Mazın Asad,Abdullah Shukur
28 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 29 ئاب 2017
قودس - AA
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گوتێریس بانگەوازی بۆ لایەنەکان کرد کە بۆ چارەسەرکردنی پرسی ئیسرائیل-فەڵەستین لەسەر بنەمای چارەسەری دوو دەوڵەتی، دووبارە دەست بە دانوستانەکان بکەنەوە.
گوتێریس وەک سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان یەکەمجارە سەردانی ناوچەکە بکات و ئەمڕۆ لە نووسینگەی سەرۆکایەتی وەزیران لە رۆژئاوای قودس لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بونیامین ناتانیاھو کۆبووەوە. دواتر کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەش ساز کرا.
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەسەر چارەسەری دوو دەوڵەتی کرد و رایگەیاند "من ھەمیشە خەیاڵێکم ھەبوو کە ئەویش رۆژێک بینینی پێکەوە ژیانی دوو دەوڵەتە لە نێو ئاشتی، متمانە و خۆشگوزەرانی لە خاکە پیرۆزەکان. گرنگ ئەوەیە لەگەڵ باشترکردنی ھەڵومەرجی ژیانی فەڵەستینییەکان، قۆناغی سیاسی بۆ چارەسەری دوو دەوڵەتی دەستپێبکات".
گوتێریس ئاماژەی بەوەش دا کە ئاستەنگی زۆر لە بەردەم پرسی ئاشتی نێوان ئیسرائیل-فەڵەستین ھەیە و گوتیشی: "یەکێک لەمانە یەکەی نیشتەجێی جولەکە و جیاوازیکردن لە نێوان کەرتی غەززە و کەرتی رۆژئاوایە. بێگومان کردارە تیرۆریستییەکان یەکێکە لەم ئاستەنگانە. لە پێناو تێپەڕاندنی ئەم ئاستەنگانە، پێویستە خواستی ئاشتی بەشێوەیەکی بەھێز دووپات بکەینەوە".
گوتێریس، لێدوانەکانی "لەناوبردنی ئیسرائیل"ی رەتکردەوە و گوتی: "پێویستە مافی ژیان بە ئیسرائیل لە نێو ئاشتی و متمانەیی بدرێت".
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە درێژەدا روونیشیکردەوە کە پێویستە ھەڵومەرجی پێویست بۆ باشترکردنی ژیانی فەڵەستنییەکان بڕەخسێت و زیاتر گوتیشی: "گەشەی ئابووری ئیسرائیل تەواو بوو، بەڵام دەبێت ھەڵومەرجی ئابووری باش بۆ فەڵەستینییەکان بێتە ئاراوە".
راشیگەیاند ھێزی ئەرکی لوبنان لە نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە سنووری لوبنان-ئیسرائیلن، ئەرکی سەرشانیان بەجێ دەگەیەنن.
-"نەتەوە یەکگرتووەکان، ئیسرائیل بە پێشێڵکردنی مافەکانی مرۆڤ تۆمەتبار دەکات"
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاھۆ بانگەشەی ئەوە دەکات کە دامەزراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لایەنگری لە لایەنی فەڵەستینی دەکەن، گوتیشی: "نەتەوە یەکگرتووەکان بەرگری لە مافەکانی مرۆڤ دەکات، بەڵام رێگە بە پێشێڵکردنی مافەکان لەلایەن فەڵەستینییەکانەوە دەکات. بەمەش نەتەوە یەکگرتووەکان، ئیسرائیل بە پێشێڵکردنی مافەکانی مرۆڤ تۆمەتبار دەکات".
ناتانیاھۆ باسی لە ھەبوونی حزبوڵای لوبنانی لە سووریا کرد و گوتی: "ئەوەی کە بەپەلە کە پێویستە چارەسەر بکرێ، نفوزی حزبوڵایە لە سووریا. نەتەوە یەکگرتووەکان پێویستە رێگری بکات لە گواستنەوەی چەک بۆ حزبوڵا، بەڵام دەیان ھەزار چەک بە پێچەوانەی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ حزبوڵا دەگوازرێنەوە".
ناتانیاھۆ ئاماژەی بەوەشدا کە ئێران بەمەبەستی لەناوبردنی ئیسرائیل، پێگەی خۆی لە سووریا و لوبنان بەھێز کردووە. لەمبارەیەوە زیاتر گوتیشی: "ئێران بۆ ملیشیاکانی خۆی، وڵاتی سووریای وەک بنکەیەکی سەربازیی لێکردووە. ئێران بنکەی ھاویشتنی مووشەکی لە سووریا و لوبنان دادەمەزرێنێ. ئیسرائیل ھەرگیز ئەمە قبوڵ ناکات. پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئەمە قبوڵ نەکات، ئامانجی نفوزی ئێران لە سووریا و لوبنان ھەر بۆ بەجێگەیاندنی ئەو ئامانجەیە".
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتێریز پێش کۆبوونەوەی لەگەڵ ناتانیاھۆ، لەگەڵ سەرۆکی ئیسرائیل، روڤین ریڤلین کۆبووەوە و دواتر سەردانی مۆزەخانەی "یاد واشەم"ی کرد.
بڕیارە سبەینێ گوتێریز سەردانی شاری رامەڵا لە کەناری رۆژئاوا بکات و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی فەڵەستین رامی ئەلحەمدەڵا کۆببێتەوە.
بەھۆی ئەوەی ئیسرائیل سنوورەکانی ١٩٦٧ و گەڕانەوە ئەو فەڵەستینیانەی کە بە زۆرەملێ کۆچیان پێکراوە قبوڵ ناکات و بەردەوامیشە لە بونیاتنانی یەکەی نوێی نیشتەجێی جولەکەکان، دانوستانەکانی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین لەوەتەی مانگی نیسانی ٢٠١٤ راگیراوە.