Hemın Babn
30 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 01 کانوونی یەکەم 2015
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی كۆنتڕۆڵی جۆری زێڕ و خشڵ بەكر عەزیز بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت: "هەزار و 500 مۆڵەتی زێڕنگەری و 200 وەرشەی چاككردنەوە و دروستكردنی زێڕ لە كوردستان هەن".
لە ساڵی 2014 بڕی 77 هەزار و 779 كیلۆ زێڕ هێنراونەتە هەرێمی كوردستانەوە، لە رێگەی هەولێرەوە 31 هەزار و 766 كیلۆ و سلێمانی 44 هەزار و 633 كیلۆ و دهۆك هەزار و 379 كیلۆ هاوردەكراون.
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی كۆنتڕۆڵی جۆری خشڵ و زێڕی هەولێر بەكر عەزیز لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت: "لە نۆ مانگی ئەمساڵدا زیاتر ل 46 هەزار كیلۆ زێڕ هاوردەی هەرێمی كوردستان كراون كە بەمشێوەیە بوون، لە رێگەی هەولێرەوە بڕی 16 هەزار و 347 كیلۆ زێڕ و لە سلێمانی 28 هەزار و 224 كیلۆ و لە دهۆك 983 كیلۆ زێڕ هاوردە كراون".
لەبارەی هاوردەكردنی زێڕیش لە ئەمساڵدا بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشوودا دەڵێت: "ئامارەكانی ساڵی 2014 دەریدەخات هەرێمی كوردستان لەو ساڵەدا بڕی 77 هەزار و 779 كلیۆ زێڕ هێنراوەتە هەرێمی كوردستان كە بەمشێوەیە بووە، هەولێر بڕی 31 هەزار و 766 كیلۆ و سلێمانی 44 هەزار و 633 كیلۆ و دهۆك هەزار و 379 كیلۆی بۆ هاتووە".
دەربارەی هێنانی زێڕ لە دەرەوەی هەرێمی كوردستانەوە بەكر عەزیز دەڵێت لە پاش گرتنی مووسڵ لەلایەن داعشەوە لە سەرەتاكانی مانگی حوزەیرانی 2014 لە كەمی داوە، مانگی ئابی ئەو ساڵەش بە كەمترین مانگێك دەزانێت زێڕی تێدا هاوردە كرابێت.
ئەو بەرپرسە سەبارەت بە زێڕی ساختەشەوە گوتی: "زێڕی ساختە نایەتە هەرێمی كوردستانەوە، چونكە ئەو زێڕە لەلایەن كۆمپانیا بەناوبانگەكان دروست دەكرێت و دواتر هەناردەی دەكەن، هەمووی تۆمار دەكرێت وەكو ئەوەی لە ئیمارات و توركیا دەكرێت و لەو وڵاتانە پێش ئەوەی زێڕەكە هەناردە بكرێت لە رێگەی تەرازووەوە، زێڕنگەران و لە رێگەی ئەو دەزگایانەی هەیانە كۆنتڕۆڵ دەكرێت هەروەها لەگەڵ داخڵبوونی بۆ نێو كوردستان ئێمە لەلایەن دامودەزگاكانمانەوە كۆنتڕۆڵ دەكرێت".
بەکر عەزیزی زیاتر دوا و گوتی: "بەشێوەیەكی گشتیی ئەو زێڕەی كە ساختە بێت یان عەیاری كەم یان تەواو نەبێت داخڵی كوردستان نابێت، پێشتر زێڕی عەیار كەم زیاتر لە عێراق و بەدیاریكراوی لە مووسڵ دروست دەكران و دەهێنرانە شارەكانی هەرێمەوە. هەرچەندە شتێك بەناوی زێڕی ساختەوە نییە، بەڵام زێڕی عەیار كەم هەیە، ئەوەش كڕیار زۆر هەستی پێ دەكەن بۆیە ئەستەمە زێڕ ساختە بكرێت".
بەكر عەزیز لە درێژەی قسەكانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لەبارەی ئاماری زێڕنگرانەوە لە هەرێمی كوردستان روونی دەكاتەوە: "لە سێ پارێزگاكەی هەرێمی هەزار و 500 مۆڵەتی زێڕنگرییمان هەیە، نزیكەی 200 وەرشەش دروستكردنی زێڕمان هەیە و ئەو وەرشانەش بە كارگە حساب ناكرێت. چونكە گەورەنیین، تەنها ئیشی چاككردنەوەی زێڕ دەكەن. واتە كەمتر زێڕ دروست دەكەن، ئەو كار و بەرهەمانەشی لەو وەرشانە دروست دەكرێت تەنها رێژەی 10 لەسەدی پێویستیی هەرێمی كوردستان لە زێڕ پڕ دەكاتەوە، ئەوی دیكە هەمووی لە دەرەوە هاوردە دەكرێت".
سەبارەت بە سەرچاوەی هاوردەكردنی زێڕی كوردستانیشەوە بەڕێوەبەری كۆنتڕۆڵی جۆری خشل و زێڕ بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت: "بە پلەی یەكەم ئەو زێڕەی لە هەرێمی كوردستانە لە وڵاتی ئیماراتەوە هاوردە دەكرێت و زیاتر لە بازاڕەكانی دوبەی، ئینجا لە وڵاتی توركیا بە پلەی دووەم. لە پاش ساڵی 2008ەوە زۆرینەی ئەو زێڕانەی كە پێویست بوو بۆ عێراق لە رێگەی هەرێمی كوردستانەوە دەهات، ئەوەش لەبەر بارودۆخی ئەمنی عێراق و هێمنی و ئاسایشی هەرێم چونكە ئەو كانزایە گرانبەهان و هەمیشە ئەو رێگایانە هەڵدەبژێرن كە ئاسایشی زیاترە. هەروەها رێ وشوێنی گومرگەکانی هەرێمیش گونجاوترە و وادەكات بازرگانان هەمیشە لە رێگەی هەرێمەوە كارەكانیان ئەنجام بدەن".
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی كۆنتڕۆڵی جۆری زێڕ و خشڵی هەولێر بەكر عەزیز لە درێژەی قسەكانیدا لەو هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە زیو دەكات و دەڵێت: "هەتا ئێستا گرنگییەكی باش بە زیو لە هەرێمی كوردستان نەدراوە بەڵام ئێستا كڕیاری زیو لە زیادبووندایە بۆیە لە بەرنامەماندایە كە گرنگیی زیاتری پێ بدەین".
لەبارەی زێڕی عەیار كەمیشەوە دەڵێت: "ئێمە لێژنەمان هەیە و كاتێك ئەو زێڕانە دێتە هەرێمی كوردستانەوە هەمووی تۆمار دەكرێت، دواتر ئەو كەسانەی كە زێڕ دەهێنن ناوەكانیان لەلای ئێمە هەیە و ئەوان بەرپرسن لەو زێڕەی هاوردەی دەكەن، پێش ئەوەی داخڵی بازاڕەكانی هەرێمی كوردستانی بكەن ئێمە نموونەیەكی لێ وەردەگرین و پكشنینی بۆ دەكەین، لە رێگەی سەندیكای زێڕنگەرانیشەوە چاودێریی بازاڕەكان دەكەین و رەچاوی داوای هاووڵاتیان دەكرێت. ئەگەر هەر زێڕێك عەیاری زۆر كەم نەبێت ئەوا داوای لێدەكرێت زێڕەكە بتوێنێتەوە و دووبارە دروستی بكاتەوە. ئەگەر عەیاری زۆر كەم بوو ئەوە لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵدا دەكرێت بەڵام ئەم حاڵەتانەمان زۆر دەگمەن روو دەدات چونكە كۆمپانیاكان ناوبانگی خۆیان ناخەنە مەترسییەوە".
سەبارەت بە هەقدەستی زێڕی توركی كە زیاترە لە هی كەنداوە، بەكر عەزیز دەڵێت: "ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ سەر ئەو وڵاتەی كە زێڕەكەی لێ دروست دەكرێت. لە ئیمارات زێڕ دروست ناكرێت بەڵكو ناوەندی دابەشكردنی زێڕەكە لە وڵاتی ترەوە بۆی دێت و لقی هەیە و باجی زۆر كەمیان لەسەر دادەنێت بەڵام لە توركیا باجی زۆری دەخرێتە سەر. دروستكردنی زێڕیش گرانی و هەرزانی زێڕەكە دیاری دەكات. ئێمە لەسەرمانە كە بەڵێننامە بەخاوەنی زێڕەكان پڕ بكەینەوە كە دەبێت نرخی هەقدەست بەڕاستی بە كڕیار بڵێن".