Dilşad Seyfeddin Ahmed
29 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 01 کانوونی یەکەم 2015
هەرێمی كوردستان هاوشێوەی نەوت خاوەنی یەدەگێكی گەورەی غازی سرووشتییە، پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیانیش پشكی گەورەی ئەو غازە سرووشتییەیان بەردەكەوێت، بەڵام تائێستا نەتوانراوە وەك پێویست سوود لەو دەرامەتە سرووشتییە وەربگیرێت و هەناردەی بازاڕەكانی جیهان بكرێت، بەشێكی ئەو غازە سرووشتییەش لە ناوچە جیاوازەكاندا بە فیڕۆ دەڕوات.
لە سەرەتای مانگی ئەیلوولی رابردووەوە لە دۆڵێكی نزیك رێگای سەرەكی سلێمانی و كەركووك، رووداوێك دانیشتوانی ناوچەكە و رێبوارانی ئەو رێگا سەرەكییەشی سەرسام كرد كە بریتی بوو لە هاتنە دەرەوەی ئاو و ئاگر لە بیرێكەوە كە ماوەی دوو مانگە بەو شێوەیە بەردەوامی هەیە.
ئەو بیرە دەكەوێتە گوندێكی نزیك قەزای چەمچەماڵ (60 كیلۆمەتر لە رۆژئاوای سلێمانی و 45 كیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی كەركووك)، ناوچەكەش دەوڵەمەندە بە بوونی بڕێكی زۆر یەدەگی غازی سرووشتی كە تائێستا سوودی ئەوتۆی لێوەرنەگیراوە.
هەڵەت كەریم هەمەوەندی خاوەنی ئەو زەوییەی كە بیرەكەی تێدایە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پێش ساڵێك ئەم بیرەمان لێرەدا هەڵكەند بۆ ئاودانی كشتوكاڵی ئەم زەوییە كە 100 دۆنم دەبێت، پێش دوو مانگ بۆ قووڵكردنی بیرەكە كە 80 مەترە دە مەتری دیكەمان هەڵكەند و لە پرێكدا ئاوەكەی بە خێراییەكی زۆەوە هاتە دەرەوە و بۆنی گۆگرد و غازی سرووشتی لێدەهات و دواتر گڕی گرت".
هەمەوەندی كە بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە فیزیا هەیە گوتی: "ئەو ئاوەی لە بۆری بیرەكەوە دێتە دەرەوە تێكەڵەیەكی گۆگرد و غازی تێدایە و ماوەی دوو مانگە بەو شێوەیە ئاگری گرتووە و پێكەوە ئاو و ئاگر لە بۆرییەكەوە دەێنە دەرەوە و بە فیڕۆ دەڕوات، بەڵام نەتوانراوە سوودی لێوەربگیرێت".
ئاماژەی بەوەش كرد، سەرەتا لایەنەكانی پەیوەندیدار لە حكوومەت و كۆمپانیاكان و كەسانی پسپۆر سەردانی شوێنەكەیان كرد و ئاگاداریان كردونەتەوە لەوەی كە لە ماوەی یەك هەفتەدا كار لەسەر ئاوەكە دەكەن و كارگەیەكی گەورە بۆ دەرهێنان و جیاكردنەوەی غازەكەی دادەمەزرێنن، بەڵام تائێستا بڕیار لەسەر ئەو بیرە نەدراوە و وەك خۆی ماوەتەوە و غازەكەی بە فیڕۆ دەڕوات.
لەلای خۆیەوە سەرۆكی لیژنەی ووزە و سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان نیگەرانی خۆی نیشاندا لەوەی تائێستا بەپێی پێویست بایەخ بە غازی سرووشتی لە هەرێمی كوردستان نەدراوە و نەتوانراوە وەبەرهێنانی تێدا بكرێت، ئەوەیشی بە كەموكوڕییەكی ستراتیجی گەورە لە هەرێم گەڕاندەوە.
شێركۆ جەودەت بۆ ئانادۆڵو گوتی: "لە ئێستادا پڕۆژەیەكی ستراتیجی لە نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا هەیە و بەپێی ئەو پڕۆژەیە لە كۆتایی ساڵی 2017 و سەرەتای 2018 غازی سرووشتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی توركیاوە دەگاتە ئەورووپاش".
جەودەت گوتی: "بەو پڕۆژەیە ئەگەری ئەوە هەیە هەرێمی كوردستان ئەو بۆشاییە گەورەیەی دابڕانی رووسیا لە دابینكردنی غازی سرووشتی بۆ ئەورووپا پڕ بكاتەوە كە پێشتر لە رێگەی ئۆكرایناوە غازی بۆ ئەورووپا دەنارد".
ئەو زیاتر لەو بارەیەوە گوتی: "بەشێكی رووداوەكانی ئێستای ناوچەكە هۆكاری ئابووری لە پشتەوەیە بەهۆی ئەوەی رووسیا دابڕانی گەورەی بۆ درووست بووە لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپی كە گەورەترین بەكارهێنەری غازی سرووشتین لە جیهاندا، ئێستاش هەرێمی كوردستان هاتووەتە پێش بۆ ئەوەی لە رێگای توركیاوە غازی توركیا و ئەورووپاش دابین بكات و لەو رێگەیەوە هەناردەی ئەو وڵاتانەی بكات".
سەرۆكی لیژنەی ووزە و سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی كرد بەوەی هەرێمی كوردستان خاوەنی سامانێكی گەورەی غازی سرووشتییە و دەتوانێت بە رێژەیەكی بەرز غازی سروشتی بۆ توركیا و ئەورووپاش دابین بكات.
لەلای خۆیەوە سەرۆكی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی غالب محەمەد بۆ ئانادۆڵو گوتی: "پارێزگای سلێمانی گەورەترین یەدەگی نەوت و غازی سرووشتی تێدایە، بەجۆرێك یەدەگی نەوتی دەگاتە 20 ملیار بەرمیل و یەدەگی غازی سرووشتیش دەگاتە چوار تا پێنج ترلیۆن مەترسێجا ئەوەش دەكاتە 65 لە سەدی یەدەگی نەوتی هەرێم و 80 لەسەدی یەدەگی غازی سرووشتی هەرێمی كوردستان".
غالب محەمەد باس لەوەش دەكات، ئەو غازەی لەم سنوورەدا هەیە باشترین جۆری غازی سرووشتییە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام نەتوانراوە سوودی لێوەربگیرێت بۆ خزمەتی دانیشتوانی ناوچەكەدا.
چەمچەماڵ بلۆكێكی گەورەی غازی سرووشتییە، غازی ناوچەكەش بە یەكێك لە باشترین جۆرەكانی غازی جیهان دادەنرێت.
لە سنووری ناوچەی چەمچەماڵ كۆمپانیایەكی گەورەی غاز (دانا غاز) كاری دەرهێنانی غازی سرووشتی دەكات و وێستگەیەكی گەورەی بەرهەمهێنانی كارەباش لە چەمچەماڵ بەو غازە كار دەكات.
رۆژی 20ی ئەم مانگە وەزیری سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی كوردستان ئاشتی هەورامی، لە لوتكەی ئەنجوومەنی ئابووری ئەتڵانتیك لە شاری ئیستانبوڵی توركیا لەبارەی هەناردەی غازی سرووشتی بۆ توركیا رایگەیاند هیچ كێشەیەك نابینن و توركیا ژێرخانی ئامادەی هەیە بۆ ئەو بابەتە.
لای خۆشیەوە سەرۆكی گەنەل ئەنەرجی تۆنی هایوارد رایگەیاند سەرەڕای هەموو سەختییەكان لە هەرێمی كوردستان بەرهەمهێنان بەردەوامە و بەم دواییە بڕێكی زۆر لە كێڵگەكانی غازی سرووشتی پشكنینی بۆ ئەنجامدراوە. ئاماژەی بەوەش دا كە یەكەم وێستگەی غازی سرووشتی هەرێم توركیا دەبێت و لەوێشەوە بۆ بازاڕەكانی دیكەی جیهان دەگوازرێتەوە.
هایوارد رایگەیاند "بڕی پێنج ترلیۆن مەترسێجا غازی سرووشتی دیكە لە هەرێم دۆزراوەتەوە، ئەو بڕە پێداویستی 50 ساڵی ئایندەی توركیا دابین دەكات. بەوجۆرە توركیا لە وابەستەبوون بە سەرچاوەكانی رووسیا و ئێران رزگاری دەبێت و بە هەرزانتر غازی دەستدەكەوێت".
هەروەها ئەوەشی گوت: "پێشبینی دەكەین لە ماوەی دوو تا سێ ساڵی ئایندەدا غازەكە بگاتە توركیا، سەرەتا بڕەكەی 10 ملیار مەترسێجا دەبێت، پێموایە لە 2020 دا بڕی غازی هاوردەكراو لە هەرێمی كوردستانەوە بگاتە 20 ملیار مەترسێجا و لەوێشەوە بگەیەنرێتە بازاڕەكانی ئەورووپا.
ئەم هەنگاوەش دەبێتە خاڵێكی وەرچەرخان هەم بۆ توركیا، هەم بۆ هەرێمی كوردستان، هەناردەی غازی سرووشتی پێش هەناردەی نەوتیش دەكەوێت و پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستانیش بەهێزتر دەكات".