تەلئەبیب
دوای تێپەڕینی ھەشت مانگ بەسەر ھەڵبژراندنی پەرلەمانی ئیسرائیل، بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە خەڵکی ئیسرائیل بەرەو سندوقی دەنگدان بەڕێکەوتن و بڕیارە تا سەعات ١٠ ی شەو پرۆسەی دەنگدان بەردەوامبێ.
چاودێران سەرنجیان داوە ھەڵمەتی ھەڵبژاردن لەو وڵاتە ساردو سڕی زۆری پێوە دیار بووە. ھاوکات زۆرێک لە سەرکردەکانی ئیسرائیل داوایان لە وەڵاتیانی خۆیان کرد بە گەرمیەوە بچن بەرەو سندوقی دەنگدان.
لە تەواوی ئیسرائیلدا ھەڵبژاردن بۆ ھەڵبژاردنی ١٩١ شارەوانی ئەنجام دەدرێ. گرنگترین ناوچە کە کێبڕکێی گەورەی لەسەرە شاری قودسە .
ھاوشانی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن، عەرەبەکانی قودس کە یەک لەسەر سێی ئەو شارە پێکدێنن، بە بیانووی: "نەبوونی رەوایەتی دەسەڵاتی داگیرکەر" بەشداریی لە ھەڵبژاردنی ئەمجارەدا ناکەن، تەنیا کاندیدی عەرەب بۆ شارەوانیی قودس فوئاد سلێمانە."
لەم ھەڵبژاردنەی شارەوانیەکاندا کە ھەر پێنج ساڵ جارێک ئەنجام دەدرێ .١٨١ ناوەندی دەنگدان ھەیەو ٨٠٩ سندوق ئامادەیە و لەمانە ١٢١ سندوقی دەنگدان لە قودسی رۆژئاوایە.
لەدوایین ھەڵبژاردنی شارەوانی دا کە لە ساڵی ٢٠٠٨ دا ئەنجامدرا، لە قودس لە کۆی ٥٢٧ ھەزار و ٦٧٢ دەنگدەر تەنیا ٢٢٨ ھەزار و ٢٤٠ کەس دەنگیاندا بوو واتە ٤٣ % کۆی گشتی دەنگدەران.
یەکێ لە خاڵە سەرنجڕاکێشەکانی ھەڵبژاردنی ئەمجارە لە ئیسرائیل، کێبرکێی کاندیدێکی ھاوڕەگەزبازەکانە لە شاری تەلئەبیبی پایتەخت.
نیتزان ھۆرۆوتیز کە کاندیدی سۆسیالیستەکانە و ھاوڕەگەزبازە ئەگەر ھەڵبژێردرێت ئەوا دەبێتە یەکەمین سەرۆکی شارەوانیی ھاوڕەگەزباز لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا.