Muhammet Ali Kemal
30 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 31 مای,س 2016
جێگری سەرۆکوەزیران و گوتەبێژی حکوومەتی تورکیا، نومان کورتوڵموش رایگەیاند ''لەڕێگەی بڕیارە پێشنیازکراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەییەوە، بەرەنگاربوونەوەی پێکهاتەی هاوتەریب چووەتە قۆناغێکی نوێوە. پێکهاتەی دەوڵەتی هاوتەریب بۆ یەکەمجار لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەییدا لەڕێگەی بڕیارێکی پێشنیازکراوەوە وەک رێکخراوێکی تیرۆریستیی ناسێنرا و لە قۆناغی دوای ئەمەدا بەرەنگاربوونەوەی دەچێتە شێوەی بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوێکی تیرۆریستییەوە. هەرچییەکیش بۆ ئەم بڕیارە پێویست بێت، لەلایەن حکوومەت و دامەزراوەکانی سەربە دەزگای دادوەرییەوە جێبەجێدەکرێت''.
کورتوڵموش لە کۆشکی چانکایا لەکاتێکدا کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران، بینالی یڵدرم بەردەوام بوو، روونکردنەوەی دایە رۆژنامەوانان و وەڵامی پرسیارەکانی دانەوە.
لەوەڵامی پرسیاری ئەوەی ''سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی داعش ئەوەمان زانیوە کە تورکیا پێشنیازی ئەوەی بۆ ئەمریکا کردووە کە لەوڵاتەکەیەوە و لە رێگەی جەرابلوسەوە هێرشەکە ئەنجامبدرێت. ئایا دەکرێت وردەکارییەکانی ئەم هێرشەمان بۆ باس بکەن؟'' کورتوڵموش باسی لەوەکرد کە ناتوانن وردەکارییەکان بدرکێنن.
نومان کورتوڵموش باسی لەوەکرد کە لەسەر گۆڕەپانی سووریا هەموو رۆژێک جۆرە یارییەکی نوێ دەکرێت و بەشێکی زۆری ئەم یارییانەش گەیشتوونەتە ئاستی ناڕەحەتکردنی تورکیا.
گوتەبێژی حکوومەتی تورکیا ئەو مووشەکانەی وەبیرهێنایەوە کە ئاراستەی کلیس دەکرێن و ئاماژەی بەوەکرد کە رێکخراوەکانی هاوشێوەی پەیەدە چالاکییەکانیان بەرەو پێشبردووە.
کورتوڵموش رایگەیاند ''تەنها رێکخراوێکی تیرۆریستیی نا بەڵکو ژمارەیەک لەرێکخراوی تیرۆریستیی رێکخراو بوونیان هەیە و لەڕێگەی خۆکوژەکانەوە لە ماوەی رابردوودا بوونە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەکی زۆر مرۆڤ و ئەوانیش وەک حکوومەت ئەوەی کە پێویست بێت ئەنجامی دەدەن بۆ بەرەنگاربوونەوەیان''.
لەوەڵامی پرسیاری ئەوەی ''پوتین رایگەیاندووە کەئامادەن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیادا چاک بکەنەوە بەڵام پێویستە ئەنقەرە لەو بارەیەوە هەنگاو بنێت، ئایا چۆن هەنگاوێک لەلایەن تورکیاوە دەنرێت؟''. کورتوڵموش رایگەیاند ''لە کاتی قەیرانی خستنە خوارەوەی فڕۆکەکەوە ئێمە بەردەوام ئەوەمان گوت کە 'نە تورکیا دەتوانێت رووسیا لەبەرچاو نەگرێت و نە بە پێچەوانەشەوە' چونکە تورکیا و رووسیا لەم ناوچەیە دوو دراوسێی دێرینن. جارجار رکابەر بوون و جارجار دۆستایەتییان هەبووە، لەهەموو بوارەکاندا پەیوەندییەکانیان بەرەوپێشبردووە''.
جەختی لەوەشكردەوە کە لەماوەیەکی کورتدا پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و رووسیا دووبارە ئاسایی دەکرێنەوە و لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا ئاستەنگ و بەربەستگەلێک بوونی نییە کە نەتوانرێت چارەسەربکرێت و تێپەڕێنرێت و هیوای خواست لە کورتترین ماوەدا لەڕێگەی دایەلۆگەوە کێشەکان چارەسەربکرێن.