hemn husain
07 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 09 نیسان 2016
كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق بەردەوامی هەیە و رۆژ دوای رۆژ كێشەكانییان قووڵتر دەبنەوە و دوو لایەن یەکتر بە پێشێلکردنی مافەکانیان تاوانبار دەکەن و ماوەی دوو ساڵیش دەبێت كێشەكانیان روو لە زیادبوون دەكات.
هەرچەندە لە هەرێمی كوردستانیش، ناكۆكی لە نێوان لایەنە سیاسییەكان هەیە بەڵام ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر پشكی كورد ئاماژە بەوە دەكات كە هەموو لایەنەكانی كورد لە بەغدا هاوهەڵوێستن بەرامبەر پرسە گرنگەكان و پێشی وایە سەردانی ئەو شاندەی حكوومەتی هەرێم بۆ بەغدا لە هەفتەی داهاتوودا بە هەموو شێوەیەك لە بەرژەوەندی كورد دا دەبێت.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تاریق سدیق گەردی لە لێدوانێكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "خۆشبەختانە یەكدەنگی و یەك هەڵوێستی هەیە لە نێوان فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان سەبارەت بە داكۆكیكردن لەسەر مافەكانی كورد لە بەغدا كە چەند بنەمایەكی بنەڕەتییان هەیە".
تاریق سدیق گەردی ئاماژەی بە بنەماكان كرد و گوتی: "بەتایبەتی پشكی سەدا 20 لە كۆی دامودەزگاكان و باڵیۆزخانە و دەزگا ئەمنییەكان و خاڵی دووەمیش كە هەموومان لەسەری كۆك بووین بریتییە لە بنەمای شەڕاكەتی راستەقینە و هاوسەنگی دەستووری لە نێوان كورد و عەرەب، كە ئێمە بەشێكی سەرەكی بووین لە نووسینەوەی عێراقی نوێ و بۆیە دەبێت بزانین ئایا ئێمە لە بەغدا شەریكین یان نا، ئەگەر ئێمە توانیمان ئەو شەڕاكەتە بچەسپێنین ئەوا دەتوانین لەناو عێراقێكی فیدڕاڵی یەكگرتوودا رۆڵمان هەبێت و بە پێچەوانەشەوە ئەگەر وەكو حزبێك سەیری ئێمە بكەن ئەوا ناتوانین بەشداری لەو حكوومەتەی عێراقدا بكەین".
سەبارەت بە مانەوەی كورد لەگەڵ حكوومەتی بەغدا و بەردەوامبوونییان بەم رەوتە سیاسییەی ئێستا و هەوڵدان بۆ جیابوونەوەیان لە حكوومەتی ناوەند، تاریق گەردی گوتی: "بەپێی دەستووری عێراق تاكو دوایین چركە، پێویستە ئێمە بەهەموو بنەماكانی دەستووری عێراقی كار بكەین، وە هەر كاتێك سەركردایەتی سیاسیی و پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكایەتی هەرێم، هەر بڕیارێكی سیاسییدا دەبێت ئەوە جێبەجێ بكرێت، جا ئەو بڕیارە لەبارەی ریفراندۆم و فیدراڵی و یان هەر بڕیارێك بێت و هەموومان لە پشت ئەو بڕیارەی سەرۆكی هەرێمی كوردستانین كە باس لە ئەنجامدانی ریفراندۆم دەكات".
دەربارەی سەردانی شاندەكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، بەمەبەستی گەیشتنە رێككەوتنێك بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی نێوانیان تاریق سدیق گەردی گوتی: "بەپێی دواین كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی حزبەكان بڕیاردرا كە شاندێك سەردانی بەغدا بكات بۆ ئەوەی لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەكان و حكوومەت گفتوگۆ بكەن لەسەر ئەو خاڵانەی كە ئێمەش لەسەری رێككەوتووین وەكو بنەمای شەراكەتی راستەقینە و بنەمای پشكی نوێنەرانی كورد جێگەی بكرێتەوە، مەسەلەی پێشمەرگەیە، مەسەلەی مووچەیە و مەسەلەی موازەنەیە كە بڕیاری یاسایی پێ دەرچووە لە یاسای ساڵی 2016".
هەرچەندە تا ئێستا روون نییە كە سەردانیكردنی ئەو شاندەیە ئاكامەكەی چی دەبێت، بەڵام ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێی وایە كە هەردوو حاڵەتی گەیشتنە رێككەوتن و نەگەیشتنە رێككەوتن ئەوا لە بەرژەوەندی كورد دەبێت و گوتی: "سەردانی ئەو شاندە هەوڵدانە بۆ بەدەستهێنانی مافەكانمان و ئەگەر ئەو سەردانە ئیجابیش نەبێت ئەوا بە لایەنێكی دیكەوە ئیجابی دەبێت وا دەكات ئێمە وەكو كورد خۆمان یەكلایی بكەینەوە لە پەیوەندی لەگەڵ حكوومەتی عێراق".
بەڵام بە پێچەوانەی ئەو بۆچوونەی سەرەوە، ئەندامێكی دیكەی ئەنجوومەنی نوێنەران پێی وایە ئەگەر لە بیانوو نەگەڕێین ئەوا دەبێت سەردان و گفتوگۆكان لەگەڵ حكوومەتی عێراق بەردەوام بن و ئاماژەش بەوە دەكات كە كورد كێشەی درێژخایەنی لەگەڵ حكوومەتی بەغدا دا هەیە.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر پشكی كورد ئارێز عەبدوڵڵا لە لێدوانێكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "سەرەتا هاتنی شاندەكە كارێكی باشە بۆ ئەوەی لە نزیكەوە گفتوگۆ لە نێوان لایەنەكان بكرێت، هەم سەبارەت بەو گۆڕانكارییانەی كە لە ناوچەكەدا هەیە و هەم لەسەر كۆی كێشە و گرفتەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەغدا، ئەو شاندەی كە دێت و بەو نیەتە لەگەڵ هەموو لایەنەكان گفتوگۆ بكەن".
لەبارەی تەوەری گفتۆگۆكانیشیان لەگەڵ حكوومەتی بەغدا، ئارێز عەبدوڵڵا گوتی: "باس لە چۆنیەتی چارەسەركردنی گرفتەكان دەكەین و باس لە چۆنیەتی هەماهەنگی نێوان لایەنە سیاسییەكان و هەروەها باس لە سەرۆكوەزیران حەیدەر عەبادیش دەكەین لەو گۆڕانكارییانەی كە دێنە پێشەوە".
ئارێز عەبدوڵڵا پێشی وایە هەر جۆرە سەردانێكی كورد بۆ بەغدا هەبێت ئەوا هەڵسەنگاندنێكی باشی بۆ دەكرێت و لەمبارەیەوە گوتی: "هەر سەردان و گفتوگۆیەك لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی بەغدا هەبێت ئەوا بە باشی هەڵیدەسەنگێنین و لایەنە سیاسییەكانی عێراقیش بە دڵنیاییەوە پێشوازی لێدەكەن".
سەبارەت بەوەی كە ئایا سەردانی شاندەكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، دەگەنە چ رێككەوتنێك، ئارێز عەبدوڵڵا پێی وایە لەم سەردانەدا ناگەنە رێككەوتنێك ئاماژە بەوە دەكات دەبێت سەردانەكان بەردەوام بن و گوتی: "بە دڵنیاییەوە ناگەیەنە رێككەوتن چونكە ئێمە كێشەی درێژخایەن و هەڵواسراومان هەیە، ئەو كێشە درێژخایەنانە پێویستییان بە كاتی زۆر هەیە و واتا ئێمە تەنیا یەك خاڵ لە نێوانماندا نییە تا بتوانین بڕیاری خێرای لەسەر بدەین، واتا كێشەكان زۆرن بەڵام چەند سەردان و گفتوگۆ زیاتربێت ئەوا ماوەی چارەسەركردنی كێشەكان كەمتر دەبێتەوە".
ئەگەرچی تاریق گەردی پێی وابوو ئەم سەردانە سەردانێكی یەكلاییكەرەوە دەبێت، بەڵام لە روانگەی ئارێز عەبدوڵڵا دەبێت بەقەد كێشە درێژخایەنەكان، سەردان و گفتوگۆكان بەردەوام بن و لەمبارەیەوە گوتی: "ئەگەر لە بیانوو بگەڕێین، ئەوا وایە بەڵام ئەگەر بە دوای چارەسەركردنی كێشەكان بگەڕێین دەبێت دەست بە سەردان و گفتوگۆ بكەین و رێگای چارەسەر بۆ كێشەكان بدۆزینەوە و بزانین ئایا حكوومەت چی دەكات".
رۆژی 4/4/2016 هەردوو مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆبوونەوە و تاوتوێی ئەو بابەتانە كرا كە پەیوەندی هەیە بە بارودۆخی سیاسیی و رەوشی حكوومەتی عێراق و ئەو گۆڕانكارییانەی سەرۆكوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی پێشنیازی كردوون و ھەوڵی بۆ دەدات و لە ئەنجامی كۆبوونەوەكەش ھەردوولا لەسەر ئەوە رێككەوتن شاندێكی باڵای كوردستانی بە مەبەستی گفتوگۆ لەسەر كۆی كێشەكان بچێتە بەغدا.
دواجار رۆژی 31/1/2016 شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە پێكهاتابوو لە سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان نێجیرڤان بارزانی و جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان قوباد تاڵەبانی و سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دكتۆر فوئاد حوسێن و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە فەلاح مستەفا بە مەبەستی چارەسەری گیروگرفتەكانی نێوان هەرێم و عێراق سەردانی بەغدایان كرد و لەوێش كۆمەڵێك دیدار و چاوپێكەوتنییان لەگەڵ لایەنەكان كرد ئەنجام دا.