Dilşad Seyfeddin Ahmet
29 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 29 شوبات 2016
سكرتێری حزبی سۆشیالیست دیموكراتی كوردستان محەمەدی حاجی مەحموود لە دیمانەیەكی ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە دۆخی سیاسی و دارایی هەرێمی كوردستان، هۆكاری دواكەوتنی كۆبوونەوەی دووەمی بارزانی و لایەنە سیاسییەكان، پرسی ریفراندۆم و پەیوەندی ئەو پرسە بە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمریكا و پرۆسەی رزگاركردنی مووسڵ دەكات.
محەمەدی حاجی مەحموود لەسەرەتادا و لەبارەی رەوشی سیاسی هەرێمی كوردستانەوە دواو گوتی: "دۆخی سیاسی ئێستای كوردستان و ناوچەكە ئاڵۆزە، ئەو دۆخە سیاسییەش كاریگەریی كردووەتە سەر زۆر بابەتی تر لەوانەش دۆخە سیاسییەكە و ململانێ سیاسییەكەی نێوان وڵاتان وای كردووە نرخی نەوت بۆ ئاستێكی نزم دابەزێت كە بەو هۆیەوە هەرێمی كوردستانیش زیانی كردووە، كورد لەم دۆخە و ململانێی زلهێزەكاندا كە لەسەر ناوچە كوردییەكانە پێویستە ناوماڵی خۆی یەك بخاتەوەو یەك هەڵوێست و یەك بۆچوون بن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان".
ئەو هەروەها گوتی: "حكوومەت كەسەرەتا دامەزرا حكوومەتێكی سەرە فراوان بوو نەوەك حكوومەتێكی بنكە فراوان و ئەو پێنج لایەنەی كابینەی حكوومەتیان پێكهێنا سەركەوتوو نەبوون لە كارەكەیان، ئەو لایەنانەی تائێستاش باس لەگەندەڵییەكانی حكوومەت دەكەن شەڕ لەسەر ئەو حكوومەتە دەكەن و دیانەوێت لە حكوومەت بمێننەوە".
محەمەدی حاجی مەحموود كە سەرپەرشتیاری بەرەكانی میحوەری كەركووكە لە جەنگی دژ بە داعشدا و پێشتریش لە كابینەی حكوومەت پۆستی وەزیری دەوڵەتی هەبووە و سەرۆكی فراكسیۆنی حزبەكەشی بووە لە پەرلەمانی كوردستان، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات "دۆخەكە بەو ئاراستەیەدا دەچێت لە نێوان دوو لایەن (پارتی دیموكراتی كوردستان، یەكێتی نیشتمانی كوردستان) یان سێ لایەن حكوومەتێكی زۆرینە لە كوردستان دروست بكرێت".
ئەو لەبارەی كۆبوونەوەی دووەمی لایەنەكان لەگەڵ بارزانی دواو باس لە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی یەكەمیش دەكات "كۆبوونەوەی پێشوو كە ئەنجامدرا سەرۆكی هەرێمی كوردستان داوای كرد پرسی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان یەكلا بكرێتەوە و داوای لەلایەنە سیاسییەكان كرد كەسێكی تر بۆ سەرۆكی هەرێم دیاری بكرێت بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەیی خۆی نیشاندا لە ماوەی دوو هەفتەدا پۆستەكەی رادەست بكات، یان هەڵبژاردن ئەنجام بدرێتەوە ئەگەر نا ئالیەتێك دابنرێت كە دۆخەكە بەو شێوەیە بڕوات تا ساڵی 2017، بەڵام لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولایەنی یەكێتی و یەكگرتوو پێشنیاری ئەوەیان كرد كە ئەو بابەتە رابگیرێت و لیژنەی بۆ درووست بكرێت".
لەو بارەیەوە زیاتر گوتی: "بە كشانەوەی یەكگرتوو لەو لیژنە سێ كەسییە لیژنەكە نەیتوانی بگاتە ئەنجام، ئێستا چاوەڕوانی كۆبوونەوەی دووەمی لایەنەكانن لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان و وادەشی بۆ دیاری كرا بەڵام ئەو كۆبوونەوەیەش لەسەر داوای یەكێتی نیشتمانی كوردستان دواخراوە و پێدەچێت كۆبوونەوە لە نێوان یەكێتی و پارتی هەبێت و بۆ ئەوە دواخراوە تا ئەوان بگەنە ئەنجامێك".
سكرتێری حزبی سۆشیالیست لە بەشێكی تری دیمانەكەی ئانادۆڵو سەبارەت بە قەیرانی دارایی هەرێمی كوردستان دواو گوتی: "لە ماوەی 25 ساڵی رابردودا حكوومەت نەیتوانیوە بەشێوەیەكی باش ئیدارەی دۆخەكە بكات، هەروەها لەو كاتەی پارەیەكی زۆر هاتووەتە كوردستانەوە حكوومەت نەیتوانیوە پارەیەك پاشەكەوت بكات بۆ ئەم كاتەی ئێستا، بەو شێوەیەشی ئێستا هەیە لە كەمكردنەوەی مووچە ناتوانێت كێشەكە چارەسەر بكات و پێویستە چاو بە كۆی سیستمی مووچەدا بخشێنرێتەوە".
ئەوەشی گوت: "لە هەرێمی كوردستان تائێستا سیستمێكی ئابووریمان نەبووەو تەنها دارایمان هەبووە و پارە خەرج كراوە، هیچ پڕۆژەیەكی تری گەورە و بەرهەمهێنان نەبووە كە ژمارەیەكی زۆر خەڵك كاری تێدا بكات یان بەرهەمێكی ناوخۆیی هەبێت".
محەمەدی حاجی مەحموود لەگەڵ ئەوەی سكرتێری لایەنێكی سیاسی هەرێمی كوردستانە و خاوەنی یەك كورسی پەرلەمانی كوردستانن، لە بواری خەباتی چەكداریشدا مێژوویەكی گەورەی هەیە لە روبەڕووبوونەوەی رژێمی پێشووی عێراق، لە جەنگی داعشیشدا سەرپەرشتیاری بەرەی كەركووكە و لە زۆربەی شەڕەكاندا ئامادەیی هەیە، ساڵی رابردووش لە كاتی هێرشێكی چەكدارانی داعش لە سنووری كەركووك كوڕێكی شەهید بوو.
ئەو بەردەوام رەخنەی لە حكوومەت هەیە كە كەرتی كشتوكاڵی لە هەرێمی كوردستان فەرامۆش كردووەو وەك پێویست ئاوڕی لە جوتیاران و بەروبوومی ناوخۆ نەداوەتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش بۆ خۆی لە گوندەكەیاندا وەك جوتیارێك زۆركات سەقاڵی كاری كشتوكاڵی و چاندنەو زۆربەی خواردن و بەربوومەكانی بەرهەمی كێڵگەكەی خۆیەتی.
لە كۆتایی دیمانەكەدا و لەبارەی پرسی ریفراندۆمەوە سكرتێری حزبی سۆشیالیست دیموكراتی كوردستان گوتی: "ریفراندۆم مافی هەموو میلەتێكی دنیایە و تەنها بۆ ئەوە نییە دەوڵەتی كوردی رابگەیەنیت، وەك پێشتر یۆنان بۆ دەرچوون لە پارەی یۆرۆ ئەنجامیاندا، پێشتریش هەرێمی كوردستان بە ئەنجامدانی راپرسییەك بۆ سەربەخۆیی كوردستان كە 98 لەسەدی بەدەستهێنا و دواتر داواكارییەكە برایە بەغدا توانرا وەك وەرەقەیەك بەكار بهێنرێت و كۆمەڵێك دەستكەوت بۆ هەرێمی كوردستان بەدەست بهێنرێت، رەنگە ئەم وەرەقەیەش ئەگەر بەدەستمانەوە بێت بتوانین چارەسەری كێشەكانی پێبكەین لەگەڵ بەغداد و وڵاتانی تری دنیادا".
ئەو بەرپرسەی كورد كات بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆمەكە بە گرنگ ناو دەبات و باس لەوەش دەكات ئەگەر ریفراندۆم بكەوێتە دوای پرۆسەی رزگاكردنی مووسڵ و هەڵبژاردنەكانی ئەمریكاوە بەهایەكی نامێنێت. زەمەن بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم گرنگە، بۆ ئێمە دوو خاڵی گرنگ هەیە یەكەم پێش ئەوەی مووسڵ ئازاد بكرێت پێویستە كورد زۆرێك لە داواكانی خۆی لەگەڵ عێراق و ئەمریكا و وڵاتانی تر چارەسەر بكات، هەروەها بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆمیش پێش رزگاركردنی مووسڵ و هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا گرنگە، چونكە لەم كاتەدا گوێ لە داواكانمان دەگرن بە پێچەوانەوە دوای ئەو دوو پڕۆسەیە ئەو لایەنانە ئیشیان بە كورد نامێنێت و وەڵامی داواكانمان نادەنەوە".