Dilşad Seyfeddin Ahmed
23 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 24 کانوونی یەکەم 2015
گوتەبێژی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان یاسین مەحموود لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە شاری سلێمانی دەقی پڕۆژەكە و چۆنێتی چارەسەركردنی قەیرانەكانی خستە روو، هیواشی خواست ساڵی نوێ ساڵی سەرەتای بوژاندنەوەی ئابووری و چارەسەری گرفتەكان بێت.
یاسین مەحموود لە سەرەتای كۆنگرەكەدا گوتی: "ئەمساڵ بۆ هەرێمی كوردستان ساڵێكی سەخت و پڕ لە قەیران بوو، بەجۆرێك ئەو دەستكەوتانەی هەرێم لە بوارە جیاجیاكاندا لە ماوەی ساڵانی رابردوو بەدەستی هێنابوو بەهۆی ئەم قەیرانانەوە بەشێكیمان لەدەستدا، بۆیە هیوامان وایە كۆتایهاتنی ئەمساڵ و هاتنی ساڵی نوێ سەرەتایەك بێت بۆ سەرلەنوێ بوژاندنەوەی ئابووری و چارەسەری گرفتەكانی هەرێم".
ساڵی 2013 وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان قۆناغێكی گەورەی بڕی و قەبارەی وەبەرهێنان گەیشتە نزیكەی 14 ملیار دۆلار، ئەوەیش بە باشترین ساڵی وەبەرهێنان لە هەرێم دادەنرێت بە بەراورد بەساڵانی پێشتر، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی بەردەوامی قەیرانەكانەوە ساڵێكی سەخت بوو بۆ ئەو كەرتە.
گوتەبێژی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان بۆ رێگرتن لە زیادبوونی قەیرانی دارایی و هەنگاوەكانی چاكسازی حكوومەت چەند پێشنیازێكیان ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران كردووە.
لەنێو ئەو پێشنیازانەدا داوای چاوخشاندنەوە بە هەیكەل و پێكهاتەی كابینەی حكوومەت، كەمكردنەوە و دەستبەردار بوون لە كۆمەڵێك دامودەزگا و فەرمانگەی حكوومی، رێكخستنەوەی سیستمی مووچە و كەمكردنەوەی دەرماڵە، بەرزكردنەوەی داهاتی هەرێم لە رێگەی كەرتی تایبەت و باج و گومرگ، كەمكردنەوەی خەرجییەكانی كەرتی گشتی، پێدانی دەسەڵاتی زیاتر بە پارێزگاكان و پەیڕەكردنی لامەركەزییەت .
لقی سلێمانی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا ئەو پڕۆژە و پێشنیازانەی ئاراستەی پارێزگاری سلێمانی كردووە و پارێزگاری سلێمانیش بە نووسراوێك بۆ نووسینگەی تایبەتی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و جێگرەكەی بەرز كردووەتەوە.
یاسین مەحموود ئاماژەی بەوەش كرد، لە مانگی داهاتوودا حكوومەت سەرلەنوێ كۆدەبێتەوە و لەو كۆبوونەوەیەدا چاكسازییەكانی بنەڕەتی رادەگەیەنێت.