Zana Natık Kerem
24 ئاب 2018•نوێکردنەوە: 25 ئاب 2018
واشنتۆن ــ AA
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی، مایک پۆمپیۆ کە بڕیاربوو ھەفتەی داھاتوو بۆ کۆریای باکوور ئەنجام بدایە، دواخست.
لە زەنجیرەیەک تویتدا، دۆناڵد ترەمپ، ئەو بڕیارەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە ھێشتا پێشڤەچوونی تەواو لە بارەی داماڵینی چەکی ئەتۆمی کۆریای باکوور بەدی نەھاتووە.
سەرۆکی ئەمریکا نووسیوویەتی: "بە ھۆی ھەڵوێستی بازرگانی ئێستامان بەرامبەر چین، لەو باوەڕەدام کە یارمەتیدەر نابێت لە پڕۆسەی داماڵینی چەکی ئەتۆمی".
ترەمپ ھەروەھا ئەوەشی نووسیووە: " وەزیری دەرەوە، مایک پۆمپیۆ لە داھاتوویەکی نزیکدا دەچێتە کۆریای باکوور، لەوانەیە ئەو سەردانە دوای یەکلایی کردنەوەی پەیوەندییە بازرگانییەکانمان لەگەڵ چین ئەنجام بدرێت".
سەرۆکی ئەمریکا خواستی خۆی بۆ ئەنجامدانی دیدارێکی دیکە لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باکوور، کیم جۆنگ ئون نیشانداوە و لەو بارەیەوە نووسیوویەتی: "دەمەوێت گەرمترین سڵاو رێزی خۆم ئاراستەی سەرۆک کیم بکەم و دەمەوێت بەم نزیکانە چاوم پێ بکەوێت".
دوێنێ پێنجشەممە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ راگەیاندبوو کە لە چوارچێوەی تەواوکردنی دانوستانەکان لە بارەی داماڵیمی چەکی ئەتۆمی کۆریای باکوور لە ھەفتەی داھاتوودا، سەردانی کۆریای باکوور دەکات.