Ahmed Gouda,Gülşen Topçu
28 تشرینی یەکەم 2023•نوێکردنەوە: 29 تشرینی یەکەم 2023
غەززە - AA
سوپای ئیسرائیل بە درێژایی شەوی ڕابردوو لە ڕێگەی زەمینی و ئاسمانییەوە بە چڕی بۆردومانی چەندین خاڵی لە کەرتی غەززە کرد.
بە پێی هەواڵێکی ئاژانسی فەرمی فەڵەستین WAFA، سوپای ئیسرائیل باکووری کەرتی غەززەی تۆپباران کردووە.
هەروەها فڕۆکەکانی ئیسرائیلیش کەمپی ئاوارەکانی ئەلشاتی و نوسەیرات و هەروەها شارۆچکەکانی بەیت لەحیا، بەیت حانوون و ڕۆژهەڵاتی غەززەیان بۆردومان کردووە.
بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیل، تەلەفۆنەکانی ماڵەوە، مۆبایل و هێڵەکانی ئینتێرنێت بە تەواوی پچڕاون و ئەوەش گرفتی بۆ تیمەکانی فریاکەوتنی دروست کرد.
سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی فەڵەستین، لە پەیاننامەیەکدا هۆشداری ئەوەی داوە کە لە میانی پچڕانی هێڵەکانی ئینتێرنێت و تەلەفۆنی لە لایەن ئیسرائیلەوە، "کۆمەڵکوژی"یەک ئەنجام نەدرێت.
- پێکدادانەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین
بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٧ی تشرینی یەکەم، لیواکانی عیزەددین قەسام باڵی سەربازیی حەماس لە كەرتی غەززەی گەمارۆدراو، دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکیان بە ناوی "گەردەلوولی ئەقسا" دژی ئیسرائیل ڕاگەیاند و لەبەرامبەردا سوپای ئیسرائیل بە ناوی جەنگی "شمشێری پۆڵایین" بە دەیان فڕۆکەی جەنگی هێرشێکی سەربازیی بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو مووشەکانە ڕاگەیاند، کە لە كەرتی غەززەی گەماڕۆدراوەوە ئاراستەی دەکرێت.
بە هۆی ئەو هێرشانەی لە غەززەوە دەکرێتە سەر ئیسرائیل تا ئێستا هەزار و ٤٠٠ ئیسرائیلی کوژراون کە ٣١٠یان سەرباز بوون و پێنج هەزار و ١٣٢ کەسیش بریندار بوون.
هاوکات وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین بڵاویکردەوە کە بە هۆی پێکدادانەکانەوە حەوت هەزار و ٣٢٦ کەس لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە کە سێ هەزار و ٣٨یان منداڵ و هەزار و ٧٢٦یان ژن و ٤١٤ کەسیشیان بەساڵاچووانن. بە هۆی هێرشەکانەوە هەروەها زیاتر لە ١٨ هەزار کەسیش بریندارن و هەروەها بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی ئیسرائیلییەکان لە کەرتی ڕۆژئاوا ١١٠ فەڵەستینی کوژراون و هەزار و ٩٠٠ کەسیشی بریندار بوون.
بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیل هەروەها ٢٥ ڕۆژنامەنووس کوژراون.
هەروها بە هۆی پێکدادانی نێوان سوپای ئیسرائیل و حزبوڵڵا لەسەر سنووری لوبنان لە ٨ی تشرینی یەکەمەوە، تا ئێستا سێ سڤیل و ٤٦ چەکداری حزبوڵڵا و شەش چەکداری بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی کوژراون و بە هۆی ئەو هێرشانەی لە لوبنانەوە ئاراستە دەکرێن، سێ سەربازی ئیسرائیلی و یەک کەسی سڤیل کوژراون.