هەولێر
بەپێی لێژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سرووشتییەكان بێت لە هەرێمی كوردستان تەنها سێ پاڵاوگەی یاسایی هەن كە ئەوانیش كەڵەك و بازیان و تاوكین.
سەرۆكی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاشكرای دەكات لە هەرێمی كوردستاندا ژمارەیەكی زۆر پاڵاوگەی نایاسایی هەن كە كاریگەریی خراپییان لەسەر ژینگە دروستكردووە.
لەوبارەیەوە سەمەد محەمەد حوسێن گوتی "لە هەرێمی كوردستاندا لەنێوان 160 بۆ 170 پاڵاوگەی نایاسایی سووتەمەنی هەن كە بەشی هەرە زۆریان نایاسایین و لە شوێنی خراپ دروستكراون، ئەو پاڵاوگانە كاریگەریی خراپییان لەسەر ژینگەی هەرێم زۆرە، هەم لەسەر خاك و هەم لەسەر ئاوی سەرزەوی و ئاوی ژێر زەوی و هەواش، هەروەها لە كوالیتی بەرهەمەكانیشان یەكجار خراپن، بۆیە لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان بەردەوام لە هەولی ئەوە داین رێگە چارەیان بۆ بدۆزینەوە، هەم پێداویستی هەرێم دابین بكرێت و وردە وردە ئەو پاڵاوگانەشی كە زیان بەخشن دابخرێن.
گوتیشی لە دامەزراندنی ئەو پاڵاوگە نایاساییانە هیچ پرسێك بە دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە نەكراوە.
سەمەد محەمەد لە درێژەی قسەكانیدا باسی لەوەشكرد كە كۆمپانیا بیانییەكانی نەوت ئەوانەی لە هەرێمدا كاردەكەن كاریگەری خراپیان بۆ سەر ژینگە هەیە، لەو رووەوە دەڵێت "ئەو كۆمپانیایانەی گرێبەستیان لە بواری نەوت و غاز لەگەڵ حكوومەتی هەرێم هەیە بڕگەیەك لە گرێبەستەكاندا لەبارەی پاراستنی سرووشتی كوردستان هەیە، بەڵام وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان بەشێكی بۆ پاراستنی ژینكە هەیە و خۆیان چاودێری ئەو كۆمپانیایانە دەكەن، بەڵام ئەوە تێكەڵی لە كارەكانی ئێمە دروستكردووە، هەر بۆیەشە لە هەماهەنگی داین بۆ ئەوەی نەهێڵین ژینگەی كوردستان پیس بكەن".
گوتیشی" ئەو كۆمپانیایانە ژینگەی كوردستان تێكدەدەن، هەرچەندە هەر پێشوەچونێك لە پیشەسازیدا دەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگە".
بڕیاردەری لێژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سرووشتییەكان رۆزا مەحموود لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی لە هەرێمی كوردستاندا سێ پاڵاوگەی یاسایی هەن دوانییان توانای پاڵاوتنییان زۆرە ئەوانیش پاڵاوگەكانی كەڵەك و بازیان، هەروەها پاڵاوگەی تاوكیش هەیە كە توانای پاڵاوتنی لەوان كەمترە.
سەبارەت بە پاڵاوگە نایاساییەكانیشەوە رۆزا مەحموود گوتی" لە هەرێمدا زیاتر لە 150 پاڵاوگەی نایاسایی هەن كە بەرهەمەكانیان كوالیتیان نییە و پاڵاوگەی بچوكیشن، لە پەرلەمان داوای داخستنی ئەو پاڵاوگانەمان لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان كردووە، بەپێی زانیارییەكانمان وەزارەت لە مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی رابردوو لێژنەیەكی بۆ ئەو مەبەستە پێكهێنا و پێیان راگەیاندین ئەو كارە بە دوو هەفتە تەواو دەبێت، بەڵام هێشتا شتێكی ئەوتۆ نەكراوە".
ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەشكرد كە نایاسایی بوونی ئەو پاڵاوگانە ئەوەیە بەپێی یاسا و دەقە یاساییەكان دانەمەزراون و زۆرینەیان لەرێگەی كەسانێكی نزیك لە بەرپرسەكان دامەزراون.