hemn husain
30 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 31 مای,س 2016
بەڕێوەچوونی ئەم كۆنفرانسە لە پێناو بوژاندنەوەی ئابووری هەرێمی كوردستان و پاڵپشتی كەرتی تایبەت بۆ باشتركردنی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان و بە تایبەتی چینی هەژاران بوو.
لە دەستپێكی كۆنفرانسەكەدا وەزیری پلاندانان، دكتۆر عەلی سندی تیشكی خستە سەر هۆكارەكانی سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی و گوتی: "بڕینی بەشە بوودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكوومەتی عێراق، شەڕی داعش، هاتنی ئاوارەكان و دابەزینی نرخی نەوت چەند هۆكارێكی سەرەكی بوون بۆ سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی لە هەرێمی كوردستان، ماوەی دووساڵە بەمەبەستی كەمكردنەوەی كاریگەریەكان حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵ و كۆششی خۆی خستووەتەگەڕ بۆ دۆزینەوەی رێگەچارە بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە".
وەزیری پلاندانان لە سێ خاڵدا باسی نەخشە رێگاكەی كرد كە بریتی بوون لە مێژوو و ناوەڕۆك و داهاتووی پلانەكە و رایگەیاند "ئەم نەخشە رێگایە بەرهەمی چەند ساڵەی كاركردنە لەگەڵ بانكی نێودەوڵەتی و ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و دەزگا نێودەوڵەتییەكانی دیكە، لە هەمانكاتدا پشتی بەستووە بە 45 راپۆرت و توێژینەوەی زانستی".
وەزیری پلاندان ئاماژەی بە قۆناغەكانی ئەو پڕۆژەیە كرد و گوتی: "ئەم قۆناغە نوێیە جێبەجێكردنی چوار پڕۆژە بوو كە یەكەمیان چوارچێوەی ستراتیجی پاراستنی كۆمەڵایەتی بۆ تاوتوێكردنی بابەتی خانەنشینی و بیمەی كۆمەڵایەتی، دووەم نوێكردنەوەی رێنماییەكانی جێبەجێكردنی گرێبەستە گشتییەكان، سێیەم دیاریكردنی گەشەی ئابووری و چوارەم ئەنجوومەنی شوورا بوو".
دكتۆر عەلی سندی گوتیشی: "لە 10-3-2013 وەزارەتی پلاندانان و بانكی نێودەوڵەتی رێككەوتنێكیان واژۆكرد كە پەیوەندییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ گرووپی بانكی نێودەوڵەتی لە قۆناغێكەوە بۆ قۆناغێكی دیكە گواسترایەوە بەمەش بانكی نێودەوڵەتی دەستی كرد بە پێشكەشكردنی هاوكاری تەكنیكی راستەوخۆ بە دامودەزگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان".
وەزیری پلاندانانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە درێژەی گوتارەكەیدا ئاماژەی بە كاردكردن لەسەر سێ سێكتەر كرد و گوتی: "ئێستا پێكەوە كار لەسەر سێ سێكتەری گرنگی دیكە دەكرێت كە بریتین لە سێكتەرەكانی پەروەردە، كارەبا و بازرگانی و پیشەسازی".
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا وەزیری پلاندان عەلی سندی باسی لە تێچووی قەیرانەكانی مرۆیی كرد و گوتی: "لە كۆتایی ساڵی 2014 و لەسەر داوای بەرێز سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران بانكی نێودەوڵەتی دەستی كرد بە هەڵسەنگاندنی كاریگەرییە ئابووری و كۆمەڵایەتییەكانی ئاوارە و رەوشی پەنابەران و شەڕی دژی داعش لەسەر هەرێمی كوردستان، لە دەرەنجامی ئەم راپۆرتە ئەوە ئاشكرا كرا كە تێچووی قەیرانی مرۆیی لەسەر هەرێمی كوردستان تەنیا بۆ ساڵی 2015 لە هەموو سێكتەرەكان 1.4 ملیار دۆلارە".
وەزیری پلاندانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بە راپۆرتەكە كرد و گوتی: "راپۆرتەكە لە 7 بەشی سەرەكی پێكدێت كە 200 لاپەڕەیە و 24 كرداری جۆراوجۆر لەخۆ دەگرێت، كە دیارترینییان بریتین لە ریفۆرمی راژە و مووچە، زیادكردنی داهات، كەرتەكانی دارایی، كشتوكاڵ، بەڕێوەبردن و ئاسایشی ئاو، خزمەتگوزاری و گەشتیاری و وزە و گواستنەوە و گەیاندن".
عەلی سندی راشیگەیاند "لەم بارودۆخەی ئێستادا نزیكەی 4 هەزار پرۆژەی خزمەتگوزاری لەكار وەستاون كە بۆ تەواوكردنییان پێویستیمان بە 5 ملیار دۆلار هەیە، تەواوكردنی ئەو پرۆژانەش سوودی ئابووریان زۆرە و دەبێتە هۆی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری".
دواتر ئابووری ناسی پێشكەوتووی بانكی نێودەوڵەتی و سەرۆكی تیمەكە و نووسەری سەرەكی راپۆرتەكە، سیبێل كۆلاكسیز گوتارێكی پێشكەش كرد و گوتی: "هاوشان لەگەڵ رێوشوێنەكانی چاكسازی دارایی و پەیكەری كارگێڕی، چوارچێوەی پاراستنی كۆمەڵایەتی، حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەبێتە هۆی بەهێزكردن و بەخشینی ئامراز بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ قەیرانی بەردەوامی كۆمەڵایەتی و مرۆیی".
دواتر سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتەیەكی پێشكەش كرد و تێیدا ئاماژەی بە گرفتەكانی هەرێمی كوردستان كرد و هاتنی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی بۆ ئەو كۆنفڕانسە بەرز نرخاند.
لە دەستپێكی گوتارەكەیدا سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران نێچیرڤان بارزانی گوتی: "دەزانین جەنابی سەرۆك بارزانی ماوەی دوو رۆژە زۆر سەرقاڵە بە هۆی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە خازر، بۆیە هاتنی سەرۆك بارزانی بۆ ئەم كۆنفڕانسە و بەجێهێشتنی بەرەكانی جەنگ نیشانەی پشتیوانییەتی بۆ چاكسازییەكانی حكوومەت".
لە درێژەی قسەكانیدا نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "هەرێمی كوردستان لەماوەیەكی كەمدا رووبەڕووی چەندین گرفت بووەتەوە و لەماوەیەكی كەمدا رێژەی سەدا 28 دانیشتووانی هەرێمی كوردستان زیادی كرد، دابەزینی نرخی نەوتیش زیاتر دۆخەكەی ئاڵۆز كرد و رێككارە خێراكانی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی تەنیا رێككاری هەنووكەیی بوون و نابنە چارەسەری یەكجاری، لەبنەما سەرەكییەكانی پلانی ریفۆرم ئەوەیە كە دەرفەتی زیاتر لە كەرتی تایبەت بڕەخسێت و هەر بۆیەش لەبنەما سەرەكییەكانی پلانی ریفۆرم ئەوەیە كەرتی گشتی بەسەر هەرێمی كوردستاندا زاڵ نەبێت، حكوومەت لە رێگەی چەند هەنگاوێكەوە هەوڵدەدات كەرتی گشتی بچووك بكاتەوە".
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بە چۆنیەتی مامەڵەكردن و سیستەمی بانكداری لە هەرێمی كوردستان كرد و گوتی: "دەبێت تێگەیشتن بۆ مامەڵەكردن و بانكداری لە هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی بنەڕەتی بگۆڕین، دەبێت حكوومەت ریفۆرمی دارایی ئەوتۆ بكات كە توانای دارایی بەهێز بكات".
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی بە پەندێكی پێشینان كرد و گوتی: "كەوتن ئەگەر نەمانكوژێت ئەوا بە هێزمان دەكات".
بانكی نێودەوڵەتی لە مانگی ساڵی 1944 دامەزراوە و بارەگای سەرەكی لە واشنتۆنی پایتەختی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكایە و بانكەكە لە دوو بەشی سەرەكی پێكدێت كە بریتین لە بانكی نێودەوڵەتی بۆ بنیادنانەوە و پەرەپێدان كە 188 وڵات تێیدا ئەندامن و ئامانجی سەرەكی بانكەكە كەمكردنەوەی هەژارییە لە جیهاندا.