1 23
10 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 11 ئاب 2016
رێورەسمەكە پێش كەمێك و لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە شاری سلێمانی بە سەرپەرشتی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی، كۆسرەت رەسوڵ عەلی و سكرتێری پێشووی حزبی ئایندە، قادر عەزیز و ئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆری سەركردەكانی هەردوولا بەڕێوەچوو، جگە لە پێشكەشكردنی گوتاری هەردوولا لە كۆتاییدا رێکكەوتنەكە لەلایەن ئەو دوو سەركردەیەوە واژوو كرا.
بەپێی رێكکەوتنەكە، قادر عەزیز دەبێتە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی ئایندەش دەبنە ئەندامی سەركردایەتی و ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی، ئەندامەكانی تریشیان دەبنە ئەندامی مەكتەب و مەڵبەند و دەزگاكانی تری یەكێتی.
جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی، كۆسرەت رەسوڵ عەلی لە گوتەیەكدا بۆ ئامادەبووانی رێوڕەسمەكە خۆشحاڵی خۆی بە یەكگرتنەوەی هەردوو حزبەكە نیشان دا و ئاماژەی كرد بەوەی کە رێكکەوتنەكە بۆ هەردوولایەن دڵخۆشكەرە و جێگای خۆشحاڵی هاووڵاتییانی كوردستانیشە.
بەرپرسەكەی یەكێتی باسی لە دۆخی هەرێمی كوردستان كرد و گوتی: "پێویستە هەموو لایەنەكان تەقدیری دۆخی خەڵكی كوردستان بكەن كە خەڵكی هەرێمی كوردستان لە دۆخێكی خراپدایە و پێویستی بە هەوڵی هەموو لایەكە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان".
لەلای خۆیەوە بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، مەلا بەختیار لە گوتەیەكدا پاش پیرۆزبایی كردن و دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی بە یەكگرتنەوەی هەردوولا، گوتی: "ماوەی دوو ساڵە لە كۆبوونەوە و گفتوگۆداین بۆ ئەم رێكکەوتنە تا گەیشتنینە یەكگرتن، پێویستە هەموو هێزەكان ناو ماڵی كوردی یەكبخەن، پێش دوو مانگ لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان رێكکەوتنێكمان واژووكرد كە رێکكەوتنێكی گرنگ بوو بۆ هەردوولا و كۆتایی هێنان بە كێشەكان".
مەلا بەختیار هەروەها گوتی: "پێمان وایە شەڕكردن و یەكتركوشتن كۆتایی هاتووە و تەنها رێگای سازان رێگاكەمانە و ئەوە ستراتیجی هەموومانە، ئومێد دەكەین رێگاكانی چارەسەر لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و لایەنەكانی تریش بدۆزینەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، نابێت پارتی ئیرادەی خۆی بەسەرماندا زاڵ بكات و ئێمەش نامانەوێت ئیرادەی خۆمان بەسەر پارتیدا بسەپێنین، دانانی مەرج كێشەكان وەك خۆی دەهێڵێتەوە".
سكرتێری پێشووی حزبی ئایندەش، قادر عەزیز گوتەیەكی پێشكەش كرد و تێیدا خۆشحاڵی خۆی و ئەندامانی حزبەكەی بەو یەكگرتنەوەیە نیشان دا و گوتی: "ئەم یەكگرتنەوەیە هەوڵی ئێستا نییە و بیرۆكەی جەنابی مام جەلال بووە، هۆكارەكەیشی بۆ پێویستی و دۆخی كوردستان و ناوچەكە و جیهانە كە وای كردووە هەموو لایەنەكان یەكبگرن".
ئەو ئاماژەی كرد بەوەی حزبە نوێیەكەی (یەكێتی) پێویستی بە یەكخستن و یەكڕیزی ناوماڵی خۆی هەیە و ئەو یەكگرتنەوەیەش دەبێتە هۆی یەكخستنی ناوماڵی یەكێتی.
عەزیز ئەوەشی گوت: "لە ماوەی رابردوودا پاشەكشەی یەكێتی قەیرانی گەورەی خوڵقاند و بۆ سەقامیگیری كوردستان پێویستە هاوسەنگی هێز هەبێت".
یەكێتی نیشتمانی كوردستان ساڵی 1975 دامەزراوە و پێشتر قادر عەزیز یەكێك بووە لەسەركردەكانی ئەو حزبە، دواتر لە یەكێتی جیابویەوە و حزبێكی نوێی راگەیاند.