Ramal Mahmood
17 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 18 ئەیلوول 2016
پاڵێوراوی پارتی کۆماری بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ بەپێچەوانەی ئەوەی ساڵانێکە بانگەشەی بۆ دەکات، دانی نا بەوەی کە سەرۆکی ئەمریکا، باراک ئۆباما لە ئەمریکا لەدایک بووە.
ترەمپ لە هۆتێلێکی نوێی واشنتۆن، بانگەشەی هەڵبژراردنی کرد و لە قسەکانی دا ئاماژەی بەوە دا کە چەند جارێک شوێنی لەدایکبوونی ئۆبامای هێناوەتە بەرباس.
ترەمپ ئەوەی خستەڕوو کە ئەو بانگەشەیەی کاتێک دەست پێکرد کە رکابەرەکەی هیلاری کلینتۆن بەشداری کرد لە کێبرکێی پارتی دیموکرات بۆ خۆکاندیدکردن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ٢٠٠٨ و گوتی: "من کۆتاییم بەوە هێنا. سەرۆک باراک ئۆباما لە ئەمریکا لەدایک بووە و خاڵ سەری دێڕ. ئێستا دەمانەوێت سەرلەنوێ بۆ بەهێزکردنەوە و گەشەپێدانی ئەمریکا دەست بەکار بکەین".
ئۆباما کە لە هاوای لەدایکبووە، رایگەیاندبوو کە هیچ کاتێک لێدوانەکانی ترەمپی لەو بارەیەوە بە جددی وەرنەگرتووە. لە کاتی پێشوازیکردن لە شاندێک لە کۆشکی سپی لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسان لەو بارەیەوە، ئاماژەی بەوە دا بوو کە پێویستە ترەمپ سەرقاڵی کاری جددیتر بێت و گوتبووی: "لە کاتێکدا زنجیرەیەک کاروباری جددی هەن کە دەبێت ئەنجام بدرێن، هێنانە بەرباسی بابەتێکی لەو جۆرە ئێمەی تووشی سەرسووڕمان کرد. لە راستید زۆر تووشی شۆک نەبووم، چونکە دۆخێکی سەیرە. کاری دیکە زۆرن کە پێویستە ئەنجامیان بدەین. باش دەزانم کە لەکوێ لەدایکبووم. پێموایە زۆربەی خەڵکیش وەک من لەوە دڵنیان. هیوادارم ئەو کەسەی خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و هەڵبژاردنەکان دەپاڵێوێت، بە بابەتی جددیتر کێبڕکێمان لەگەڵ بکات".
بەپێی دەستووری ئەمریکا، ئەو کەسەی دەیەوێت ببێتە سەرۆکی ئەمریکا، دەبێت تەمەنی لەسەرووی ٣٥ ساڵ بێت و، ١٤ ساڵ لە ئەمریکا ژیابێت و هەر لە لەدایکبوونییەوە هاووڵاتی ئەمریکا بووبێت. سەرۆکی ئەمریکا باراک ئۆباما، بەپێی تۆماری لە دایکبوونی لە ویلایەتی هاوای لە دایکبووە.