Sangar Hamad Azeez
09 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 11 شوبات 2016
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان هێمن هەورامی گوتی: "بۆ درێژەدان بە بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش داوای ٣٠٠ ملیۆن دۆلار یارمەتی بە پەلەمان لە ئەمریکا کردووە".
بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوی پارتی دیموكراتی كوردستان هێمن هەورامی بەشداری لە پانێلێكی راستەوخۆی 'ئینستیتیوتی واشنتۆن بۆ لێكۆلینەوەكانی رۆژهەڵاتی نزیك' كرد و تێیدا باسی لە پێشهاتەكانی هەرێمی كوردستانی عێراق كرد.
ناوبراو تیشكی خستە سەر ئەوەی كە سەرەڕای ئەو قەیرانە ئابووریەی کە هەرێمی كوردستان تێی كەوتووە بەڵام درێژە بە بەرەنگاربوونەوەی داعش دەدەن و گوتی: "هێزەكانی پێشمەرگە یەك مەتردووجا لەو شوێنانە نە كشاونەتەوە كە لە ژێردەستی داعش رزگاریان كردووە، پێشمەرگە تاكە هێزە كە تا ئێستا داعش نەیتووانیوە شكستی پێ بهێنێت".
هێمن هەورامی باسی لەوە كرد كە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت، هەرێمی كوردستان رووبەڕووی قەیرانی دارایی بووەتەوە و گوتی: "حكوومەتی هەرێم توانیویەتی مووچەی مانگی ٩ی ساڵی پار بدات بە هێزەكانی ئاسایش، تاوەكو بەردەوام بین لە بەرەنگاربوونەوەی داعش. دەبێت لە رووی ئابووریەوە پاڵپشتی بكرێن و یارمەتیمان بدرێت. ئەو بڕە پارەیەی كە وەك یارمەتی وەری دەگرین بۆ مووچەی پێشمەرگە و بەرەنگاربوونەوەی داعش خەرجی دەكەین".
بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان تیشكی خستە سەر بابەتی ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان و گوتی: "هەرێمی كوردستانی عێراق بە شێوەیەكی ئاشتیانە ریفراندۆم ئەنجام دەدات. ئامانج لەو كارە دروست كردنی دەوڵەتی كوردی نییە. ئەو كارە بابەتێك نییە كە پەیوەندی بە توركیا، سووریا یاخود ئێرانەوە هەبێت. تەنیا پەیوەندی بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە. ئەنجامدانی ریفراندۆم مافێكی سرووشتی خۆمانە و ئێمەش دەمانەوێت بە شێوەیەكی ئاشتیانە ئەو كارە ئەنجام بدەین. ریفراندۆمەكەش بە چاودێری كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان ئەنجام دەدرێت. ئینشائەڵڵا لەمساڵدا ریفراندۆم ئەنجام دەدەین".
هەورامی درێژەی بە گوتەكانی دا و رایگەیاند "دوای كەوتنی رژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ هیوامان خواست هەموو لایەك بەیەكەوە و بە یەكسانی لە ژێر چەتری عێراق دا بژین. دەتوانم بڵێم كەوا لە ئێستادا عێراق لە بابەتی فیدراڵی شكستی هێناوە. لەسەرمان پێویستە بە شێوەیەكی ئاشتیانە چارەسەرێك بۆ بارودۆخەكە بدۆزینەوە. بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە لەگەڵ بەغدا كۆببینەوە لەبەر ئەوەی لە چەندین خاڵدا جیاوازیمان هەیە بۆ نموونە قەیرانی دارایی، داعش، كێشەی ئاوارەكانی عێراق، دوای كۆتایی هێنانی داعش گەڕاندنەوەی سەقامگیری و ئاسایش بۆ ناوچەكان و چەندین بابەتی دیكە".
هەورامی باسی لە چۆنیەتی ئەنجامدانی ریفراندۆم كرد و گوتی: "لە ئێستادا كارەكان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم درێژەی هەیە و بابەتی چۆنیەتی ئەنجامدانی ریفراندۆم لەو ناوچانەی كە تاكو ئێستا لە ژێر دەستی داعشن و چەندین بابەتی دیكە گفتوگۆ و لێكۆلینەوەی لەسەر دەكرێت".
بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان باسی لە رزگاركردنی مووسڵ كرد و گوتی: "لە ساڵی ٢٠١٥ چەند رێككەوتنامەیەكمان لەگەڵ حكوومەتی ناوەند كرد بۆ رزگاركردنی مووسڵ، لەم چوارچێوەیەشدا رێگەمان بە چەند كەتیبەیەكی سوپای عێراق دا بێنە مەخموور. بەڵام تاكو ئێستا سوپای عێراق بە رزگاركردنی شاری روومادیەوە سەرقاڵە. شارۆچكەی مەخموور ناوچەیەكی ستراتیجی بەهێزە و بڕیارە ئۆپەراسیۆنەكان لەوێوە دەست پێ بكەن".