سلێمانیشدا هاتووە "لە پارێزگای سلێمانی ١٢ داوای زانیاری و ١٣ داوای ھەواڵدەری و ٢٢ داوای سزایی بووە".
بە هەمان شێوە بۆ پارێزگای دهۆکیش لە ئامارەکەدا هاتووە "لە پارێزگای دھۆکیش ١٧ داوای زانیاری و ٤٩ داوای ھەوڵدەری و ٣٤ داوای سزای ھەبووە".
کۆی گشتی داواکانی زانیاری بریتی بووە لە ٧٣ داوا و داواکانی هەواڵدەریش ٩٢ داوابووە و سزاکانیش بریتی بووە لە ٧٩ داوا".
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی لە هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە بارودۆخی عێراق کرد و پێی وابوو کە ئەوەی لە عێراق دەگوزەرێت زیاتر لە پێناسەی گەندەڵی هەڵدەگرێت و لەمبارەیەوە گوتی: "ئەوەی لە عێراق دەگوزەرێت شایانی ئەوەیە پێی بڵێی بەتاڵان بردن، چونکە ئەگەر تەنیا سەیری دۆسیەکانی وەزارەتی بەرگری بکەین دەبینین لەوەتەی دامەزراوە نزیکەی ٨٠ ملیار دۆلار کەمتر نییە".
دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر گوتیشی: "قەیرانی دارایی بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی رێژەی گەندەڵی و تەجاوزات وکۆمەڵێک شتی نەرێنی و دەبێت هەموو لایەک هاوکاری یەکتر بکەین بۆ بنەبڕکردنی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان".