Rewa Mahmut Hasan
27 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 28 نیسان 2017
ئەنقەرە - AA
دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنی تورکیا دوای ئەوەی هەموو ئەوا داوایانەی رەتکردەوە کە داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی گشتپرسییەکەی ١٦ی نیسانی ٢٠١٧یان کردبوو بە بیانووی "نایاسایی بوونی تەواو" لەکاتی بەڕێوەچوونیدا و هۆکاری ئەو رەت کردنەوەیەشی ئاشکرا کرد.
دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنی تورکیا هۆکاری رەتکردنەوەی سەرجەم ئەو داوایانەی لەبارەی ئەنجامی گشتپرسیەکەی ١٦ی نیسان پێشکەش کرابوو، ئاشکرا کرد و هۆکارەکەی بەم شێوەیە خستەڕوو: "مۆر نەکردنی پسولەی دەنگدان و زەرفەکانی لەکاتی دانانی سندوقەکاندا، بەتەنیا نابێتە بیانوو بۆ ئەوەی کە ساختەکاری کرابێت و لەدەرەوە زەرف و پسولەی دەنگدان هێنرابێت. هیچ کاتێک گونجاو نییە و ناکرێت کە پسولەی دەنگدان و زەرفەکەی لە دەرەوە لەلایەن کەسێکەوە بهێنرێتە ژوورەوە و دەنگی لەسەر بدات".
دامەزراوەی باڵای ھەڵبژاردنی تورکیا ئاماژەی بەوە دا کە ھۆکاری ھەژمارکردنی دەنگە بێ مۆرەکان لەلایەن دامەزراوەکەیان پێش ئەنجامەکانی سندووق و جیاکردنەوەی دەنگەکان وەرگیراوە و بڕیارەکە لەگەڵ بنەمای یەکسانی و بێلایەنی دەنگونجێت و ھۆکارەکەی بەم شێوەیە خستەڕوو: "بەم ھۆیەوە ھەڵسەنگاندنی بڕیاری دامەزراوەکەمان وەک دەستێوەردان لە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکە، مومکین نییە".
لە راگەیەندراوی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنی تورکیادا هاتووە: "زانیاری لەسەر هیچ کەسێک نەبووە کە پێشوەختە مۆری دەنگدانی بەکارهێنابێت و بەدەستیەوە گیرابێت، وەک ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکرێت بەبەمەستی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی گشتپرسیەکە، هیچ رەخنە و داوایەک لەو بارەیەوە نەهاتووە، لەکاتی لێکۆڵینەوەشدا هیچ زانیاریی و بەڵگەیەک رەوانەی دەزگا نەکراوە.
دامەزراوەی باڵای ھەڵبژاردنی تورکیا جەختی لە پارێزراوی مافی بەشداری کردنی هاووڵاتیان لە دەنگدان کردووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە کە "دەبێت مافی بەشداری کردنی هاووڵاتیان لە دەنگدان بپارێزرێت دژ بە هەموو ئەو بەربەستانەی دێنە بەردەمی و ئەویش بەشێوەیەکی گونجاو لەگەڵ پێویستییەکانی کۆمەڵگای دیموکراتدا. هەر بۆیە پاراستنی مافی دەنگدەران و ئاسایشی هەڵبژاردن و مافی دەنگدانی هاووڵاتیان، کارێکی رەوایە".