Mazın Asad
28 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 29 ئاب 2017
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: "پێویستە ئیدارەی ئیسرائیل ئیتر واز لە ھەوڵەکانی داگیرکاریی بھێنێت کە دەبێتە ھۆی داڕمانی ئەگەری چارەسەریی دوو دەوڵەتی".
ئەردۆغان دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی فەڵەستین مەحمود عەباس لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار لە ئەنقەرە، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەشی ساز کرد.
سەرکۆماری تورکیا رایگەیاند: "تورکیا وەکو وڵاتێک کە بۆ ماوەی چوار سەدە لە خزمەتی قودس و مزگەوتی ئەقسادا بووە، ھەرگیز نامانەوێت ئەم شارە پیرۆزە بە شەڕ و پێکدادان و خوێن و فرمێسک رشتن بھێنرێتە رۆژەڤەوە. رێگای ئاشتی و ئاسوودەیی ھەمیشەیی لە ناوچەکەدا ئاشکرایە. ئەم رێگایەش بریتییە لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەڵەستین لە چوارچێوەی سنوورەکانی ١٩٦٧ کە پایتەختەکەی قودسی رۆژھەڵات بێت".
ئەردۆغان بانگەوازی بۆ ئیسرائیل کرد و گوتی: "پێویستە ئیدارەی ئیسرائیل ئیتر واز لە ھەوڵەکانی داگیرکاریی بھێنێت کە دەبێتە ھۆی داڕمانی ئەگەری چارەسەریی دوو دەوڵەتی".
سەرکۆماری تورکیا ھەر لەوبارەیەوە گوتیشی: "چارەسەریی دوو دەوڵەتی، لە ھەمان کاتدا ئەرکێکی مێژووییە لەسەر شانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر بە گەلی فەڵەستین. چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە تەنھا خێری بۆ برا فەڵەستینییەکان نابێت، بەڵکو دەبێتە مایەی خێر بۆ ئیسرائیلییەکانیش. ھەروەکو لەم رووداوانەی دوایی بینیمان، زیادکردنی بارگرژی قازانجی بۆ ھیچ لایەنێک نییە. ئێمە وەکو تورکیا ھەمیشە پشتیوانیمان لە ھەوڵەکانی دووبارە دەستپێکردنەوەی قۆناغی ئاشتی کردووە. پێویستە ئەوە بزانرێ کە پارێزگاریکردن لە مافی فەڵەستینییەکان دەبێتە کلیلی ئاشتی".
دواتر سەرۆکی فەڵەستین مەحمود عەباس ئاماژەی بەوە دا کە پێویستە ھەرچی زووە حکوومەتی یەکێتی نیشتمانی فەڵەستین دابمەزرێت و گوتیشی: "گەلی فەلەستین ھەروەک ھەرگیز دامەزراندنی دەوڵەتێک لە غەززە قبووڵ ناکات، قبووڵیشی نییە بێ غەززە دەوڵەتێکی فەڵەستین دابمەزرێنێت".
سەرۆکی فەڵەستین بەھۆی ھەوڵەکانیەوە بۆ پرسی فەڵەستین، سوپاسی ئەردۆغانی کرد.
مەحمود عەباس ئاماژەی بەوە دا کە لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ئەردۆغان ئەو پرسانە تاوتوێ کراوە کە پەیوەندی بە ھەردوو وڵاتەوە ھەیە و گوتیشی: "لەبارەی سەردانەکەی شاندی ئەمریکا بۆ لامان زانیاریم پێشکەش کرد. ھەروەھا لەبارەی ھەوڵەکانی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی لە نێوان ئێمە و ئیسرائیل زانیاریم پێشکەش کردووە".
سەرۆکی فەڵەستین روونیشیکردەوە کە ئامادەن بۆ ئەوەی بە سەرکردایەتی ترەمپ ھەنگاو بۆ ئاشتی بنێنن و گوتیشی: "تاکە ئارەزووی ئێمە دەستەبەرکردنی مافی ژیانە لە فەڵەستینێکی سەربەخۆ لە نێو سنوورەکانی ساڵی ١٩٦٧ کە رۆژھەڵاتی قودس پایتەختەکەیەتی".
عەباس لە درێژەدا گوتیشی: "گەلی فەلەستین ھەروەک ھەرگیز دامەزراندنی دەوڵەتێک لە غەززە قبووڵ ناکات، قبووڵیشی نییە بێ غەززە دەوڵەتێکی فەڵەستین دابمەزرێنێت".