Hamit Hüseyin
25 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 26 کانوونی یەکەم 2016
ھەولێر
رێکخراوی نیوکوردستان بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان کۆڕێکی لە ژێر ناونیشانی ھاتنی دۆناڵد ترەمپ و کاریگەری لە سەر ھاوکێشە سیاسییەکانی جیھان بە گشتی و کورد بە تایبەتی بۆ ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، ھێمن ھەورامی سازکرد.
لە کۆڕەکەدا ھێمن ھەورامی چەند خالێکی خستەڕوو، و باسی لە بنەماکانی سیاسەتی دەروەی ئەمریکا، جیھانبینی ترەمپ وەکو کاندیدی هەڵبژێردراوی سەرۆکایەتی ئەمریکا و ھەروەھا جیھان بە گشتی و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە دەستپێکی سەرۆکایەتی ترەمپ، ھەروەھا باس لە بنەماکانی سیاسەتی دەرەوەی ترەمپ کرا و لە کۆتایی کۆڕەکەیشدا سیاسەتی دەرەوەی ترەمپ و پرسی کورد ھاتە باس کردن.
لە بارەی ئامانجی سیاسەتی دەرەوەی ترەمپ و پەیوەندییەکانی بە ھەرێمی کوردستان، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، ھێمن ھەورامی گوتی: "ئەوەی لای ترەمپ گرنگە بوونی بازرگانییە و ئەویش پێویستی بە سەقامگیری ھەیە و ئەوەش یەکێکە لە ئامانجە ستراتیژییەکانی ئەو لە سیاسەتی دەرەوەی خۆیان و ھەورەھا سەقامگیری کە مەرج نییە سەقامگیری تەواو بێت، دەبێت ئەکتەر و فاکتەرەکان و ھاوپەیمانەکانی سەقامگیری بزانین کێن و لە ھەمان کاتدا کێ ھاپەیمانی ئەمریکاییە، بەڵام بەشێک لە سەقامگیری لە سەر ئاستی جیھان و رۆژھەلاتی ناوەراست نییە و خۆشبەختانە ئێمە وەک کورد بەشێکین لە ئامراز و کارەکتەر و یاریکەرەکانی سەقامگیری لە ناوچەکە و لە ئاستی جیھانیشدا".
هەورامی گوتیشی: "پرسی شەڕی دژی داعش کە لە پێشینەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکایە لە ٢٠/ ١/ ٢٠١٧ تا ٢٠/ ١/ ٢٠١٨ بۆ ماوە ساڵێک و ئەگەر ئەوەش خالی سەرەکی بێت بۆیان، ھەرێمی کوردستان وەک ھاوپەیمانێکی ئەمریکا لە ئەولەویتی ژمارەیەکی مامەڵەکردنی ئەمریکایە لە رووی سیاسەتی دەرەوە".
هێمن هەورامی باسی لەوە کرد کە کورد لە چ شوێنکی ئامانجەکانی ئەمریکادایە و گوتی: "راگرتنی باڵانسی ھێز یەکێکە لە ئامانجە ستراتیژییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، سەرەرای ھەبوونی ھەموو کەموکورییەکان لە ھەرێمی کوردستان و کورد لە ئێستادا بکەری راگرتنی زۆرێک لە باڵانسی ھێزەکانە لە ناوچەکە وەک راگرتنی باڵانسی ھێز لە نێوان سوننە و شیعە و ھەورەھا باڵانسی ھێز لە نێو عێراق و باڵانسی ھێز لە نێوان تورکیا و ئێران و ھەوەھا راگرتنی ھێزی رادیکال و تێکدەر و ھێزی بونیاتنەر و سەقامگیر لە ناوچەکەدا، ئێمە بەشێکین لە بەھێزتر کردنی ھێزی سەقامگیری لە ناوچەکەدا، کەواتە ئەگەر ئەمریکا سەیری کورد بکات بەشێکە لە ھاوپەیمانەکانی ھێز لە ناوچەکە".
هەورامی باس لەوەشکرد کە ئەمریکا چون دەتوانێت لە رووی دەرفەتی ئابووری بوونی خۆی لە ناوچەکەدا زیاد بکات.
لە درێژەی باسەکەیدا هێمن هەورامی باسی لە کەسایەتییەکانی نێو ئیدارەی ترەمپ کرد کە تا پەیوەندییان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان باش بووە و ئەوانەی تاکو ئێستا وەزیرەکانی کابینەی ترەمپن پەیوەندییان پێشتریش لەگەڵ کورد باش بووە.
بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، ھێمن ھەورامی باسی لە ئاسایشی وزەی ھەرێمی کوردستانیش کرد و رایگەیاند کە ئەگەر ئاسایشی وزەی تورکیا و ئەورووپا لە ھەرێمی کوردستان دابین بکرێت ئەوەش بالانسی ھێز دەگوڕێت و نموونەی بە کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل هێنایەوە کە سەرۆکی ئێستای ئەو کۆمپانیایە لەلایەن ترەمپ کاندید کراوە بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا.