Mohammed Baqi Hussein
26 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 26 حوزەیران 2016
ژماره‌ی ئه‌و هاووڵاتییه بەریتانییانهی كه له‌ڕێگه‌ی ئینته‌رنێته‌وه داواكاریی دووباره‌كردنه‌وه‌ی ریفراندۆمی جیابوونه‌وه‌یان له یه‌كێتیی ئه‌ورووپا پێشكه‌شی په‌رله‌مانی وڵاتهکەیان كردووه، گه‌یشته سێ ملیۆن کەس.
له‌ماوه‌ی دوو رۆژی رابردوودا ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی کە له‌ڕێگه‌ی ماڵپه‌ڕی په‌رله‌مانی بەریتانیاوه داوای دووباره‌كردنه‌وه‌ی ریفراندۆمه‌كه‌یان كردووه به‌خێرایی زیادی كرد و گه‌یشته سێ ملیۆن کەس.
دوای ئه‌وه‌ی دوێنێ له میدیاكانی بەریتانیادا باس له ئه‌گه‌ری دووباره‌كردنه‌وه‌ی ریفراندۆمه‌كه كرا، به‌شداریی خه‌ڵكی له داواكردنی دووباره‌كردنه‌وه‌ی به‌خێرایی زیادی كرد.
به‌پێی یاساكانی ئه‌و وڵاته، هه‌ر بابه‌تێك له ماڵپه‌ڕی په‌رله‌مانی بەریتانیا زیاتر له 100 هه‌زار واژۆی له‌سه‌ر كۆبكرێته‌وه، ئه‌وا باڵی خواره‌وه‌ی په‌رله‌مان(ئەنجوومەنی گشتی) بابه‌ته‌كه تاوتوێ ده‌كات.
له ریفراندۆمه‌كه‌ی 23ی ئەم مانگەدا رێژه‌ی سه‌دا 52ی ده‌نگده‌ران داوای جیابوونه‌وه و سه‌دا 48یش داوای مانه‌وه‌یان كرد له یه‌كێتیی ئه‌ورووپادا. دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كه، سه‌رۆكوه‌زیرانی ئه‌و وڵاته ده‌یڤد كامیرۆن رایگه‌یاند، له كۆنگره‌ی پارته‌كه‌یدا كه بڕیاره مانگی تشرینی یه‌كه‌م به‌ڕێوه‌بچێت ده‌ستبه‌رداری پۆسته‌كه‌ی ده‌بێت.