Hemn Baban
29 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 01 ئادار 2016
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت هەر پێشێلكارییەكی مافی مرۆڤ هەبێت سزای بكەرەكان دەدەین و پێشێلكارییش ئەگەر كرابێت لەسەر ئاستی تاكەكەسی بووە و سزادەدرێن.
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان فەریق جەبار یاوەر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا ئەمڕۆ لە هەولێر رایگەیاند شاندێكی وەزارەتەكەیان بۆ چەند پرسێك و لەسەر داوای بەرپرسانی ئەمریكا مانگی داهاتوو سەردانی ئەو وڵاتە دەكەن.
لەوبارەیەوە لەو كۆنگرەیە كە ئاژانسی ئانادۆڵوش ئامادەی بوو رایگەیاند"سەردانەكەمان بۆ ئەمریكا چەند ئامانجێكی هەیە، بۆ كۆبوونەوەیە لەگەڵ هەموو لایەنەكانی ئەمریكا لە كۆنگرێس و وەزارەتی دەرەوە پێنتاگۆن و دەزگای ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەمریكا و دەزگاكانی تركە پێویستە لەگەڵیان كۆ ببینەوە و دابنیشین، مەبەست لەو سەردانەش بۆ ئەوەیە داوای چەك و تەقەمەنی زیاتر بكەین، هەروەها داواكاریی بۆ دابینكردنی بودجەی پێشمەرگە بكەین لەگەڵ باسكردنی هەلومەرجی ئێستای شەڕ و پڕۆسەی رزگاركردنی شاری مووسڵ لە دەستی داعش".
یاوەر لەبارەی داواكارییەكانی پەیوەست بە چەك و تەقەمەنییەوە گوتیشی" داوای چەكی زیاتر و تەقەمەنی زیاتر و جۆری باشتر دەكەین".
سەبارەت بەو راپۆرتە نێودەوڵەتییانەشی لێرە و لەوێ رەخنە لە بوونی پێشێلكاریی لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە دەكەن دژ بەدانیشتوانی گوندە عەرەب نشینەكان ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە گوتی" راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان باسی پێشێلكاریی دەكەن، ئێمە بە هاوكاری لەگەڵ لێژنەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان وەڵامی ژمارەیەك راپۆرتمان داوەتەوە كە باس لە بوونی پێشێلكاری دەكەن، وەڵامەكانی ئێمە بە بەڵگەوەیە و چەند خاڵێكی سەرەكی هەیە، ئێمە گوتوومانە ئەو رێكخراوانە رێزمان بۆیان هەیە و هەقی خۆیانە چاودێری مافەكانی مرۆڤ لە دنیا بكەن، بەڵام دەبوو پێش بڵاوكردنەوەی راپۆرتەكانییان بێنە لای ئێمە كە تۆمەتبار كراوین، دەبوو بەپێی یاساش وایە تۆمەتبار بۆچوونی وەربگیرێت".
گوتیشی" ئەوانەی لەو راپۆرتانەدا باسكراون هەمووی تۆمەتن، ئێمە ئامادەبووین لەگەڵیاندا لێكۆڵینەوەش بكەین لەسەر ئەوانەی باس كراون، ئینجا ئەو وێرانییانەی هەبوون كە باسكراوە پەیوەندیی بەشەڕەوە هەیە، ئێمە لە حكوومەتی هەرێم سیاسەتمان نییە پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ بكەین بەتایبەتی لەكاتی شەڕ، ئامادەشین بۆ هەموو بابەتێك كە لەوبارەیەوە هەبێت و ئەوانەشی پێشێلكاری دەكەن سزا دەدرێن ئەگەر هەبێت".
جەبار یاوەر كە رەخنەی زۆری لە ناوەڕۆكی ئەو راپۆرتانە گرت لە درێژەی قسەكانیدا گوتی" زۆری لەوانەی باسكراون تۆمەتن، راست نیین، بەڵام رەنگە لێرە و لەوێ پێشێلكاریی تاكەكەسی كرابێت، بەڵام ئەوە سیاسەتی هەرێم نییە كە پێشێلكاریی دژ بە مافەكانی مرۆڤ بكات، ئەوەشی تاكەكەسی كراون سزا دەدرێن".
لەبارەی بەكارهێنانی چەكی كیمیاییش لەلایەن چەكدارانی داعشەوە لە دژی هێزەكانی پێشمەرگە جەبار یاوەر لەو كۆنگرە رۆژنامەوانییەكە گوتی" چەكدارانی داعش چەند جارێك لە دژی هێزەكانی پێشمەرگە چەكی كیمیاییان بەكارهێناوە، بۆ حەوتەمین جارە ئەو چەكانە بەكاردەهێنن كە بە زۆرینە غازی كلۆر بوون كە چاو فرمێسكیان پی دەكات و هەناسە توند دەكات، ئەوەش چەندین برینداری پێشمەرگەی لێ كەوتووەتەوە، بەپێی بەڵگەی رێكراوە نێودەوڵەتییەكان و وەزارەتی بەرگری عێراق و هێزەكانی هاوپەیمانان چەكدارانی داعش جارێك غازی خەردەلییان لە دژی پێشمەرگە بەكارهێناوە و چەندین پێشمەرگەش بریندار بوون، داعش ئەوە بۆ حەوتەمین جارە و زیاترینی ئەو چەكانە غازی كلۆرن و چاو فرمێس دەكات و هەناسە توند دەكات".