Hemin Hüseyin
28 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 29 ئاب 2017
هەولێر-AA
لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە شاری هەولێر، زانکۆی جیهان کۆنگرەیەکی لە ژێر ناونیشانی" کۆنگرەی نەخشە رێگای دەوڵەتی کوردستان لە روانگەی زانستەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریی" ساز کرد کە تیایدا بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بەشدار بوون.
لە پانێڵی یەکەم کە بریتیی بوو لە باسکردن لەسەر دەوڵەتی کوردستان لە روانگەی لایەنە سیاسییەکان کە پێکهاتبوون لە هەریەک لە ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، هێمن هەورامی و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، عەدنان موفتی و سکرتێری حزبی شیوعی کوردستان، کاوە مەحموود و کارگێڕی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، خەلیل ئیبراهیم.
سەرەتای پانێڵەکە، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، هێمن هەورامی گوتی: "ئەوانەی لەسەر ئاستی دەرەوە پێیان وایە کە دەبێت ریفراندۆم دوابخرێت، ئەوا دەیانەوێت ئێمە لاوازبکەن تاوەکو خۆیان بەهێز دەکەنەوە ئەوکات پێمان دەڵێن ئێوە مافی ریفراندۆمتان نییە و لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بڕۆنە دەرەوە. نەبوونی دەردی دەوڵەت وایکرد ئێمە سەروەریمان نەبێت، ئەمەش وایکردووە بەردەوام لەژێر هەڕەشەیەکی قوڵدابین، ئێمە لەبەر ئەوەی دەوڵەتمان نەبوو سەرکەوتوونەبووین و نەمانتوانی دەستوور و زمانێکی ستانداردمان هەبێت، نەماتوانیووە بەشداربین لە کۆمەلێک رێککەوتننامەی نێودەوڵەتی، لێرەدا کە دەڵێین ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەکرێت بۆ ئەوەیە وەڵامی ئەو گرفتانە بدەینەوە کە لەماوەی رابردوودا هاتووەتە پێش".
هێمن هەورامی گوتیشی: "ئێمە لەسەر سێ ئاست، جیهانی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان لەبەردەم سێ دەرفەتداین کە بۆ ئێمە دەرفەتی هەمیشەیی نین کە لەسەر ئاستی جیهانی قۆناغەکە گۆڕاوە و قۆناغی گواستنەوە هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە بۆشاییەکی سیاسیی و ئەمنییدا تێدەپەڕێت و بە پێی ئامارەکانیش زۆرترین رێژەی ئاوارە و پەنابەر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە".
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان پێی وایە ئەگەر بڕیار لەسەر سەربەخۆیی نەدرێت ئەوا پڕیشکی ئاگرەکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەر هەرێمی کوردستان دەکەوێت و لە درێژەی قسەکانیدا هێمن هەورامی گوتی: "ئەگەر بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆمان نەدەین ئەوا پڕیشکی ئاگرەکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەر ئێمەش دەکەوێت".
لەسەر ئاستی ناوخۆشدا، هێمن هەورامی گوتی: "لەسەر ئاستی ناوخۆ یەکەمجارە حکومڕانییەکی درێژخایەنمان هەبێت و توانیوومانە کوردستان بکەینە بەشێک لە مەنزومەی ئەمنی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتی، ئێستا کوردستان دەتوانێت و توانیوویەتی فاکتەرێکی گرنگی جیۆپۆلۆتیکی ناوچەکە بێت".
هێمن هەورامی ئاماژەی بە روانگەی پارتەکەی کرد بۆ سیمای دەوڵەتی داهاتوو کە پێی وایە دەبێت دەوڵەتێک دروست بێت کە زەمینەسازی بۆ هەموو پێکهاتەکان بکات و مافەکانییان دەستەبەر بکرێت و لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "روانگەی ئێمە بۆ سیمای دەوڵەت بریتییە لە دورستبوونی دەوڵەتی کوردستان نەک دەوڵەتی کورد، ئەو دەوڵەتە پێویستی بە سیستەمێکی پەرلەمانی کۆماری هەیە بۆ ئەوەی زەمانەتی دەستووری و یاسایی بۆ پێکهاتەکان دەستەبەر بکات، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە دەستکاریکردنی سروودی ئەی رەقیب و ئاڵای کوردستان کە هەموو پێکهاتەکان خۆیان تێیدا ببیننەو، پێویستمان بەوە هەیە کە خزمەتی سەربازی بە یاسا رێکبخرێت و هەموو کەسێک مافی بەشداربوونی هەبێت".
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاماژەی بەوەشکرد کە کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان بە ئەرێنی دەبینن و پێی وایە کاریگەری نەرێنی لەسەر پڕۆسەکە نابێت و لە درێژەی قسەکانیدا، هێمن هەورامی گوتی: "کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان بە نەرێنیی نابینین و دەتوانرێت گفتوگۆیان لەگەڵ بکرێت و بەڵام لەو چوارچێوەیەش دەتوانین هەندێک خاڵی ئەرێنی تێێدا ببینین، بۆ نموونە لە میانی سەردانیکردنی وەزیرانی دەرەوە و بەرگری فەڕەنسا، وەزیری بەرگری فەڕەنسا بە هیچ شێوەیەک نەیگوت کە ئەگەر ئێوە بەردەوام بن لەئەنجامدانی پڕۆسەی ریفراندۆم، ئەوا ئێمە هەموو هاوکارییە سەربازییەکان رادەگرین، بە هیچ شێوەیەک نەیگوت ئەگەر وڵاتانی دیکە پەلاماری ئێوەیان دا ئەوا ئێمە نایەینە سەر خەت، بە پێچەوانەوە، وەزیری بەرگری فەڕەنسا گوتی ئەگەر کوردستانی عێراق خوازیاربێت سەربەخۆ بێت، ئەوا ئێمەش خوازارین پەیوەندییە سەربازییەکانمان فراوانتر بێت و گوتیشی ئێمە لە هەموو حاڵەتەکان لەگەڵتان دەبین هەروەک چۆن لە شەڕدا لەگەڵ ئێوەبووین ئەوا لە ئاشتیشدا لەگەڵ ئێوە دەبین".
هێمن هەورامی ئاماژەی بە هاتنی وەزیری دەروەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغلو بۆ هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "راستە تورکیا و ئێران هەڵوێستیان روونە بەڵام وەزیری دەرەوەی تورکیا لە میانی سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان بە ئاشکرا گوتی نەسنوور دادەخرێت و نە پەیوەندی ئابووری کۆتایی پێ دێت".
سەبارەت بە دواخستنی پرسی ریفراندۆمیش، هێمن هەورامی گوتی: "شاندی باڵای ریفراندۆم بۆ گفتوگۆ لەسەر سەربەخۆیی چووەتە بەغدا و بۆ وەرگرتنی پلە و پۆست نەبووە، پڕوپاگەندەیەکی زۆر بێ بنەماش هەیە کە گوایا ریفراندۆم دوادەخرێت، بۆیە بە هەموو شێوەیەک ئەوە رەتدەکەیەنەوە، ئێمە دەتوانین پڕۆسەکە پێش بخەین بەڵام بە هیچ شێوەیەک ناتوانین دوایبخەین".
بابەتی کاراکردنەوەی پەرلەمانیش تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکە بوو کە سەبارەت بەم تەوەرەش، هێمن هەورامی گوتی: "لە کۆبوونەوەی یەکەمی ریفراندۆم لایەنە سیاسییەکانی هەرێم داوایان لە پارتی کرد لە پێناو بەرژەوەندی گشتی، هەندێک زیاتر نەرمیی بنونێنی و لەبەرامبەردا ئێمە هەموو مەرجەکانمان لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان هەڵگرتووە، بەڵام ئەگەر لایەنێکی دیاریکراو مەرج دابنێتەوە، ئەوا ئێمە داوای هەڵوێست لە پارتە سیاسییەکان دەکەین چونکە ناکرێت پڕۆسەکە بەهۆی کەلـلـە رەقییەوە بوەستێت".