hemn husain
23 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 27 کانوونی یەکەم 2015
ریفراندۆم لەمەوپێش و ئێستا و لە داھاتووشدا، چ دەستوور بیسەلمێنێت یان نەیسەلمێنێت، ئامرازێکی گرنگی خستنەڕووی رای گشتیی خەڵکییە و ھیچ لایەنێک، هێزێک، تاکەکەسێک، مافی ئەوەی نییە وازی لێ بھێنێت.
دوای ئەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعوود بارزانی، حزبەکەی خۆی راسپارد بۆ ئەوەی ئامادەکاری بکەن بۆ ریفراندۆم.
بەشێک لە چاودێرانی سیاسیی پێیان وایە کە نەبوونی مادەیەکی یاسایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و بەهەمان شێوە لە پەرلەمانی کوردستانیش گیروگرفتی یاسایی دەخاتە بەردەم پڕۆسەی ریفراندۆم.
هاوکات بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانیش پێی وایە کە لە دیباجەی دەستووری عێراق هاتووە کە یەکێتیی خاکی عێراق پەیوەستە بە پابەندبوونی بەم دەستوورە و هەروەها پێشی وایە کە عێراق پێشێلی چەندین مادەی یاسایی کردووە.
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان هێمن هەورامی لە چاوپێکەوتنێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە دیباجەی دەستووری عێراقی هاتووە یەکێتیی خاکی عێراق پەیوەستە بە پابەندبوونی بەم دەستوورە و دەیان مادە هەیە کە حکوومەتی عێراق پابەند نەبووە لە بەردەم جێبەجێکردنی وەکو مادەی 140 و مەسەلەی فیدراڵییەت و یەکسانی لە داهاتی وڵات و بڕینی بوودجە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە".
هێمن هەورامی پێی وایە هەرێمی کوردستان ناتوانێ ببێتە دیلی ئایندەیەکی نادیار لە عێراق و رایدەگەیەنێت کە عێراق بۆ خۆی چەندین پێشێلکاری ئەنجام داوە کە ئەمەش کاریگەریی خراپی لەسەر دواڕۆژی هەرێمی کوردستان دەبێت.
هێمن هەورامی گوتی: "پێکهاتەی سیاسی عێراق و حکوومەتی عێراق بۆ خۆی دەستووری پێشێل کردووە و ئەمەش بووەتە هۆی ناسەقامگیری لە عێراق و ئێمەش لە هەرێمی کوردستان ناتوانین ببینە دیلی ئایندەیەکی نادیار و پرۆسەی راپرسی بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان پرۆسەیەکە لە مانگی 7ی 2014 دەستی پێ کرد، کاتێک سەرۆکی هەرێمی کوردستان چووە پەرلەمان و داوای کرد کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و راپرسی لە کوردستاندا دروست بکرێت بۆ ئەوەی ئەم کۆمیسیۆنە ئامادەکاری بۆ راپرسی لە هەرێمی کوردستاندا بکات".
سەبارەت بە هۆکاری نەبوونی مادەیەکی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان کە لە ماوەی رابردوودا ئەم پرۆژەیە یاسایە بۆچی ئامادە نەکراوە بۆ ئەوەی پەرلەمان دەنگی لەسەر بدات، هێمن هەورامی پێی وایە کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەلایەن هەموو هێز و لایەنەکانی سیاسیی دیکەی کوردستان هەڵبژێردراوە بۆیە ئەم بەرپرسەی پارتی پێی وایە ئەمە نەبوونی مادەیەکی یاسایی لە پەرلەمان نابێتە رێگر لەبەردەم جێبەجێکردنی ئەم پرۆسەیە.
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان هێمن هەورامی گوتی: "سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی هەڵبژێردراوی هەرێمی کوردستانە و بە یەکگرتوویی و یەکڕیزی هەموو لایەنەکانەکانی سیاسی دیکەی هەرێمی کوردستان و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەرێمی کوردستان، ئەم راپرسیە ئەنجام دەدرێت".
جێی ئاماژەیە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە رۆژی ٢٠/١٢/٢٠١٥ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی داوای لە حزبەکەی کردووە کە ئامادەکاری بکەن بۆ ریفراندۆم و بڕیاریشە لە ماوەیەکی نزیکدا شاندێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەم مەبەستە سەردانی لایەنەکان بکەن.